هه‌واڵه‌كانی عێراق
Topic/Iraq/sectionlead

عێراق پلانی بنیاتنانەوەی موسڵی دوای-داعش دادەنێت

خالید تائیی

بلدۆزەرێك داروپەردوو لەسەر کێڵگەی نەوتی گەیارە لە باشوری موسڵ لادەبات. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ]

بلدۆزەرێك داروپەردوو لەسەر کێڵگەی نەوتی گەیارە لە باشوری موسڵ لادەبات. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ]

بەرپرسان بە دیارونایان وت بنیاتنانەوەی ئەو بەشانەی موسڵ کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە تێکشکێنراون یەکێك دەبێت لە گەورەترین تەحەداکانی بەردەم حکومەتی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عەبدولزەهرا هینداوی بە دیارونای وت لەگەڵ چوونە ناوەوەی هێزەکانی عێراق بۆ پارێزگای نەینەوا، پلانی بنیاتنانەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادکردنەوە داڕێژراوە.

وەك هەنگاوی یەکەم، پلانەکە تەرکیز دەخاتە سەر پتەوکردنی هەموو هەوڵە نەتەوەییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی لە شارەکەدا.

وتی: "بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، هەموو دەزگاکانی حکومەت، بە هاوکاریی لەگەڵ رێکخراوییە فریاگوزارییە جیهانییەکان، هەوڵدەدەن ئەو خەڵکەی هەڵاتبوون، نیشتەجێیان بکەنەوە لە ناوچەکانی خۆیاندا."

وتی خزمەتگوزاریی پێویستی وەك ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردەش دەخرێتەوەگەڕ.

وتی: "لە قۆناغی دواتری پلانەکەدا، حکومەت کاردەکات بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتییدا، وەك رێگاوبان، خوێندنگە و وزە، کە یاخود هەڵپەسێردراون یان تێکشکێنراون بە دەستی تیرۆرستەکان."

وتی "نزیکەی 4,500 پرۆژەی وەبەرهێنانمان هەبوو لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتەکەدا، لەنێویاندا نەینەوا،" بە ئاماژەکردن بەوەی هەندێکیان لە تەواوبوونەوە نزیکبوون کاتێك بە هێرشی داعش و داگیرکاریی دواتری وەستێنران.

هینداوی وتی: "بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم پرۆژانە، پێویستمان بە چارەسەری دوورمەودا و هەوڵی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیی ناوازە هەیە."

ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان بریتین له‌ پشتگیریی دارایی ئه‌و پرۆژانه‌ به‌ قه‌رز، خستنه‌ڕوویان بۆ وه‌به‌رهێنان یان دامه‌زراندنی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش له‌ بواری گشتی و تایبه‌تیدا.

ملیاران دۆلار بۆ زیانەکان

هینداوی وتی زیانی داعش و تێکشکاندنی ژێرخان و موڵکی گشتیی بە ملیاران دۆلار لەسەر عێراقییەکان دەکەوێت بۆ چاککردنەوە.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانان کە سەرەتای ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، لە حوزەیرانی 2014 وە، ئەم زیانانە گەیشتونەتە 38 ملیار دۆلار.

وتی ئامارەکە هەموو ئەو پارێزگایانەی گرتبۆوە کە کاریگەری تیرۆریان لەسەربوو، نەینەوای لێدەرچێت.

هینداوی وتی عێراق تا ئێستا 2 ملیار دۆلاری بەدەستگەیشتووە وەك هاوکاریی نێودەوڵەتی و لەدوای کۆنفرانسێکی کۆمەكبەخشان لە 20 تەمموز لە واشنتۆن، هیوای خواست کە کۆنفرانسی هاوشێوەی ئەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ببەسترێت.

راوێژکاری ئابوریی بۆ سەرۆك وەزیران موزهیر محەمەد ساڵح وتی عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتییە بۆ بنیاتنانەوەی موسڵ و ئەو شارانەی دیکە کە بەهۆی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بە دیارونای وت: "لانیکەم پێویستمان بە 20 ملیار دۆلارە بۆ بنیاتنانەوەی ئەوەی داعش روخاندویەتی، بەتایبەتی ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی راستەوخۆ کاریگەرییان بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە."

وتی: "بەهیواین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی ئەرێنی زیاتر بنێت بەرەو یارمەتیدانی عێراق بۆ بنیاتنانەوە، لەڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی، پسپۆڕیی هونەریی و خزمەتگوزاریی راوێژکارییەوە."

هیوای خواست بەوەی کە هەر کە داعش لە عێراقدا بنبڕکرا، ئەو وڵاتانەی شەڕی گروپەکە دەکەن بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی عێراق بە بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان.

ئابوریناس ماجید سواری وتی ئەرکی بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیشە، بە ئاماژەکردن بەوەی شەڕی دژی داعش شەڕێکی جیهانییە و تەنیا کاریگەریی بۆ سەر یەك وڵات نیە.

ئەو داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە یاسایەك دەربکات بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی تا "دڵنیایی بدرێتە وڵات و رێکخراوە بەخشەرەکان کە پاڵپشتییەکانیان بەشێوەیەکی دروست بەکاردەهێنرێن."

بە دیارونای وت: "دەبێت ژینگەیەکی یەکگرتووی ئابوریی و دارایی دابمەزرێنین بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی تەرخانکردنی پاڵپشتییەکان بۆ پرۆژەکانی بنیاتنانەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500