هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

کەم ئاویی هەڕەشە لە دانیشتوانی موسڵ دەکات

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

خەڵکی موسڵ هەوڵدەدەن ئاویان دەستبکەوێت لە گەڕەکێکی خۆرهەڵاتی نەینەوا لە 2 کانونی یەکەمدا. [تۆماس کۆیکس/ئاژانسی فرانس پرێس]

خەڵکی موسڵ هەوڵدەدەن ئاویان دەستبکەوێت لە گەڕەکێکی خۆرهەڵاتی نەینەوا لە 2 کانونی یەکەمدا. [تۆماس کۆیکس/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئوم ئەحمەد نۆ مەنجەڵی گەورە و بانوێیەکی کۆنی گەرماوی لەسەربان و لەناو باخەکەیدا دانا بۆ کۆکردنەوەی باراناو لەکاتی بارانی زۆردا وەك ئەوەی هەفتەی پێشوو لە موسڵ باری.

لەهەمانکاتدا، کچەکەی، حەنا، 17 ساڵ، سەری مەنجەڵە گەورەکانی بە قوماش گرتوە بۆ پاککردنەوەی باراناو بۆ خواردنەوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان 30 تشرینی دووەم رایگەیاند بەلایەنیکەمەوە نیو ملیۆن لەو کەسانەی لەناو شەڕدان لەناو پارێزگای نەینەوا ئێستا بەهیچ جۆرێك دەستیان بە ئاوی خواردنەوە راناگات.

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەئەنقەست ئاوی بڕیوە لە چەندین گەڕەکی ناو شارەکە، وەك دایکێکی 45-ساڵان وتی: "بەڵام خوا [ئاوی] لێ نەبڕین و بەشی پێویست ئاومان هەیە بۆ چەند رۆژێك."

بە دیارونای وت: "بەهیواین دووبارە [باران] ببارێتەوە."

بەرپرسان و خەڵکی وتیان داعش کارەبای بڕیوە لەو وێستگە ئاوییانەی ئاو دەدەن بە چەندین گەڕەکی خۆرهەڵاتی موسڵ، کە هێزەکانی عێراق پێشڕەویی لێدەکەن.

خەڵکی موسڵ پشت بە دوو وێستگەی ئاوی سەرەکیی دەبەستن، یەکێكن لە ناوچەی دارستانییە لە باشوری موسڵ و ئەویدیکە لای چەپی روبارە نزیك بە کەنیسەی ئەلهاوی.

داعش هێشتا هەردوو وێستگەکەی لەژێردەستدایە و بەمەبست ئاو دەبرێت لە خەڵکی شارەکە، لەکاتێکدا ئەندامانی خۆی چێژ لە ئاوی پاڵاوتەکراو دەبینن.

ئاوی خواردنەوەی ناپاکژ

بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاشتی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرمەد جاسم وتی: "نزیکەی نیو ملیۆن عێراقی لە موسڵ دەناڵێنن لەدەست کەمیی ئاو و پەنادەبەنە بەر دەرهێنانی ئاو لەڕێی بیرەوە"

بە دیارونای وت خواردنەوەی ئاوی ناپاکژ کە لە بیرەکان دەردەهێنرێن "دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی سەرەکیی بۆ خەڵکی، بەتایبەت منداڵان".

وتی شایەتحاڵ لەناو شارەکە بە رێکخراوەکەیان وتوە کە "داعش ئاوی پاکی قۆرغکردووە بۆ بەکارهێنان لەلایەن ئەندامانی خۆیەوە".

وتی تەنانەت گەر خەڵکی بتوانن بگەنە روباری دیجلە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاو، "بێ هودە دەبێت" چونکە روبارەکە ژەهراوی بووە بە نەوت کە رژاوەتە روبارەکەوە دوای ئەوەی داعش بۆرییە نەوتییەکانی بۆمباران کرد لە کێڵگە نەوتییەکانی نەجمە و گەیارە.

دانیشتووی شارەکە عەمار ئەحمەد وتی گەڕەکەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ چەندین رۆژە ئاویان کەم بەدەستدەگات، وتیشی خەڵکەکە ناچارکراون ئاوی پیس بەکاربهێنن چونکە "هیچ سوتەمەنییەکمان نیە تا ئاوەکە بکوڵێنین یان پاڵاوتەی بکەین".

بە دیارونای وت هێرشە خۆکوژییەکانی داعش لە باکوری موسڵ بۆریی سەرەکیی ئاوی بۆ ناو شارەکە تێکشکاندووە کە ئاو دەبات بۆ وێستگەی ئاویی یەکەمی شارەکە، وتیشی ئەندامانی داعش محەویلەی کارەبایی وێستگەی دووەمیان دزیوە.

دانیشتووی موسڵ سەعد موخلیس حەمدانی وتی: "دەستمانکردووە بە هەڵکەندنی کونی شەش-مەتری لە باخەکەماندا بۆ راکێشانی ئاو، بەڵام بۆنی ئاوەڕۆی لێدێت."

بە دیارونای وت، "هیچ بژاردەیەکمان نیە بەکارهێنانی ئەو [ئاوە] نەبێت" وتیشی کە بە قوماش پاڵفتەی دەکەن بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت بۆ شۆردن و خۆشۆردن.

وتی ئەوان بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان باراناو بەکاردەهێنن.

"هەندێك کات، کە دەیبیستین بیرێك هەیە ئاوی پاکی هەیە، دەڕۆین بۆی بۆ دەستکەوتنی ئاو لێیەوە،" وتی: "بەڵام، چەند رۆژێك لەمەوپێش، ئەندامانی داعش پەیدابوون کاتێك ژمارەیەك لە ئێمە ئاومان لە یەکێك لەو بیرانە دەردەهێنا و دوریان خستینەوە. دواتر زانیمان کە بە کۆنکرێت بیرەکەیان داخستوە."

تاوان دژی مرۆڤایەتی

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین ئەبار وتی دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق چەند گەڕەکێکیان لە نیوەی خۆرهەڵاتی شارەکە رزگارکرد، "داعش ئاوی لەو ناوچانە بڕی و فەرمانی دا بۆمباران بکرێن".

وتیشی دواتر ئاوی لەهەموو گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە بڕی.

بە دیارونای وت زیان گەیاندن بە ئاو لەلایەن داعشەوە "تاوانی جەنگە دژی مرۆڤایەتی و بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی دەتوانێت هەموو ئامرازێك بەکاربهێنێت بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا فەریق نەجمەدین کەریم جەبوری بە دیارونای وت: "کەمی ئاو لەنێو موسڵدا کاری داعشە."

وتی: "داعش رێگە بەکەس نادات بچێتە سەر دیجلە، کە شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە، گوایە دانیشتوانی بەشی چەپ نابێت بچنە بەشی راست، یان بەپێچەوانەوە، تەنانەت گەر دانیشتوانەکە بە گروپەکە بڵێن تەنیا دەچن ئاو بهێنن."

وتی گروپەکە دەمێکە ئەم تاکتیکە تاوانکارییانە بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر هێزەکانی عێراق تا پێشڕەوییان بەرەو موسڵ بوەستێنن.

"داوا لە خەڵك دەکەین ئارام بن، پێشیان دەڵێین شەڕەکە خەریکە تەواو دەبێت،" جەبوری وتی: "براکانیان لە گەڕەکەکانی خۆرهەڵات ئێستا بە سەلامەتی ژیان بەسەر دەکەن دوای رزگارکردنی ناوچەکانیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500