هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ناوی نوێی بەرەی نوسرە دەخریتە تۆماری نوێی گروپە تیرۆرستیەکانەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

مەلایەك لە مەیدانێکی گشتیی حەمای سوریادا وتار پێشکەشدەکات، لە هەوڵێکدا بۆ راکێشانی چەکدار بۆ ریزی گروپە توندڕەوەکان. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

مەلایەك لە مەیدانێکی گشتیی حەمای سوریادا وتار پێشکەشدەکات، لە هەوڵێکدا بۆ راکێشانی چەکدار بۆ ریزی گروپە توندڕەوەکان. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

مانگی پێشوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تۆماری گروپی تیرۆرستیی بەرەی نوسرەوەی نوێکردەوە بۆ زیادکردنی ناوە نوێیەکەی کە گروپەکە بەکاریدەهێنێت، واتا بەرەی فەتحی شام.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکی 10 تشرینی دووەمدا رایگەیاند ئەم کارە "خەڵکی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداردەکاتەوە کە بەرەی نوسرە چالاکانە لە کردەی تیرۆرستیدا بەشدارە لەژێر ناوی بەرەی فەتحی شامدا".

"تۆمارکردنی تاك و گروپە تیرۆرستەکان ئەو تاك و رێکخراوانە بەدەردەخات و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بێبەریکردنیان لە بەکارهێنانی سیستمی دارایی ئەمریکا،" راشیگەیاند: "سەرەڕای ئەوەش، تۆمارکردنە دەکرێت یاریدەدەر یان تەواوکاریی کارەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن ئاژانسەکانی دیکەی ئەمریکا و حکومەتەکانی دیکە بێت."

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چوار سەرکردەی قاعیدەی بۆ لیستی سزادان زیادکرد: جەمال حسێن زەینیەی سوری، عەبدوڵا محەمەد بن سلێمان مهێسینی سعودی، ئەشرەف ئەحمەد فاری عەلاقی ئەردەنی و عەبدول جەشاری خەڵکی مەکەدۆنیا

سەروەتە داراییەکانی مەلای سعودیی عەبدوڵا محەمەد بن سلێمان مهێسینی دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی بوونی پەیوەندی بە بەرەی نوسرەوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

سەروەتە داراییەکانی مەلای سعودیی عەبدوڵا محەمەد بن سلێمان مهێسینی دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی بوونی پەیوەندی بە بەرەی نوسرەوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

شیکاروانی ستراتیژیی لیوا یەحیا محەمەد عەلی، ئەفسەری سەربازیی خانەنشینی میسریی وتی: تۆماکردنە نوێیەکە "چاوەڕوانکراوبوو، سەرەڕای هەوڵەکەی بەرەی نوسرە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە بە گۆڕینی ناوی بۆ بەرەی فەتحی شام و راگەیاندنی جیابونەوەی لە قاعیدە".

بە مەشاریقی وت، "وەك مارێك وایە کاژەکەی فڕێبدات، چونکە مەترسیەکەی هەر دەمێنێتەوە،" بە ئاماژەکردن بەوەی ئەو بنەما ئایدۆلۆژییەی لەسەری بنیاتنراوە، سەلەفیەتی جیهادیی، هەروەك خۆی دەمێنێتەوە سەرەڕای هەوڵی ناوگۆڕینی گروپەکە.

عەلی وتی: "[گۆڕینی ناوەکە] تەنیا هەوڵێك بوو بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا و جیهان و لە جەنگی دژی تیرۆریش کە ئێستا لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێت."

وتیشی تۆمارکردنە نوێیەکە رەنگدانەوەی ویستی جێگیریی دونیایە بۆ سڕینەوەی گروپە تیرۆرستییەکان، بێ رەچاوکردنی ئەو ناوەی کە کاری لەژێردا دەکەن.

عەلی وتی ئەمەش هەمان دۆخە، بەتایبەت بە بینینی ئەو تاوانانەی لە سوریا و عێراق ئەنجامیدەدەن و بڵاوبونەوەی مەترسیان بۆ هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان.

وتیشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی "بنەمای یاسایی دەخوازێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە بە تیرۆرست ناوزەدکراوەکان، بۆیە بوونی بڕیارێکی وا حەتمییە، ئەمەش دەرکرا دوای ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی بەرفراوان کە روماڵی چالاکیەکانی گروپەکەی کرد لەسەر ئەرزی واقیع، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی".

وتی ئەمەش لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی دارایی گروپەکە و راکێشانی چەکدارانی لەنێو سوریا و دەرەوەی لە خۆگرت.

کارەکانی بەرەی نوسرە نەگۆڕاوە

رۆژنامەنوسی سوریی محەمەد عەبدوڵا وتی پێش گۆڕینی ناوی بۆ بەرەی فەتحی شام، بەرەی نوسرە هەوڵیدا ئەو وێنایە ببەخشێت کە خۆی نەگلاندوە لە ئایدۆلۆژیای تەکفیری کە لەلایەن گروپەکانی دیکەی وەك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە لەخۆگیراوە.

بە دیارونای وت ئەمە لە "حەزی [گروپەکەوە] بوو بۆ بردنەوەی رای گشتی و دەستەبەرکردنی مانەوەی لەسەر نەخشەی سیاسیی داهاتووی سوریا".

وتیشی بەرەی نوسرە هەوڵیدا خۆی بۆ جیهانی دەرەوە وا دەربخات کە گروپێکی میانڕەوە، بەڵام سروشتی سەرەکیی و پرەنسیپەکانی کە لەسەری دامەزراوە تەواو جیاوازن لەوەی بانگەشەی بۆدەکات.

وتی بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەمە لە کارەکانی بەرەی نوسرەدایە، جا لەژێر هەر ناوێکدا کاربکات، دژی مەدەنیەکان لەو ناوچانەی لەژێردەستیدایە، چونکە ئەو سنورانەی دیاریکردوون هیچ جیاوازنین لەوانەی داعش سەپاندوونی.

عەبدوڵا وتی ئەمانەش "سەرکوتکردنی ئازادیی و رێگریی لە دامەزراندنی هەر گروپێکی چەکدار کە دژی بۆچونەکانی بێت،" لەخۆدەگرێت.

وتی هەڵکوتانەسەر خەڵکی مەدەنی لەژێر پاساوی جێبەجێکردنی شەریعەت و سەپاندنی بەربەست بەسەر رۆژنامەنوسانیش لەخۆدەگرێت، بەجۆرێك کە تاکە رۆژنامەنوسێك یان چالاکوانێکی میدیا لەو ناوچەیە نەماوە کە لەژێردەستی بەرەی نوسرەدایە.

دەستبەسەراگرتنی سەروەتی دارایی سەرکردەکانی بەرەی نوسرە

ئەندامی دامەزرێنەری جیهادی ئیسلامی لە میسر، شێخ نەبیل نەعیم کە دواتر بەئاشکرا وازی لە ئایدۆلۆژیای توندڕەویی هێنا وتی: "بەشی گرنگی بڕیارەکە دەستبەسەراگرتنی سەروەتی دارایی چەند سەرکردەیەکی دیاریکراوی بەرەی نوسرەیە، لەنێویاندا مەلای سعودی عەبدوڵا محەمەد بن سلێمان مهێسینی."

نەعیم بە دیارونای وت مهێسینی پێگەی خۆی وەك مەلا قۆستۆتەوە بۆ بانگەشەکردن بۆ جیهاد لە سوریا، سەرەڕای نکۆڵیکردنی بەردەوامی لە پەیوەندیکردن بە بەرەی نوسرەوە.

وتی: "بەڵام، پەیوەندی ئەو بە سەرکردەکانی بەرەی نوسرەوە، لەگەڵ سەرکردەکانی قاعیدە بەگشتی، تەواو ئاشکرایە."

وتیشی سێ کەسەکەی دیکە کە لە [لیستی تیرۆر] تۆمارکراون لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە سەرکردەی دیاری بەرەی نوسرەن کە توانایەکی بەرچاویان هەیە لە دەستخستنی پاڵپشتی دارایی لە جیهاندا.

وتی دەستبەسەراگرتنی سەروەتی دارایی ئەم چوار کەسە و زیادکردنیان بۆ لیستی سزاکان دەبێتە هۆی "بەرگرتن بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەی نوسرە بۆ دەستەبەرکردنی دارایی".

وتی گروپەکە پێویستیەکی زۆری بە پاڵپشتی دارایی هەیە بەهۆی ئەو هەڵکوتانەسەر و رێگرییانەی بەسەریدا سەپێنراوە، کە توانای ئەوی لاوازکردوە بۆ کڕینی چەك، کردەی دارایی، راکێشانی چەکدار و هێنانیان بۆ ناو سوریا.

نەعیم وتی سەپاندنی سزاکان جێی بایەخە لەوەدا کە چوار سەرکردە تۆمارکراوەکەی بەرەی نوسرە خاوەنی رەگەزنامەی جیاوازن.

وتی ئەمە پشتڕاستیدەکاتەوە "کە بەرەی نوسرە بە گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەقەڵەمنەدراوە، بەڵکو بە گروپێکی تیرۆرستی جیهانیی کە ئەندامەکانی رەگەزنامەی جیاوازییان هەیە".

وتیشی لەمەیاندا گروپەکە هاوشێوەی "هەر گروپێکی تیرۆرستی دیکەیە، بەتایبەت قاعیدە، کە لە ریزەکانیدا چەکداری لە هەموو جیهاندا هەیە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500