هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزە رزگارکەرەکان لە رەققەی ژێردەستی داعش پێشڕەوی دەکەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شوێنی خۆیان دەگرن لە قۆناغی یەکەمی هێرشی رزگارکردنی رەققە، کە لە 14 تشرینی دووەمدا کە سەرکەوتوانە کۆتایی هات. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شوێنی خۆیان دەگرن لە قۆناغی یەکەمی هێرشی رزگارکردنی رەققە، کە لە 14 تشرینی دووەمدا کە سەرکەوتوانە کۆتایی هات. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شاری رەققەی سوریا بەرەوپێش دەچن دوای ئەو سەرکەوتنانەی لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی رزگارکردنی ناوچەکە بەدەستیانهێنا لەدژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند یەکشەممە (27 تشرینی دووەم) هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی ئەندامانی داعشیان دەکرد لە 25 کیلۆمەتر لە باکوری شارەکە.

یەکەم قۆناغی هەڵمەتی توڕەیی فورات لە 5 تشرینی دووەمدا دەستیپێکرد، تیایدا چەندین گوند و کێڵگەی دەوروبەری رەققە لەدەستی داعش رزگارکرا .

ئەو ئامێرە سەربازیی و ئۆتۆمبیلانەی لەلایەن داعشەوە بەکارهێنرابون لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە تێکشکێندران، کە هاوپەیمانێتیەکی عەرەبی-کوردیە و چەکداری عەرەب، کورد، سریانی و تورکمانی لەخۆدەگرێت، 167 چەکداری داعشیش لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژران.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات عەمید تەلال سەلۆ لە 14 تشرینی دووەم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرکەوتنەکەی راگەیاند وتی یەکەمین قۆناغ ئامانجی بوو رەققە داببڕێت وەك ئامادەکارییەك بۆ رزگارکردنەوەی شارەکە.

وتی: "رزگارکردنی شاری رەققە و ناوچەکانی دەوروبەری ئەرکێکی ئاسان نییە بەزوویی جێبەجێبکرێت."

پلانێکی سێ-قۆناغی

فەرماندەی فەسیل غەسان ئیبراهیم وتی شارەکە قەڵایەکی گرنگی داعشە و پایتەختی بەناو خەلافەتەکەیەتی، گروپەکەش ژمارەیەکی ژمارەیەکی زۆری چەکدارە سوری و بیانیەکانی گروپەکە لەوێ جێگیرکراون.

بە دیارونای وت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە، پلانێکی سێ-قۆناغی گەشەپێدرا "بۆ دابڕینی ناوچەکە بەشێوەیەکی پلەبەندی دواتر گەمارۆخستنەسەری پێش ئەوەی بچینە ناوی و لە ئەندامانی داعش پاکیبکەینەوە".

رونیکردەوە قۆناغی یەکەم "ئامانجی دروستکردنی پشتێنەیەك بوو بۆ گەمارۆدانی ناوچەکە کە لەژێردەستی داعشدان،" بەجۆرێك هێزەکانی سوریای دیموکرات دزە دەکەنە ناوچەکە و 46 کیلۆمەتر بەشێوەیەکی ئاسۆیی بەناوچەکەدا بڵاودەبنەوە.

وتی لەنێو ناوچە رزگارکراوەکاندا 65 گوند و کێڵگە هەن کە گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە بەهۆی بوونی حەوت گردەوە کە دەکرێت وەك پێگەی سەربازیی بەکاربهێنرێن، سەرەڕای وێستگەیەکی کارەبا و وێستگەیەکی ئاو.

ئیبراهیم وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لاشەی 167 چەکداری داعشیان ژماردوە لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لەوانەش 34یان گەڕێندرانەوە بۆ ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی رەگەزنامەکانیان.

وتیشی چوار چەکداری داعش دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئیبراهیم وتی پێشڕەویی لە شەڕەکەدا "زۆر سەختە، بەهۆی ئەو راستیەی کە کێڵگە و گوندەکان لەیەکەوە دوورن و ناوچەکەش بیابانە، کە کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوەبکات لە چەند مەتری دواتردا توشی چی دەبێت".

وتی: "پێشڕەویی توشی چەندین مەترسی هاتوە بەهۆی بوونی چەندین بۆمب و مینەوە کە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە چێنراون، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو کە یەك لەدوای یەك لەلایەن گروپەکەوە دەنێردرێن و پێش ئەوەی بگەنە هێزەکانمان دەتەقێنرانەوە."

وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات 12 ئۆتۆمبیلی داعشیان تەقاندەوە، سەرەڕای تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیلی سەربازی و تۆپ ە لۆری و ماتۆڕ.

مەدەنیە ئاوارەکان

خانمە وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات جیهان شێخ ئەحمەد بە دیارونای وت نزیکەی 8,000 خەڵکی شوێنەکە لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون لە قۆناغی یەکەمی کەمپینەکەدا.

وتی: "ئەوان خەڵکی گوند و کێڵگانەن کە لەدەست داعش رزگارکراون."

وتی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی ناوچەکە بەردەوامە لەو بۆمب و مینی چێنراوانەی کە داعش جێیهێشتون پێش ئەوەی ئەو ناوچانە جێبهێڵێت، هەر کە کارەکانیش تەواوکران، خەڵکی دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان.

وتی کێشەی مەدەنی و خەڵکی ئاوارەبوو "گرنگیەکی زۆری هەیە" بۆ ئەوانەی کەمپینەکە بەڕێوەدەبەن، "بەتایبەت لەبارەی دابینکردنی دەرچەی سەلامەتی لە ناوچەکانیان و دەستەبەرکردنی شمەکی پێویست بۆ ژیان پێش ئەوەی بگەڕێنەوە".

وتی ئامانجەکانی قۆناغی یەکەمی کەمپینەکە بەدەستهاتون، بە جەختکردنەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەردەوامن، "کارەکان بەردەوامن بۆ توندکردنی پشتێنەکە لە دەوری ناوچە کەنارییەکانی رەققە".

زانیاری هەڵەی داعش

چەکداری کەمپین واحید خەڵەف کە دڵخۆشە بە رزگارکردنی گوندی خەڵەف بەگ لە دەوری رەققە وتی شەڕەکانی قۆناغی یەکەمی کەمپینەکە "زانیاری هەڵەی بڵاوکراوەی داعشیان" دەرخست.

بە دیارونای وت داعش بانگەشەی ئەوەی دەکرد هێزێکی گەورەی شەڕی هەیە، "کە دەرکەوت بانگەشەیەکی هەڵەیە، چونکە ناوچە رزگارکراوەکە بچوك نیە بەڵام لە چەند رۆژێکی کەمدا کەوتە ژێر پێشڕەوی خێرای هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە".

"زۆربەی ئەندامانی داعش لە سەرەتای کەمپینەکەدا هەڵاتن،" وتی: "ئەوەی جێماوە چەند چەکدارێکی کەمن، کە ژمارەیان لەگەڵ گەورەیی قەبارەی ناوچەکەدا پێکنایەتەوە."

وتی ئەو کەسانەی کە توانیان بگەنە ناوچە ئارامەکان بە هێزە رزگارکەرەکانیان وت کە چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنن، "بەڵام دیاربو نەیانتوانی کۆنترۆڵیان بکەن، ئەمەش بووە هۆی هەڵهاتنی بەکۆمەڵی مەدەنیەکان".

وتی ورەی بەهێز و رۆحیەتی شەڕکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات فاکتەرێکی ئێجگار گرنگ بوون لە سەرکەوتنی خێرای ئۆپەراسیۆنەکەدا.

وتیشی ئەمە لەبەرئەوەی زۆربەی چەکدارانی کەمپینەکە "خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن و ئەمەش زیاتر هانیان دەدات خەڵکی ناوچەکە لەو ترس و تۆقین و تیرۆرەی داعش رزگاربکەن کە لەژێردەستی فەرمانڕەوایی گروپەکە بینیویانە".

خەڵەف وتی: "ئەندامانی گروپەکە ترسابوون و چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کەمپینەکە دەستپێبکات، ئەمەش ژمارەی کەمی قوربانیانی هێزەکانی سوریای دیموکرات روندەکاتەوە، چونکە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەدا تەنیا یەك چەکداری [هێزەکانی سوریای دیموکرات] شەهیدبوو و چواری دیکەش بەسوکی برینداربوون."

وتی مەدەنیەکان نەبوونە قوربانی، چونکە ئەوان نزیك بە پێگەی پێکدادانەکان نەبوون، جیا لە دوو ناوچە کە بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تا مەدەنیەکان هیچ زیانیان پێنەگات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500