هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چەکدارانی داعش لە موسڵ پەنا بۆ تاکتیکی نائومێدانە دەبەن

عەلا حسێن لە بەغدا

هێزەکانی ئاسایشی عێراق تانکی تەختەیان دۆزیوەتەوە لە موسڵ کە لە لایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ەوە بەکارهێنراوە لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق و هاوپەیمانان. [خاوەنی وێنە، وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی ئاسایشی عێراق تانکی تەختەیان دۆزیوەتەوە لە موسڵ کە لە لایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ەوە بەکارهێنراوە لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق و هاوپەیمانان. [خاوەنی وێنە، وەزارەتی بەرگری عێراق]

لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی بەسەر شاری موسڵی پارێزگای نەینەوادا، دواهەمین بنکەی لە عێراق، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) چەند ستراتیژێکی دڕندانەی نوێی خستۆتەگەڕ، بەرپرسانی ئەمنی بە دیارونا دەڵێن.

لە هەفتەکانی دوای 17 تشرینی یەکەمەوە، کاتێك شەڕی رزگارکردنی موسڵ بە فەرمی دەستیپێکرد، هێزەکانی عێراق توشی سەدان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ئەو دوژمنانە بونەتەوە کە لەژێر زەوی و لە تۆڕێکی فراوانی تونێلدا هاتوچۆ دەکەن.

نیشانگرەکانی داعشیش چالاکن، خۆیان لە نێو خەڵکی مەدەنیدا دەشارنەوە کە بۆتە هۆی حەزەرکردن لەلایەن ئەو هێزانەی پێشڕەویی دەکەن.

وتەبێژی ئاژانسی دژە-تیرۆر سەباح نوعمان بە دیارونای وت بەدرێژایی دوو ساڵ، ئەندامانی داعش خۆیان بۆ شەڕی حەتمی دەرکردنیان لە شارەکە ئامادەکردوە بە دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی تونێلی ژێرزەمینی.

وتی گروپەکە "ئامێری گەورەی بۆ هەڵدڕین بەکارهێناوە، وەك درێلی میکانیکی و بلدۆزەر، کە لە ژمارە و قوڵایی تونێلەکاندا رەنگیداوەتەوە".

وتیشی پێدەچێت زیندانیەکانی داعش ناچارکرابن یارمەتیان بدەن لەو کارە سەختەدا.

وتی هێزەکانی ئاژانسی دژە-تیرۆر پێشتر توشی ئەم بەربەستە بونەوە لەکاتی شەڕی فەلوجەدا، کارامەتریش بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

"ئێمە لە ناوچە رزگارکراوەکانی بەرتەلە و گۆگجەلی توشی تونێل بوین."وتی: "تونێلەکانی ئەوێ یارمەتی ئەندامانی گروپەکەیان دا هەڵبێن و یارمەتی نەدان لە شەڕ و روبەڕوبونەوەدا."

وتیشی گەر هێزە ئەمنیەکان بچنە نێو گەڕەکەکانەوە، تاکتیکی تونێل لێدان کاریگەری کەمتر دەبێت، چونکە هەڵکەندنی کون لەژێر ماڵ و گەڕەکدا قورسترە لە ناوچە بەرەڵاکاندا.

قەڵغانی مرۆیی

نوعمان وتی گەورەترین بەربەست بۆ هێزە رزگارکەرەکان کە پێشڕەویی لە خۆرهەڵاتی موسڵ دەکەن بەکارهێنانی مەدەنیەکانە وەك قەڵغانی مرۆیی.

وتی: "ئەوان [داعش] لەو ماڵانەوە کە خەڵکی تێدا دەژین هاوەن دەهاوێژن و نیشانگرەکانیان دەچنە سەر سەربانەکان بێ ئەوەی حساب بۆ ژیانی خەڵکی مەدەنی بکەن، کە شتێکە رێ لە هێزەکانی سوپا دەگرێت لە وەڵامدانەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشانەدا."

سەرکردەیەکی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە باشوری موسڵ، نەزهان لەهیبی، وتی بەکارهێنانی مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی لەلایەن داعشەوە تەنیا بەو ماڵ و شوێنانەوە ناوەستێت کە لێیەوە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی عێراق.

بە دیارونای وت چەکدارانی گروپەکە "بە سەدان خێزان لەگەڵ خۆیان دەبەن هەر کاتێك بیانەوێت خۆیان بپارێزن".

وتی داعش هەوڵدەدات ژمارەیەکی گەورەی مەدەنیی لە گەڕەکێکدا کۆبکاتەوە کە چەکدارانی تێیدا جێگیرن بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی هێزەکانی عێراق و رێگرتن لە تەقەی چەکە عێراقیەکان.

وتیشی بەم هەنگاوە [داعش] نیشانی دەدات هیچ حسابێك بۆ سەلامەتی خەڵکی موسڵ ناکات، لەنێویاندا ژن و منداڵ کە لەنێوانیاندان.

تانکی تەختە

لەکاتێکدا داعش هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژ کوشتار بەدەستی هێزە زەمینیەکان هێواشبکاتەوە، هەوڵیداوە سود لە تاکتیکی فریودان ببینێت بۆ تێکشکاندنی هێرشە ئاسمانیەکانی عێراق و هاوپەیمانان.

ئەمەش بەکارهێنانی تانکی تەختە وەك کۆپیەکی ساختە و دوکەڵی ئەو بیرە نەوتانەی ئاگریان تێبەرداون لەخۆدەگرێت بۆ شاردنەوەی خۆیان و جوڵەی چەکدارەکانیان.

بەرپرسی میدیای لیوای 16ی سوپا موقەدەم عەباس ئەحمەد وتی دوای رزگارکردنی ئەلبوعوێزە، هێزەکانی عێراق کۆگایەکی گەورەیان دۆزیەوە کە ژمارەیەك تانکی تەختەی تێدابووە کە دروستکراون تا لە تانکی [راستەقینە] و زرێپۆش بچن.

بە دیارونای وت داعش پلانی وابو ئەو تانکە ساختانە بەکاربهێنێت بۆ پێکانیان لەلایەن هێزە ئاسمانیەکانەوە کە پاڵپشتی پێشڕەویی هێزە زەمینیەکان دەکەن، تا دووربن لە زرێپۆشە راستەقینەکانیانەوە.

وێنەکانی وەزارەتی بەرگری ئەم "زرێپۆشانە" وەك زرێپۆشی تەختەی بۆیەکراو نیشاندەدەن تا لە راستەقینە بچن، ویلی تەختەیان هەیە، دانەیەکی دیکە وا دروستکراوە کە لە تانك بچێت کە هێشتا بۆیەنەکراوە.

ئەحمەد وتی: "پێش ئەوە، گروپەکە بە دەیان بیری نەوتی گڕتێبەردا لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری موسڵ، بەتایبەت لە شارەکانی گەیارە و شورە، باشور و باشوری خۆرهەڵاتی شارەکە، تا چینێکی دوکەڵ دروستبکەن."

وتی ئەمە بەنیازی ئەوە کراوە رێ لە هێزی ئاسمانی بگرێت چەکدارانی داعش ببینن.

وتیشی سەرکردە سەربازیەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە ئەم تاکتیکە تەواو بێسودە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500