له‌كاتێكدا پێشڕه‌وییان ده‌كرد بۆ رزگاركردنی گوند و شارۆچكه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هێزه‌كانی عێراق شتێكی نیگه‌رانكه‌ریان دۆزیه‌وه له‌و قوتابخانانه‌دا كه "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی بهكاریدههێنان.
له‌ناو داروپه‌ردووی ئه‌م بینایانه‌دا، ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منیه‌كان ئه‌و پهرتوكانهیان دۆزیه‌وه كه گروپه‌كه بهكاریدههێنان بۆ ئاراسته‌كردنی منداڵان بۆ توندڕه‌وی له‌ڕێگه‌ی زانیاری و وێنه‌ی توندوتیژه‌وه ، به‌رپرسانی عێراقی به دیارونایان وت.
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان به‌مدواییانه وێنه‌ی په‌رتوكه‌كانی داعشی بڵاوكرده‌وه كه هێزه‌كانی عێراق دۆزیبوویانه‌وه له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵدا كه له 17 تشرینی یه‌كه‌مدا دەستیپێکرد.
فه‌رمانده‌ییه‌كه وتی وتاریان تێدابوو ده‌رباره‌ی بیركاری، شه‌ریعه‌تی سیاسی، زمانی عه‌ره‌بی و راهێنانی جه‌سته‌یی كه بریتیبوون له نوسین و به‌رنامه‌ی خوێندن به‌مه‌به‌ستی چاندنی تۆوی تێرۆریزم له مێشكی لاوان‌دا.
فیشه‌كێك زائید فیشه‌كێك یه‌كسانه به دوو فیشه‌ك؛ كاتێكیش "شه‌هید"ێك خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه له‌نێو 10 "كافر"دا و حه‌وتیان ده‌كوژێت، سیانیان ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه نمونه‌یه‌كی "وانه‌كانی" نێو په‌رتوكه‌كانی داعشه.
كێشه‌یه‌كی بیركاریانه بریتیه له: "محه‌مه‌د رۆژی هه‌ینی سێ تفه‌نگی كڕی و یه‌كشه‌ممه‌ش چوار تفه‌نگ. محه‌مه‌د به‌هه‌مووی چه‌ند تفه‌نگی كڕی؟"
یه‌كێكی تر بریتی‌بوو له: "یه‌حیا تفه‌نگێكی كڕی به سه‌دوبیست هه‌زار ریاڵ و مالیكیش بایی بیست و شه‌ش هه‌زار و حه‌وتسه‌د ریاڵ فیشه‌كی كڕی، له‌كاتێكدا باوكی عه‌مار پشتێنێكی فیشه‌كی بۆ كڕی به هه‌ش هه‌زار و حه‌وسه‌د ریاڵ. به ژماره بینووسه هه‌ریه‌كه‌یان بایی چه‌ندی كڕی."
مولازم ئه‌وه‌ل مه‌روان مسته‌فا له راگه‌یاندنی پۆلیسی فیدراڵی به دیارونای وت پۆلیس سه‌دان ده‌ق و به‌رنامه‌ی خوێندنی له‌م جۆره‌ی هاتۆته‌ڕێ كه دڕنده‌یی گروپه‌كه و شێوازه توندڕه‌وه‌كه‌یان ده‌رده‌خات.
وتی: "داعش قوتابخانه‌كانی گۆڕیوه به كارگه‌ی بۆمبدروستكردن و بنكه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی."
وتیشی له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه رزگاركراون، پۆلیس گه‌شتی مه‌یدانیی بۆ رۆژنامه‌وانان رێكخستووه له ناوچه‌ی حه‌مام عه‌لیل تا راسته‌وخۆ ئه‌و وێرانكاریه ببینن كه گروپه‌كه له بواری خوێندندا كردوێتی.
منداڵان فێری كوشتن ده‌كرێن
فه‌رمانده‌ی حه‌شدی خێڵه‌كی له باشوری موسڵ، شێخ نه‌زهان له‌هیبی، وتی له‌پاڵ پڕكردنی مێشكی منداڵاندا به ژمێریایی نه‌شیاو، داعش ناچاریشی كردوون سه‌یری كوشتارهكانیان بكه‌ن له مه‌یدانه گشتیه‌كاندا.
"هه‌ندێك له ئه‌ندامانی داعش منداڵان فێرده‌كه‌ن ته‌قه به تفه‌نگ بكه‌ن به فیشه‌كی راسته‌قینه و سه‌ربڕین ئه‌نجامبده‌ن و رایانده‌هێنن بۆ شه‌ڕی شه‌قامه‌كان، له‌كاتێكدا هه‌وڵده‌ده‌ن منداڵان بگۆڕن بۆ تێرۆریستی ئایینده‌یی و بكوژی پیشه‌یی ،" له‌هیبی به دیاونای وت.
وتی بارودۆخی ئێستا زۆر خراپتریشه، چونكه گروپه‌كه چه‌ندین كوڕی لاوی ناچاركردووه به شه‌ڕكردن له شه‌ڕی موسڵدا، له‌كاتێكدا لاوانی تر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا براون بۆ جێگای ئاشكرانه‌كراو تا وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاربهێنرێن.
له‌هیبی وتی: "هێشتا چاره‌نوسی چه‌ندین خێزان نازانین له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان و پیران و ژنان كه گروپه‌كه بردوونی بۆ جێگای نه‌زانراو. وامانده‌زانی له ته‌له‌عفه‌ر یان ره‌ققه زیندانكراون، به‌ڵام [ده‌زگا] ههواڵگریهكانمان بۆیانده‌ركه‌وت له‌وێ نین."
چاره‌سه‌ره‌كانی حكومه‌ت
به‌گوێره‌ی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و فێربوون له په‌رله‌مان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئاگاداری زۆر له‌و تاوانانه‌یه كه داعش ده‌رحه‌ق به منداڵی و فێربوون له پارێزگاكه‌دا كردوێتی و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌ر چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه كه له‌توانادا بێت.
په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامی لیژنه‌كه، ساجده ئه‌فه‌ندی، وتی له دوو ساڵی رابردوودا زۆر له دایكوباوكان له موسڵ منداڵه‌كانیان نه‌ناردۆته قوتابخانه.
خاتو ساجده وتی وه‌زاره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌دا كارده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه "به‌پشتبه‌ستن به دوو شێواز".
وتی یه‌كه‌میان بریتیه له هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه بۆ كۆتاییهێنان به پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ئایدیۆلۆژیای توندڕه‌وانه له‌لای منداڵانی پارێزگاكه و ده‌ستكردن به چاككردنه‌وه‌ی باری ده‌رونییان.
وتی دووه‌میشیان بریتیه له گێڕانه‌وه‌ی منداڵان بۆ قوتابخانه بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی خوێندن كه له‌ده‌ستیانداوه.
هه‌روه‌ها وتی ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی تاقیكردنهوهیانهوه ده‌كرێت بۆ دیاریكردنی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان بخرێنه چ پۆلێك یان له‌ڕێگه‌ی دابینكردنی وانه‌ی چڕ و به‌رفراوان و كردنه‌وه‌ی پۆلی ئێواران بۆیان به‌پێی ئاستی خوێندنیان.
بەڕاستی بەیجیکی جوانە
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت