هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چنگی داعش شارۆچکەکانی سنوری عێراق-سوریا دەخنکێنێت

خالید تائی

دانیشتوانی شارۆچکەی سنوریی ئەلبو کەمال بە دیارونا دەڵێن کە لەژێر فەرمانڕەوایی درندانەی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'دا ئازاردەچێژن. [خاوەنی وێنە: لوئەی سوفی]

دانیشتوانی شارۆچکەی سنوریی ئەلبو کەمال بە دیارونا دەڵێن کە لەژێر فەرمانڕەوایی درندانەی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'دا ئازاردەچێژن. [خاوەنی وێنە: لوئەی سوفی]

بەهۆی توشبونی بە شکستی کەڵەکەبوو لە عێراق و سوریا، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی توندبکات بەسەر ناوچەی سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە بڕبڕەی پشتی "خەلافەت"ە بانگەشەبۆکراوەکەی پێکدەهێنێت.

دانیشتوانی شارۆچکەی سنوریی قائیمی عێراق و شارۆچکەی ئەلبوکەمالی سوریا بە دیارونا دەڵێن کە ئەوان توشی "پێشێلکاریی بێڕووانە" بونەتەوە چونکە داعش پەلەقاژەی هێشتنەوەی کۆنترۆڵیەتی بەسەر شارۆچکە سنوریەکەوە و دەیەوێت میتۆدەکانی خۆی بهێڵێتەوە.

کاتێ داعش پارێزگای ئەنباری عێراقی گرت لە 2014دا، بەربەست و خاڵەکانی پشکنینی نەهێشت لەسەر ئەو سنورە نێودەوڵەتیەی نێوان قائیم و ئەلبوکەمال، و ئەم ناوچانەی پێکەوە ناونا "پارێزگای فورات".

لەوکاتەوە گروپەکە هەوڵیداوە ناوچەکە قایمبکات، کە ناوچەیەکی پڕگردە و تونێلی سروشتی زۆری تێدایە، بەهۆی گرنگیەوە وەك هێڵی گەیشتنی پاڵپشتی، پێگەی راهێنان و حەشارگەی زەخیرەی سەربازی.

زۆرێك لە دانیشتوانەکەی هەڵاتون بۆ شوێنی سەلامەتتر لە عێراق و سوریا، بەڵام ئەوانەی لە ناوچەی ئەو دوو شارۆچکەیە ماونەتەوە گیریانخواردوە بەهۆی داعش و دەڵێن بەهۆی زیاتر توندبونی داعشەوە ترسیان لە سەلامەتی خۆیان هەیە.

'وەحشی دڕندە'

لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، کەسێكی خەڵکی قائیم کە سەرکەوتوانە لە شارۆچکەکە هەڵاتبوو بۆ روتبە بە دیارونای وت چەکدارانی گروپەکە کردەی "پێشێلکاری بێڕوانە"یان ئەنجامداوە دژی مەدەنی هەردوولای عێراقی و سوریەکان.

ئەو پیاوە، کە بەمەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ دیارونا کرد بەهۆی ترسی لە ئاسایشی خێزانەکەیەوە وتی: "ئەم تیرۆرستانە بەتەواوەتی داماڵراون لەهەستی مرۆیی. ئەوان وەحشیی دڕندەن و لە شێوەی مرۆڤدا."

"ئەوان شارۆچکەکەیان کردین بە بەندیخانەیەکی گەورە و لەوێ شتی باوەڕپێنەکراو ئەنجامدەدەن،" وتی: "گەنج، پیر، ژن، تەنانەت ئەو منداڵانەش کە شکستیان هێناوە لەوەی لەژێردەستیان هەڵبێن، لەسێدارەیان داون."

وتیشی هەندێ لە خەڵکی ناوچەکە کەوتونەتە بەر کوشتار، ئەوانیدی سوتێنراون و هەندێکی دیکەش خنکێنراون یان تا مەرگ بەردەباران کراون لەبەرئەوەی توانیویانە دژی گروپەکە بوەستنەوە.

وتی لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەچاوی خۆی بیینی کە چۆن ئەندامانی داعش چوار پیاویان سەربڕی کە تۆمەتباریان کردبوون بە بوونە سیخوڕ لە بازاڕی قائیمدا، و ئاماژەەشیدا بەوەی کە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" وەك ستاندار دەبەخشرێت بە خەڵك بۆ لەناوبردنی ئەوانەی کە بەرهەڵستی "هەلسوکەوتە دڕندانەکانیان" دەکەن.

وتی ئەو 40 جەڵدی لێدرابوو چونکە پێشێلی قەدەغەکردنی جگەرەی کردبوو لەلایەن داعشەوە، لەکاتێکدا سزای جەماوەری، وەك قاچبڕینەوە، تایبەت بوو بەوانەی "کە ریش ناهێڵنەوە یان ئەوانەی قژ و جلەکانیان بەدڵی گروپەکە نەبوو".

وتی: "ئێمە لە چاخی پێش مێژوودا ژیاین بە نەبوونی پەیوەندیکردن، تەلەفزیۆن و قاوەخانە."

"لەژێر ئەو ستەمکارییەدا، خەڵکی تاڵاوی ژیانێکی جێی بەزەییان دەچەشت لە ئەنجامی بێکاریی و کەمی خۆراك، دەرمان، ئاوی خواردنەوە، کارەبا و سوتەمەنی،" وتی: "تەنیا ئەندامانی داعش هەرشتێکیان بوێت هەیانە لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە هیچیان نەماوە."

دانیشتوان ئازاردەچێژن

بەگوێرەی قایمقامی قائیم فەرحان فەتیخان، لەکاتی هاتنی داعشەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانەکەی لە ناوچەکە هەڵاتون.

"داعش ئابڵۆقەی توندی بەسەر دانیشتوانە ماوەکەدا سەپاندوە و لە هەمو کەسی قەدەغەکردوە شارەکە بەجێبهێڵێت،" بە دیارونای وت: "ئەوانەی ئەو کارە دەکەن بە تۆقێنەرترین جۆری مەرگ سزادراون."

وتی دانیشتوانەکە دەکوژرێن، ئەشکەنجەدەدرێن لە مافەکانیان بێبەشکراون.

"تیرۆرستەکان هەموشتێکیان تێکشکاندوە لە شارۆچکەکەدا بۆیە دوای رزگارکردنی، ئاساییکردنەوەی قورستر دەبێت،" وتی: "ئەوان بیناکانی دەوڵەت، ژێرخان و شوقەکانیان سوتاند و موڵکی تایبەتی خەڵکیان دزی."

وتی: "بەهیواین رزگاریی زوو بگات،" وتیشی کە دوای ئەوەی روودەدات، دەبێت ئاسایشی ئەلبوکەمالی هاوسنوری دەستەبەربکرێت هێزی بەپێی پێویست تێدا جێگیربکرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خالیدیە عەلی داود بە دیارونای وت: "ئەو زانیاریەی پێماندەگات لە سەرچاوەکانمانەوە لەم دوو شارۆچکەیە پێماندەڵێن کە دانیشتوانەکەی رۆژانە لەسێدارەدەدرێن."

وتی: "لە 27 تشرینی یەکەمدا، گروپەکە پێنج پیاوی کوشتوە لە مەیدانێکی گشتییدا لە قائیمی نزیك بە ئەلبوکەمال لەسەر سنور بە هۆکاری نەزانراو،" وتیشی کە کەس نازانێت قوربانیەکان عێراقی بوون یان سوری.

وتی قورسایی سەربازیی داعش وادەردەکەوێت لە قائیم و ئەلبوکەمال کۆکرابێتەوە، وتیشی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان دەمێکە ئامانجەکانی داعش بەدرێژایی ناوچە سنورییەکە دەپێکن. .

'مەرگ و هیچی تر'

داود وتی: "ژیان لە قائیم و ئەلبوکەمال لەژێر دەستی داعشدا تەحەمول ناکرێت." وتیشی کە گروپەکە ئازادی تاکەکەسی لە خەڵکی قەدەغە دەکات، قەدەغەی وەرزش و چونە دەرەوەی ئافرەت لە ماڵانی لە خەڵکی کردوە.

وتی بەهۆی ئەم دۆخەوە خەڵکی تەنگەتاو کراون، بە ئاماژەکردن بەوەی ستاندەرە هەرە نزمەکانی ژیان بونی نیە، و "هەموشتێك تا بڵێیت گرانە".

وتی چیتر تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزاری گشتی بوونیان نیە.

"بەکورتی جگە لە مەرگ هیچ شتێك بوونی نیە."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی بە دیارونای وت: "ئەو خەڵکەی لە قائیم و ئەلبوکەمال دەژین دۆستایەتی خۆێن بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، لە ئێستاشدا هەمان چارەنوسیان هەیە بە ژیان بردنەسەر لەژێر دەستی گروپێکی تیرۆرستی توندڕەوی وەك داعشدا."

وتی: "داعش لەگەڵ خەڵکی ئەوێدا توندوتیژی بەکاردەهێنێت، زۆرجار گوێبیستی کوشتاری بەکۆمەڵ و بەندکردنی بەزۆر و پێشێلکاری دژی خەڵکی دەبین، لەگەڵ وەستانێکی تەواوی ژیانی رۆژانەدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

هیوای سەرکەوتن بۆهەموولایەکتان

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌