هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق شارۆچکەیەکی گرنگ دەگرنەوە لە بەرەی باشوری موسڵ

ئاژانسی فرانس پرێس

دانیشتوان سڵاو لە سەربازانی فیرقەی نۆی زریپۆشی سوپای عێراق دەکەن کە پێشڕەویدەکەن بۆناو گەڕەکی ئینتیسار لە موسڵ رۆژی 7 تشرینی دووەم، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ بەدەستهێنانەوەی شارەکە. [ئۆد ئەندەرسن / ئاژانسی فرانس پرێس]

دانیشتوان سڵاو لە سەربازانی فیرقەی نۆی زریپۆشی سوپای عێراق دەکەن کە پێشڕەویدەکەن بۆناو گەڕەکی ئینتیسار لە موسڵ رۆژی 7 تشرینی دووەم، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ بەدەستهێنانەوەی شارەکە. [ئۆد ئەندەرسن / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق شارۆچکەیەکی سەرەکییان سەندەوە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رۆژی دووشەممە (7 تشرینی دووەم)، کە ئامانجێكی گرنگ بوو لە بەرەی باشوری هێرشەکەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی شاری موسڵ.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و سوپا و یەکە هەڵبژاردەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی تەواویان بەسەر حەمام عەلیلدا سەپاند، دواهەمین شارۆچکەی گرنگ لەسەر رێگای موسڵ لەلای باشورەوە.

شارۆچکەکە دەکەوێتە کەناری خۆرئاوای روباری دیجلە، نزیکەی 15 کیلۆمەتر باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ.

لەئێستادا هێزەکانی عێراق چوونەتەناو موسڵەوە لەلای خۆرهەڵاتەوە و رۆژی دووشەممە نزیکدەبوونەوە لە سنورەکانی باکوری شارەکە، بەڵام مەسافەیەکیان ماوە بیبڕن لە بەرەی باشورەوە.

ژیان هەر زوو دەستیپێکردەوە لە حەمام عەلیل، لەکاتێکدا هەندێك لە دانیشتوان دوکانەکانیان کردۆتەوە و کەسانی تریش حەمامەکانیان کردۆتەوە لە سەرچاوە کبریتیەکانی شارۆچکەکەدا.

سەربازانیش دەبینران کۆمەکی هەندێك لە ئاوارەکانیان دەکرد بە هەڵگرتنی جانتاکانیان.

ئەفسەرێکی پۆلیسی فیدراڵی وتی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە بەردەوامدەبن لە دەوروبەری حەمام عەلیل پێشئەوەی هەموو هێزەکان یەکبگرنەوە بۆ هێرشکردنەسەر دواهەمین ناوچەکانی پێش موسڵ.

عەقید ئەمجەد محەمەد وتی دواهەمین قۆناغ بریتیە لە "پاککردنەوەی گوندەکانی تری دەوروبەری شارۆچکەکە و پاشان چوونەپێش بەرەو موسڵ بۆ رزگارکردنی، بە ویستی خوا".

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەکە، لیوا بەهرام یاسین وتی لەهەمانکاتدا لە باکوری موسڵەوە هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکیان کردەسەر شارۆچکەی بەعشیقە سەرلەبەیانیی دووشەممە.

ناوبراو وتی: "هێزەکانمان دەستیانکردە هێرشێك بۆسەر پاشماوەی چەکدارانی داعش لەناوەڕاستی بەعشیقەدا ئەم بەیانیە کاتژمێری شەشی بەیانی. زیاتر لە دوو هەفتە بوو لە ناوەندی شارۆچکەکەدا گەمارۆماندابوون،"

بەئامانجگرتنی رەققە

رۆژی یەکشەممە، هێزە کوردی و عەرەبیەکان هێرشێکیان کردەسەر رەققەی پایتەختی نیمچەفەرمیی داعش لە سوریا.

فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی رایانگەیاند کە دەستیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنی رەققە لە عەین عیسا، نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکوری شارەکە.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی، جیهان شێخ ئەحمەد، وتی: "شەڕی سەرەکی بۆ رزگارکردنی رەققە و دەوروبەری دەستیپێکردووە."

ناوبراو وتی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" نزیکەی 30,000 چەکدار لەخۆدەگرێت و لە شەوی شەممەوە دەستیپێکردووە.

هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی پێشڕەوی دەکەن لە سێ بەرەوە، عەین عیسا و تەل عەبیاد لە باکوری رەققەوە و گوندی مەکمان لە خۆرهەڵاتەوە.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی، تەڵاڵ سێلۆ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێزەکان لەپێشان ناوچەکانی دەوروبەری رەققە دەگرن پێش گرتنەوەی شارەکە خۆی.

سێلۆ وتی: "شەڕەکە ئاسان نیە و ئۆپەراسیۆنی ورد و وریای پێویستە چونکە داعش بەرەنگاری دەکات لە قەڵاکەی کە دەزانێت لەدەستدانی رەققە بەمانای کۆتاییهاتنی دێت لە سوریا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500