هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هاوپەیمانێتیە نوێکەی بەرەی نوسرە سروشتە توندڕەوانەکەی پشتڕاستدەکاتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی جوند ئەقسا خۆیان بۆ شەڕ دژی ئەحرار شام ئامادە دەکەن لە دەوروبەری حەمما لە سوریا. ئەم گروپە بەمدواییانە رایگەیاند پەیوەندیدەکات بە بەرەی نوسرەوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد خالید/ لیژنەی هەماهەنگی خۆجێی سوریا]

چەکدارانی جوند ئەقسا خۆیان بۆ شەڕ دژی ئەحرار شام ئامادە دەکەن لە دەوروبەری حەمما لە سوریا. ئەم گروپە بەمدواییانە رایگەیاند پەیوەندیدەکات بە بەرەی نوسرەوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد خالید/ لیژنەی هەماهەنگی خۆجێی سوریا]

هەرچەندە لەم مانگانەی دواییدا بەرەی نوسرە هەوڵیدا وێنای خۆی وەك گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بکات بە ناونانەوەی خۆی بە بەرەی فەتحی شام و بڕینی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، یەکگرتنێکی نوێ گومان لەسەر ئەم هەنگاوە دروستدەکات.

لە بەیاننامەیەکی 9 تشرینی یەکەمدا کە لەلایەن هەردوولاوە واژۆکراوە، بەرەی نوسرە رایگەیاند جوند ئەقسا، کە گروپێکی توندڕەوە و پەیوەندی بە قاعیدەوە هەیە، دێتە نێو ریزەکانیەوە. .

پسپۆڕان بە دیارونایان وت ئەم هەنگاوە ئەوە دەردەخات سەرەڕای بانگەشەکانی، بەرەی نوسرە وەك گروپێکی توندڕەو دەمێنێتەوە، بە ئاماژەکردن بەوەی دەریشیدەخات چۆن گروپی وەك بەرەی نوسرە کێبڕکێیانە لەسەر لەخۆگرتنی گروپی لاوازتر بەهۆی کەمبونەوەی هێز و نفوزیانەوە.

وتیان یەکگرتنە راگەیەندراوەکە هەوڵێکی ناکامیشە بۆ کپکردنەوەی شەڕی ناوخۆی گروپە هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە ئاماژەکردن بە پێکدادانە خوێناوییەکانی ئەمدواییانە کە لەنێو بەرەی نوسرە و ئەحرار شامدا تەقینەوە.

چەکدارانی جوند ئەقسا خۆیان بۆ شەڕی ئەحرار شام لە حەمما ئامادە دەکەن. [خاوەنی وێنە: محەمەد خالید/ لیژنەی هەماهەنگی خۆجێی سوریا]

چەکدارانی جوند ئەقسا خۆیان بۆ شەڕی ئەحرار شام لە حەمما ئامادە دەکەن. [خاوەنی وێنە: محەمەد خالید/ لیژنەی هەماهەنگی خۆجێی سوریا]

رەگی پێکداچوو

جوند ئەقسا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بە گروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدراوە، پێشتر لقێکی بەرەی نوسرە بوو. دواتر لەو گروپە گەورەیە جیابۆوە، بەڵام بە ئاشکرا وەك هاوشانی بەرەی نوسرە ماوەتەوە.

رۆژنامەنوسی سوری محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت جوند ئەقسا "گروپێکی تیرۆرستی چەکدارە کە سەلەفیەتی جیهادیی پێڕەوکردوە" و پێشتر لە نیمچەدورگەی عەرەبی بەیعەتی داوە بە قاعیدە.

وتی گروپەکە لە ناوەڕاستی 2012دا لە سوریا دەرکەوت.

وتیشی لەلایەن محەمەد یوسف عوسمانەوە دامەزرێنرا، کە بە ئەبو عەبدولعەزیز قەتەری ناسراوە "کە لە ئەفغانستان شەڕیکردوە، نزیکیش بووە لە سەرکردەی پێشوی قاعیدە ئوسامە بن لادن و سەرکردەی ئێستای ئەیمەن زەواهیری".

قەتەری لە چیچانیش شەڕی کردوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ عێراق بۆ پێکهێنانی گروپێك کە تەقینەوەی ئەنجامدەدا، پێش ئەوەی دەستبکات بە گروپی لیواکانی تەوحید و جیهاد لە عێراق لەگەڵ ئەبو موسعەب زەرقاوی.

رایگەیاند بە دەستپێکی شەڕی سوریا، قەتەری لە سنور پەڕییەوە و لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی بەرەی نوسرەی دامەزراند. وتیشی کە قەتەری دواتر لە بەرەی نوسرە جیابۆوە بۆ دامەزراندنی جوند ئەقسا، کە سەرەتا بە سەرایای قودس ناسرابوو.

عەبدوڵا وتیشی گروپەکە لە دەوروبەری حەمما و ئیدلیب نفوزی پەیداکرد.

جیابونەوە لە بەرەی نوسرە

عەبدوڵا وتی جوند ئەقسا ئێستا لەلایەن ئەبو دیاب سەرمینیەوە بەڕێوەدەبرێت، وتیشی کە دەرکەوتنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ گروپەکە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی پەیوەندیان کرد بە داعشەوە.

وتی: "کاتێك لە 2014دا پێکدادان لەنێوان بەرەی نوسرە و داعش دروستبوو، [جوند ئەقسا] رایگەیاند پێگەیەکی بێلایەنی دەبێت، بەتەواویش لە بەرەی نوسرە جیابۆوە."

لە تشرینی دووەمی 2014دا، لاشەی قەتەری لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی نزیك بە بنکەیەکی بەرەی شۆڕشگێڕانی سوریا دۆزرایەوە. وەك کاردانەوەیەك جوند ئەقسا و بەرەی نوسرە شەڕێکی سەختیان هەڵگیرساند کە سەرکەوتوبوون لە دەرکردنی گروپەکە.

شیکاروانی سەربازیی میسری و ئەفسەری خانەنشینی سوپا لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد کە تایبەتمەندە لە کاروباری قاعیدە وتی یەکگرتنی ئەمدواییانەی جوند ئەقسا لەگەڵ بەرەی نوسرە "جێی سەرسوڕمان نیە، چونکە لە دەستپێکیەوە بەشێك بوو لە بەرەی نوسرە پێش ئەوەی لێی جیابێتەوە".

بە دیارونای وت جیابوونەوەی تشرینی یەکەمی 2015ی جوند ئەقسا لە جەیش فەتح، کە هاوپەیمانێتیەك بوو بەرەی نوسرەشی تێدابوو، بەزۆری بەهۆی کێشەکانی بوو لەگەڵ ئەحرار شام، بە ئاماژەکردن بەوەی جوند ئەقسا هەرگیز شەڕی داعشی نەکردوە.

وتی: "ئەو شەڕانەی دروستبوون لەنێوان جوند ئەقسا و بزوتنەوەی ئەحرار شام ئاماژەی بەهێزن بۆ رەوتی رووداوەکانی قۆناغی داهاتو." بە ئاماژەکردن بەوەی بەهۆی فشاری دارایی و سەربازییەوە شەڕی ناوخۆ زیادیکردوە.

رووی راستی

ئەحمەد وتی لەخۆگرتنی جوند ئەقسا لەلایەن بەرەی نوسرەوە دژی هەوڵەکانیەتی بۆ وێناکردنی خۆی وەك لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو

وتی: "بەگوێرەی پێشینە و مێژووی جوند ئەقسا و دامەزرێنەرانی بێت، دەتوانرێت بوترێت کە پێڕەوی ئایدۆلۆژیایەکی دووڕەگ دەکات کە ئایدۆلۆژیاکانی بەرەی نوسرە و داعش کۆدەکاتەوە."

وتی ئەمە روونیدەکاتەوە بۆچی جۆلانی هەوڵیدا لە ریزەکانیدا جێیبکاتەوە، "بەتایبەت بەهۆی ئەو پێڕەوی شەڕەی زۆرێك لە ئەندامانی هەیانە کە لە توندی، خۆکوژی و خۆخستنە نێو ریزەکانی دوژمندا چەکەرەی کردوە".

وتیشی هەنگاوەکەی بەرەی نوسرە بۆ ئەوەشە رێگربێت لەوەی ئەندامانی جوند ئەقسا بەیعەت بە داعش بدەن.

محەمەد خالید لە لیژنەی هەماهەنگیی سەراقیب کە پەیوەستە بە لیژنەی هەماهەنگی خۆجێی سوریاوە وتی: "جوند ئەقسا یەکێکە لە توندڕەوترین لایەنە ئیسلامیەکان و زۆرجار بە داعش چوێنراوە."

بە دیارونای وت گروپەکە بەمدواییانە رایگەیاند دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی تەفسیری توندی شەریعەت لەو ناوچانەی لەژێردەستیاندایە لە ئیدلیب و حەمما، بەوەش ناسراون مەسیحیەکان دەکەنە ئامانج.

لەخۆگرتنی جوند ئەقسا لەلایەن بەرەی نوسرەوە ئاماژەیەکە بە گۆڕانی رەوتی گروپە گەورەکە، چونکە بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتیەوە ناتوانێت چیتر بانگەشەی ئەوەبکات بەشێكە لە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو یاخود نکوڵی لە پەیوەندیەکانی بکات بە قاعیدەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500