هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پێشڕەویی هێزەکان هانی بەرگری دەدات دژی داعش لەناو موسڵدا

خالید تائی

پیتی "م"ی وشەی "مقاوەمە" (بەرگری) لەسەر دیواری قوتابخانەی ناوەندیی زوهور نوسراوە لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: ناوەندی نەینەوا بۆ زانیاری]

پیتی "م"ی وشەی "مقاوەمە" (بەرگری) لەسەر دیواری قوتابخانەی ناوەندیی زوهور نوسراوە لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: ناوەندی نەینەوا بۆ زانیاری]

گروپەکانی بەرگری میللی کە دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) شەڕدەکەن لەناو موسڵدا، هێز کۆدەکەنەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە دەشێوێنن و سەرکردەکانی دەکەنە ئامانج، بەرپرسانی ناوخۆ بە دیارونایان وت.

بەرپرسەکان وتیان گروپەکانی وەك شانەکانی رزگارکردنی موسڵ دڕکێك بوون بۆ داعش لەوکاتەوەی دەستیانگرت بەسەر ئەم شارەی باکوری عێراقدا لە 2014، بەڵام رەوتی هێرشەکانیان خێراتری کردووە و ئەم گروپانە پشتئەستور تر لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق.

سێشەممە (1 تشرینی دووەم) هێزەکانی عێراق دەیان گوندیان لە دەوروبەری موسڵ ئازادکرد و چوونەناو گەڕەکەکانی دەرەوەی شارەکەوە.

فەرماندەیەکی شانەکانی رزگارکردنی موسڵ، ئەبو عومەر، کە ناوێکی خوازراوە بۆ پاراستنی ناسنامەی، وتی: "داعش لە داڕماندایە. ئێمە شەڕیان لەگەڵ دەکەین لە هەموو گەڕەکەکانی موسڵدا و سوپاش لە دەرەوەی شارەکە بۆیان وەستاوە."

وتیشی: "ئەمە کۆتاییانە."

هەڵمەتی "م"

ئەبو عومەر وتی: "شانەکانمان تەنها بەشێکن لە گروپێکی گەورەتری بەرگری دژی گروپی تێرۆریستی داعش لەناو شاری موسڵدا." هەروەها وتی گروپەکەی دژی داعش شەڕدەکات هاوشانی کەتیبەکانی رزگارکردنی موسڵ و کەتیبەکانی نەبی یونس.

وتیشی گروپەکەی هێرشی بۆسەر داعش ئەنجامداوە، بەڵام تەرکیزی لەسەر "شەڕی دەرونی و تەجنیدکردن [مۆبیلیزەکردنی خەڵك] و بەخشینی زانیاری" بووە.

وتی گروپەکە زانیاریی هەواڵگریی داوە بە هێزە رزگارکەرەکان دەربارەی چەندین حەشارگە و گردبوونەوەی داعش و "هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێکیانشکاندوون".

وتیشی: "هەڵمەتەکەمان بۆ هاندانی دانیشتوان هێشتا بەردەوامە. ئەم هەڵەمتەمان ناوناوە بە 'م'" کە یەکەم پیتی وشەی بەرگرییە [بەعەرەبی مقاوەمە].

هەروەها وتی گروپەکانی بەرگری ئەم پیتەیان لەسەر چەندین بینا نوسیەوە و ئاڵای عێراقیشیان لەسەر هەڵکردوون. وتیشی ئەم کردانە داعشیان توڕەکردووە و "هانی خەڵکیان داوە بۆ بەرگریکردن و روبەڕوبوونەوەیان".

ئەبو عومەر وتی گروپەکانی بەرگری میللی لە موسڵ ئەمساڵ بە چەندین شێوە داعشیان کردۆتە ئامانج و ئاشکراشی کرد کە "زیاتر لە 300 ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر کراوە لەوانە هێرشی نیشانگری و بەئامانجگرتنی دەورییە پیادە و ئۆتۆمبیلەکانی داعش".

وتی هەروەها لەم ئۆپەراسیۆنە بەرەنگارییانە گڕتێبەردانی بنکەکانی گروپەکە بوو. وتیشی نزیکەی 200 چەکداری داعش لەم هێرشانەدا کوژراون، لەوانە فەرماندە بیانیەکان و سەرکردەی یەکەکانیان.

دەربارەی بارودۆخی ئێستا، ئەبو عومەر وتی لەنێوان 6,000 بۆ 8,000 چەکداری داعش لەناو موسڵدان، لەوانە نزیکەی لەسەدا 70 شەڕکەرانی ناوخۆن.

وتی سەرەڕای سەرلێشێوانی ئێستای داعش، ئەندامانی گروپەکە بەردەوامن لەسەر ئەنجامدانی تاوانی شەڕانگێزانە دژی مەدەنیە بێچەکەکان و سەندنی سەرانە بەزۆر.

وتیشی "شارەکە لە بارێکی خراپدایە".

'سەرسوڕمانێکی گەورە' بۆ داعش

ئەبو عومەر داوای لە میدیا خۆماڵی و نێودەوڵەتیەکان کرد تیشکبخەنەسەر "بەرگری و قوربانیدانی خەڵکی موسڵ".

وتی: "شارەکەمان بەبێدەنگی دانەنیشتووە لە بەرامبەر حوکمی تێرۆردا. هەر لەسەرەتاوە رێگای بەرگریی هەڵبژاردووە و چەندین شەهیدی داوە و بەمزوانە سەرکەوتن بەدەستدێت."

راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا، دورەید حەکیم، وتی بەرگری لە موسڵ دەستیپێکرد راستەوخۆ دوای ئەوەی داعش دەستیگرت بەسەر شارەکەدا و لەوکاتەوە هێورنەبووەتەوە.

حەکیم بە دیارونای وت: "لەسەرەتادا کەتیبەکانی نەبی یونس تەنها گروپ بوو لەسەر زەوی چالاکبوو. ئێستا چەندین بزوتنەوە و گروپ هەن کە هەموو یەك ئامانجیان هەیە: بەرەنگاریکردنی تێرۆریستەکان."

وتی بەڵام شێوازەکانیان جیاوازە و "هەندێکیان چەکدارییان هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا هی تر بڕیاریانداوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و شەڕی دەرونی و هاندانی خەڵك. گروپی تریش پەنایانبردووە بۆ لێکدانی ئەم دووانە".

وتیشی لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی گرتنەوەی موسڵ ئەم گروپانە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرفراوانتر و چڕترکردۆتەوە و بەرەیەکی ناوەکییان دژی داعش کردۆتەوە.

هەروەها وتی: "هەروەك هەمیشە تێرۆریستەکان پەنایانبردووە بۆ فریودان بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی وا پیشاندەدەن ژیان لەناو موسڵدا ئاساییە، بەڵام بەتەواوی پێچەوانەی ئەوەیە." وتیشی ئەندامانی داعش زۆر دەترسن لە پێشڕەوییە سەربازیەکان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەلی خوزەیر، بە دیارونای وت شەڕی گرتنەوەی موسڵ "سەرسوڕماندنی گەورە"ی پێیە بۆ داعش لەلایەنی بەرگریی میللیەوە.

وتی: "خەڵك رقوکینەیەکی قوڵیان لەدڵدایە بەرامبەر داعش."

وتیشی: "رەنگە هەندێك موفاجەئەی گەورە بەڕێوەبێت لەگەڵ هاتنی شەڕەکان بۆناو گەڕەکەکان، دەشێت راپەڕینێکی گەورە روبدات کە دواهەمین ئەندامانی داعش لەناوبەرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیشتوانی گەیارە هەڵشاخان بەڕوی گروپەکەدا و خەڵکی موسڵیش هەمان شت دەکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500