هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزە عێراقییەکان لە سنوری شاری موسڵ نزیکدەبنەوە

دیارونا

ئەندامانی هێزەکانی ئاژانسی دژە-تیرۆری عێراق نزیك گوندی بازوایا لە سنوری خۆرهەڵاتی موسڵ ئۆتۆمبیل لێدەخوڕن، بەمەش گەمارۆی سەر موسڵ تونددەکەنەوە. [بولەنت کیلیچ/ ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی هێزەکانی ئاژانسی دژە-تیرۆری عێراق نزیك گوندی بازوایا لە سنوری خۆرهەڵاتی موسڵ ئۆتۆمبیل لێدەخوڕن، بەمەش گەمارۆی سەر موسڵ تونددەکەنەوە. [بولەنت کیلیچ/ ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزە تایبەتەکانی عێراق دووشەممە (31 تشرینی یەکەم) لە سنوری خۆرهەڵاتی شاری موسڵ نزیکبونەوە، بەمەش گەمارۆکە توندتردەکەن لەو دەمەی شەڕی گرتنەوەی قەڵای 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' پێدەنێتە هەفتەی سێیەمیەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند هێزە تایبەتەکانی ئاژانسی دژە-تیرۆر روبەڕوی هاوەنباران بوونەوە کاتێ بەرەو شارۆچکەی مەسیحی بەرتلە پێشڕەوییان دەکرد بەرەو کەناراوەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ.

لەگەڵ لێدانی پێگەی هاوەنەکان لەدوورەوە بە فڕۆکەی جەنگی، کاروانێك زرێپۆش ئاگربارانی دەشتێکی پشتاویان کرد کە بەشێكە لە ناوچەیەکی پیشەسازیی و بەدەست توندڕەوەکانەوەیە.

موقەدەم مونتەزەر شمەری وتی دژە-تیرۆر بازیاوای گرتۆتەوە، یەکێك لەو دوو گوندانەی ژێردەستی داعش کە لەنێوان هێزەکانی عێراق و سنوری خۆرهەڵاتی موسڵدابوون.

شمەری وتی: "ئەمشەو، گەر هەموشتێ دەستەبەربێ، تەنیا 700 مەترمان دەمێنێت بۆ موسڵ."

فەرماندەیەکی باڵای دژە-تیرۆر فەریق عەبدولوەهاب سەعدی بە تەلەفۆن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند هێزەکانی دژە-تیرۆر چونەتە ناو گوندی دووەمەوە، گۆکچەلی، شەڕیاندەکرد بۆ گرتنەوەی.

ئەو نکۆڵی لەوەکرد چوبێتنە ناو ناوچەی کەرامەوە -- کە نزیکەی 2.5 کیلۆمەتر لە گۆکچەلیەوە دوورە -- لەنێو موسڵ خۆیدا.

پاڵپشت بە هێزی ئاسمانی و زەمینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە دەیان هەزار چەکداری عێراقی لە بەرە جیاوازەکانی موسڵدا یەکدەگرنەوە، لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەندین ساڵدا.

لە سنوری باکور و خۆرهەڵاتی موسڵەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بەمدواییانە چەندین گوندیان گرت و پێگەکانی خۆیان پتەوکرد.

لە بەشی باشوری شارەکە، هێزە فیدراڵیەکان، بە پاڵپشتی یەکە تۆپهاوێژەکانی هاوپەیمانان کە لە مەیدانی سەرەکی گەیارە جێگیرکراون، بەرەو باکور پێشڕەویی دەکەن.

ئەوان خاکێکی زۆریان بۆ گرتنەوە لەبەردەمدایە و هێشتاش هەندێك دوورن لە سنوری باشوری موسڵەوە.

کاتێ قۆناغی سەرەتایی تەواوبوو، چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی عێراق گەمارۆی موسڵ بدەن، هەوڵبدەن راڕەوێکی سەلامەت بۆ زیاتر لە ملیۆنێك مەدەنیی بکەنەوە کە پێدەچێت لەوێ بژین، دزە بکەنە شارەکەوە تا لەدژی چەکدارانی داعش لە شەقامەکاندا شەڕبکەن.

رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەستوبرد دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی توانای کارڕاییکردنی کۆچی بەکۆمەڵی چاوەڕوانکراو لە شارەکەوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت دەکرێت ملیۆنێك کەس لەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا ئاوارەببن.

زیاتر لە 17,000 کەس لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتوە و ئەنجومەنی ئاوارەکانی نەرویج رایگەیاند تەنیا 55,000 شوێن ماوە لە کامپەکاندا.

ژیانی پۆست-'خەلافەت'

لەنێو ئەو دەیان گوند و شارۆچکەیەی لەو ناوچەیەدان کە لە دوو هەفتەی رابوردوودا لەدەست داعش سەندراونەتەوە، خەڵکەکانیان بەهێواشی دەگەڕێنەوە بۆ نێو ژیانی ئاسایی و ئازاد لەدەستی ئەو "خەلافەت"ەی داعش لە 2014دا لە موسڵ رایگەیاند.

قەرەقوش، کە پێشتر گەورەترین شاری مەسیحی بوو لە عێراق، دوای دوو ساڵ و یەکشەممە یەکەمین بۆنەی ئاینیی تێدا ئەنجامدرا.

تاقی زەنگەکە رمابوو، پەیکەرەکان سەریان لێکرابۆوە و کتێبەکانیش بەسەر زەوی کەنیسەدا پەرشوبڵاوببوونەوە، کە هێشتاش بە خەڵوز داپۆشراوە بەهۆی تەقەکردنی چەکدارانی داعشەوە لەکاتی کشانەوەیاندا.

بەڵام هەندێك لە خاچەکان جێگەیان گیراوە بە هی نوێ و پەیکەرێکی نوێش لەسەر مینبەرە سەرەکییەکە دانراوە.

مەترانی موسڵی کەنیسەی سریانی کاسۆلیك یوحەننا پەترۆس موشی وتی: "دوای دوو ساڵ و سێ مانگ لە مەنفا، کەمێك لەمەوبەر بۆنەی ئێوارەی پیرۆزم سازکرد لە کەنیسەی هاتنەدونیای پاکژ کە [داعش] دەیویست تێکیبشکێنێ."

بەڵام زۆرێك لە ناوچە گیراوەکان هێشتا بۆ نیشتەجێبوون نەدەشیان و پێویستیان بە چەندین مانگ لە مین پاکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە هەیە کە پێویستە پێش ئەوەی خەڵکە رەسەنەکەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆی.

هێرشی شکستپێهێنراو بۆ سەر رەمادی

بەرپرسانی عێراق شەممە رایانگەیاند هێزە ئەمنییەکان هێرشێکی داعشیان بۆ سەر شاری رەمادی شکستپێهێناوە، کە پایتەختی پارێزگای ئەنبارە.

ئەو هێرشە شکستپێهێنراوە سەریکێشا بۆ دەستگیرکردنی 11 کەس، بەشێكە لە چەندین هێرشی داعش بەمەبەستی سەرنج لادان ئەنجامدراوە، لە دەستپێکی هێرشی موسڵەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەنبار لیوا هادی کەسار ئرزیج بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق "11 ئەندامی داعشیان دەستگیکرد کە پلانی هێرشیان بۆ سەر شارەکە دادەنا لە بینایەکی پەراوێزخراو، چەك، زەخیرەی سەربازیی و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێبوو".

وتی: "سێ پۆلیس لەکاتی دەستگیرکردنەکاندا برینداربوون، دوای ئەوەی تیرۆرستێك تەقەی لە هێزە هێرشبەرەکە کرد."

وتی 11 کەسە دەستگیرکراوەکە "هەمویان عێراقین و سەر بە داعشن"، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان نێراونەتە دەستگیرگەیەکی ئەمنی کاتی.

رۆژی 21ی تشرینی یەکەم شانە نوستوەکان پەیوەندیان کرد بەو چەکدارانەی دزەیانکردبوە شاری کەرکوکی ژێردەستی کوردەوە، کە بووە هۆی پێکدادانی سەخت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و سێ کاتژمێر بەردەوامبوو.

لە دەستپێکی هێرشی سەر موسڵەوە، چەکدارانی داعشیش هێرشیانکردۆتە سەر روتبە لە خۆرئاوای ئەنبار کە هێزەکانی حکومەت لە سەرەتای ئەمساڵدا گرتیانەوە، لە ناوچەی باکوری شەنگال.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500