ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هاوکاری و هەماهەنگیەکی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەدا، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
هێزە هاوبەشەکانی کورد و عەرەب بۆ یەکەم جار پێکەوە بەرەوڕووی دوژمنێكی هاوبەش دەبنەوە لەژێر یەك فەرماندەییدا -- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی.
عەبادی هەفتەی پێشوو وتی: "ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی عێراقدا هێزەکانی پێشمەرگە شانبەشانی هێزەکانی سوپای فیدراڵیی عێراق شەڕدەکەن بەتەواوی هاوکاری و هەماهەنگیەوە و پێکەوە بەشداریدەکەن لە رزگارکردنی خاك و پاراستنی خەڵکی مەدەنیدا."
لە وتەیەکیدا بۆ کۆنفرانسی پاریس دەربارەی موسڵ رۆژی 20 تشرینی یەکەم، عەبادی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە یەکەم جارە هێزە فیدراڵیەکان چوونەتەناو هەرێمی کوردستانەوە بەتەواوی هاوکاری و رەزامەندیی حکومەتی هەرێم.
وتی ئەمەش "یەکێتی و هاوکارییەکی گەورەی عێراقیەکان پیشاندەدات." وتیشی هەردوو هێزە فیدراڵیەکان و پێشمەرگەش ئامانجی هاوبەشیان "رزگارکردنی خاكە لەدەست ستەمی داعش و بەدەستهێنانی عێراقێکی یەکگرتوو، بەبێ هیچ دابەشبوون و پێکنەهاتنێك".
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت هەماهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا لە شەڕی موسڵدا گەیشتۆتە باڵاترین ئاست.
رەسوڵ وتی: "هەر لایەنێك رۆڵێکی تەواوکاری دەبینێت بۆ لایەنەکەی تر لە رزگارکردنی خاك و دەرپەڕاندنی دوژمندا."
وتیشی پێشمەرگە بە گوڕێکی زۆرەوە چۆتەناو شەڕی موسڵەوە و چەندین گوندی لە نەینەوا لەدەست داعش رزگارکردووە، دوای هەماهەنگی پێشوەخت لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
هەروەها وتی: "ئەگەر ئەمڕۆ بچیت بۆ بەرەکانی شەڕ، لە هەندێك سەنگەردا سەربازی عێراقی و پێشمەرگە دەبینیت پێکەوە شەڕدەکەن و ناندەخۆن و دەنوون، لە دیمەنێکی بێپێشینەدا کە رۆحیەتی برایەتی پیشاندەدات."
هەماهەنگیی سیاسی
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشار کیکی، وتی: "هاوکاریی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە کاریگەرییەکی ئەرێنیی هەیە لەسەر سروشتی پەیوەندییە سیاسیەکان لەنێوان [بەغدا] و هەرێمی [کوردستان]دا."
کاریگەریی ئەرێنیی ئەم هاوکارییە لە سەرکەوتنە سەربازیەکانیش تێدەپەڕێت بەرەو قۆناغی دوای رزگارکردنی موسڵ، کە هانی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر دەدات کە دەتوانێت هەموو لایەنە سیاسیەکان لەخۆی بگرێت، کیکی بە دیارونای وت.
وتیشی: "ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەردانی بەرەکانی جەنگیان کردووە و یەکە سەربازیەکانیان لە بەرە جیاجیاکاندا پشکنیوە، لەوانە بەرەکانی پێشمەرگە."
هەروەها وتی ئەمە "هێمایەکی راستەقینەیە بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران لە بەغدا لە هارمۆنیدان لەگەڵ رۆحیەت و ئامانجەکانی رێکەوتنەکەدا".
کیکی وتی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەپێی پلان بەڕێوەدەچن، لە چوارچێوەی گشتیی رزگارکردنی موسڵدا و لەسەر بنچینەی رێکەوتنەکانی نێوان عەبادی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە
پەرلەمانتاری عێراقی، حەسەن خەلاتی، کە سەردانی بەرەکانی شەڕی کردبوو، وتی هەموو هێزە بەشدارەکان لە شەڕی موسڵدا بە تەواوی دیسپلین و ئاستی باڵای هەماهەنگییەوە دەجوڵێنەوە و هەر لایەنێك رۆڵی خۆی دەزانێت.
خەلاتی بە دیارونای وت: "پێشمەرگە و هێزەکانی حەشدی خێڵەکی پابەندن بە رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، حەیدەر عەبادی، کە نەچنە ناو شاری موسڵەوە، بەڵکو رزگارکردنی [شارەکە] بەجێبهێڵن بۆ هێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی."
وتیشی پابەندبوونی تەواوەتی بە رێنماییەکانەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی رەنگیداوەتەوە لەو سەرکەوتنانەی بەدەستهاتوون لەسەر زەوی و خاکێكی زۆر رزگارکراوە لە کورتترین ماوەدا و بە کەمترین زیانەوە.
هەروەها وتی: "ساتی سەرکەوتن لەم شەڕی رزگارکردنە یەکلاییکەرەوەیەدا ئێستا زۆر نزیکە و خەڵکی عێراق بەمزوانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن لە شاری موسڵدا دوای ئەوەی گروپەکە تێکدەشکێنرێت و دەردەپەڕێندرێت."