هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

حەدیسە خۆڵی گەمارۆی داعش لەخۆی دەتەکێنێت

عەلاء حسێن لە بەغدا

خولێکی تۆپی پێ لە گۆڕەپانی تۆپی پێی بەنداوی حەدیسەدا. ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی دوای لابردنی ئابڵوقەیەکی دووساڵە لەسەر حەدیسە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە. [خاوەنی وێنە: شێخ عەبدوڵـڵا جوغەیفی]

خولێکی تۆپی پێ لە گۆڕەپانی تۆپی پێی بەنداوی حەدیسەدا. ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی دوای لابردنی ئابڵوقەیەکی دووساڵە لەسەر حەدیسە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە. [خاوەنی وێنە: شێخ عەبدوڵـڵا جوغەیفی]

بازاڕەکان دەبوژێنەوە، شەقامەکان پڕن لە ژیان، پۆلەکان پڕبوونەتەوە لە خوێندکاران. ئەمانە دیمەکانی ئەمڕۆی شاری حەدیسەن دوای ئەوەی دوو ساڵ لەژێر ئابڵوقەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا بوو.

ئەم شارەی پارێزگای ئەنبار رێگەی گرت لە هەوڵە بەردەوامەکانی داعش بۆ دەستبەسەرداگرتنی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، سەرەڕای ئەوەی گروپەکە دەستیگرتبوو بەسەر زۆربەی شارەکانی دەوروبەریدا.

قایمقامی حەدیسە، مەبروك حەمید، بە دیارونای وت باری ئەمنی لە شارەکەدا لەماوەی چەند مانگی رابردوودا "زۆر باش" بووە لەوکاتەوەی ئابڵوقەکە نەماوە و شارەکانی رەمادی و هیت و ناوچەکانی تری خۆرئاوای پارێزگاکە رزگارکراون. .

حەمید وتی: "ئەمڕۆ بازاڕەکان لە بوژانەوەدان و باری ئابوری هەموو رۆژێك و هەموو هەفتەیەك باشتردەبێت. خۆراك زۆرە پاشئەوەی وەزارەتی بازرگانی دابینکردنی ئەو شمەکانەی مسۆگەرکرد بۆ قەزاکە کە لەسەر کارتی بایعیین."

وتیشی سوپای عێراق رێگای نێوان بەغدا و حەدیسەی کردۆتەوە و ئەمینی کردووە کە بەڕادەیەکی زۆر رۆڵی هەیە لە مسۆگەرکردنی گواستنەوەی کاڵاکان بۆ شارەکە.

هەروەها وتی: "رزگارکردنی رێگای بێجی - حەدیسە دەروازەیەکی تر و دەمارێكی ژیاریی دابیندەکات بۆ بەستنەوەی شارەکە بە پارێزگاکانی سەلاحەدین و کەرکوکەوە، لەپاڵ نەینەواشدا کاتێك رزگاربکرێت."

دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان

دەزگا خزمەتگوزاریە حکومیەکان دەستیانکردۆتەوە بە کار، لەوانە فەمانگەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و رێگاوبان و پردەکان.

حەمید وتی: "لقی ئەنباری کۆمپانیای دابەشکردنی بەروبومە نەوتیەکانیش بەباشی کاردەکات و بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپی و گازی چێشتلێنان دابیندەکات بۆ کڕیاران بەبێ هیچ کێشەیەك."

وتی هەرچی خوێندنیشە، قوتابخانەکانی حەدیسە، بەپێچەوانەی قوتابخانەکانی تری پارێزگای ئەنبارەوە ، دەرگاکانیان دانەخست لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا و بەردەوامبوون لە دابینکردنی خوێندن بۆ خوێندکاران سەرەڕای گەمارۆکە و هەڕەشە و بۆمبارانی داعش.

وتیشی: "تەنها یەك قوتابخانەش دەرگای دانەخست لە ناوەندی حەدیسە یان لە ناحیەکانی وەك بەروانە و حەقلانیە." هەروەها وتی ساڵی خوێندنی ئێستا سەرکەوتووە چونکە خوێندکاران بەبەردەوامی دەچن بۆ قوتابخانە.

حەمید وتی وەرزشیش دەگەڕێتەوە بە دەستپێکردنی خولێکی تۆپی پێ لە گۆڕەپانی تۆپی پێی بەنداوی حەدیسەدا کە لەلایەن ئەحرار ئەلفوراتەوە پشتگیری و سپۆنسەر کراوە کە گروپێکە سەربە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی.

حەمید بانگەشەی کرد بۆ پشتگیریی زیاتر لە بواری تەندروستیدا "چونکە حەدیسە تەنها یەك نەخۆشخانەی هەیە و پێدەچێت بکەوێتەژێر فشارەوە لەکاتی رزگارکردنی راوە و عانە و قائیمدا کە خۆیان نەخۆشخانەیان تێدانیە".

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات، وتی حەدیسە دەخرێتە ناو بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەوە وەك شارە عێراقیەکانی تر کە کەوتنە ژێردەستی داعش.

بەرەکات بە دیارونای وت شارەکە "کۆمەكی دارایی لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وەردەگرێت بۆ بیناکردنەوەی ناوچە زیانپێگەیشتووەکانی".

وریایی بەردەوام

ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان و حەشدی خێڵەکی لە حەدیسە بەوریاییەوە پاسەوانی دەکەن بۆ رێگری لە هەر گەڕانەوەیەکی هەڕەشەی داعش.

فەرماندەیەکی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی، عەواد جوغەیفی وتی: "ئاستی ئاسایش لە حەدیسەدا بەرزە بەڵام هەتاکو داعش جێگاپێی هەبێت لە عانە و راوە و قائیم لە خۆرئاوای ئەنبار، هەڕەشەی گروپەکە بەردەوامە."

جوغەیفی داوای لە حکومەتی عێراق کرد رزگارکردنی ئەم شارانە خێراتربکات و باری ئاسایشی هەموو پارێزگاکە پتەوتربکات "تا بەتەواوی ریشەی تێرۆریستان هەڵکێشێت لە ناوچەکە".

جوغەیفی بە دیارونای وت جەنگاوەرانی حەشدی خێڵەکی دەتوانن شارەکەیان بپارێزن لە هێرشەکانی داعش، هەروەك لە چەند ساڵی رابردوودا کردویانە.

وتیشی: "ئەمڕۆ پێوستییەکی زۆریان بە پشتگیریی زیاتر و چەك و کەلوپەلی تر هەیە تا بتوانن فشاری سەربازی بخەنەسەر گروپەکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500