هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چەکدارانی داعش 'ریش دەتاشن' لەکاتێکدا فشار لەسەر موسڵ زیاددەکات

دیارونا

ئاوارەیەکی عێراقی کە لە موسڵ هەڵهاتووە لە ئاسمان دەڕوانێت لە کەمپی هۆل کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت لە پارێزگای حەسەکەی سوریا، لە 25 تشرینی یەکەم. [دەلیل سڵێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئاوارەیەکی عێراقی کە لە موسڵ هەڵهاتووە لە ئاسمان دەڕوانێت لە کەمپی هۆل کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت لە پارێزگای حەسەکەی سوریا، لە 25 تشرینی یەکەم. [دەلیل سڵێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەوتەی دانیشتوانی موسڵ، چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ریشیان تاشیوە و حەشارگەکانیان گۆڕیوە لە موسڵ لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق زیاتر بەرەو شارەکە کشان چوارشەممە (26 تشرینی یەکەم) و مەدەنیەکان بە ژمارەی زۆر هەڵهاتن.

چەندین دانیشتوو بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت کە پێدەچێت چەکدارەکان خۆیان ئامادەبکەن بۆ هێرشێك دوای پێشڕەویەکانی ئەم دواییە لە بەرەی خۆرهەڵاتەوە هێزە هەڵبژاردەکانیان گەیاندۆتە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سنورەکانی شارەکەوە.

دانیشتویەکی خۆرهەڵاتی موسڵ کە خۆی بە ئەبو سەیف ناوبرد، وتی: "من هەندێك لە ئەندامانی داعشم بینی بەتەواوی جیاوازبوون لەوەی بەو دواییانە بینیبوومن."

ئەبو سەیف کە لەوەبەر کاسبکار بووە، وتی: "ریشیان کورتکردبووەوە و جلەکانیان گۆڕیبوو. دیارە دەترسن... رەنگیشە خۆیان ئامادەبکەن بۆ هەڵهاتن لە شارەکە."

دانیشتوان و بەرپرسانی سەربازی وتیان زۆر لە چەکدارانی داعش جێگاکانیان لە خۆرهەڵاتی موسڵەوە گۆڕیوە بۆ مۆڵگە ئەسڵیەکانیان لە کەناری خۆرئاوای روباری دیجلە، نزیکتر لە رێگاکانی هەڵهاتنەوە بۆ سوریا.

دانیشتوانەکە وتیان ئێستا دەنگی شەڕ لە بەرەکانی باکور و خۆرهەڵاتی موسڵ لەناوشارەوە دەبیسترێت و فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش نزمتر لە جاران بەسەر شارەکەدا دەفڕن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای وت رۆژی چوارشەممە، دەیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی عێراق شەش گوندی تریان رزگارکرد و چەندین ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و جبەخانەیان تێکشکاند.

جبوری وتی: "هێزەکانی عێراق لەئاستێکی باڵای هەماهەنگییدا دەجوڵێن."

وتیشی: "بەپەنای خوا بەمزوانە سەرکەوتن رادەگەیەنین. داواش لە خەڵکی موسڵ دەکەین، جا موسڵمان، مەسیحی، شەبەك یان یەزیدی بن، کە دۆعابکەن بۆ ئەو رۆژە."

لەهەمانکاتدا، وەزارەتی بەرگری رزگارکردنی کارگەی گازی تلکێفی راگەیاند لە باکوری خۆرهەڵاتی موسڵ لەدەست داعش.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی یەکەکانی فیرقەی 16 ی سوپای عێراق کارگەی گازی تلکێفیان رزگارکرد و زیانی سەختیان بە داعش گەیاند "لەشەڕێکدا کە چەندین کاتژمێری خایاند".

'شەپۆلی ئاوارەکان"

مەزەنەدەکرێت لەنێوان 3,000 بۆ 5,000 چەکداری داعش لەناو موسڵدا بن، دووەم گەورە شاری عێراق، لەپاڵ زیاتر لە ملیۆنێك مەدەنیی گەمارۆدراو.

کارمەندانی کۆمەکگەیاندن هۆشدارییان دا لە ئەگەری رودانی قەیرانێکی مرۆیی لەکاتی دەستپێکردنی شەڕ لەناو شاری موسڵدا.

وەزیرێکی عێراقی رۆژی چوارشەممە وتی زیاتر لە 3,300 مەدەنی کە لە شارەکە هەڵهاتبوون، رۆژی پێشوو داوای کۆمەکیان لە حکومەت کردبوو، ئەمەش تائێستا بەرزترین ژمارەیە بۆ تەنها رۆژێك.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران، جاسم محەمەد جاف، لە بەیاننامەیەکدا وتی "شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبووان" هات کە "بە گەورەترین هەژماردەکرێت لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بۆ رزگارکردنی پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە".

ژمارەی ئاوارەبووان لەزیادبووندا بوو بەڵام رۆژی چوارشەممە لە 8,940 دا وەستا لە ئەمەش رێژەیەکی نزمە، بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە تائێستا زۆربەی شەڕەکان لەو ناوچانەدا رویانداوە کە دانیشتوانێکی کەمیان تێدایە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس مەدەنیەکانی گوندەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ بە پاس گوێزراونەتەوە بۆ کەمپێك لەنزیکی خازر.

خوێندکارێکی 22 ساڵ بەناوی عیسام سەعدون وتی: "شەو و رۆژ لە ترسدا دەژیاین، بۆمبارانەکان نزیکتر دەبوونەوە. داعش دەستی بەسەر ژیانماندا گرتبوو، بۆیە بڕیارماندا هەڵبێین."

هیشام حەمدانی، 59 ساڵ، هەڵهاتنەکەی خۆی بەسەلامەتی لە حەمدانیەوە لە خۆرهەڵاتی موسڵ، وەك "فەسڵێکی (لاپەڕەیەکی) نوێ بۆ خۆم و خێزانەکەم" لەقەڵەمدا.

حەمدانی بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق بەباشی پێشوازییان لێکردین و بردیانین بۆ چادرێك. هیوادارین زۆر لێرە نەمێنینەوە. پشتمان ئەستورە بە هێزە قارەمانەکانمان بۆ پاکردنەوەی ناوچەکانمان لە تێرۆریستان تاکو بتوانین بەزوویی بگەڕێینەوە."

چاوەکان لەسەر رەققەن

لەکاتێکدا دەورەدانی موسڵ چڕتردەبێتەوە، 13 فەرماندەی بەرگری سەربە هاوپەیمانان کە لە 60 وڵات پێکهاتووە، لە پاریس کۆبوونەتەوە و چاویان لەسەر شاری رەققەیە لە سوریا کە دەبێتە تەنها شاری گەورە لەژێر دەستی داعشدا گەر موسڵ لەدەستبدات.

وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر، دوابەدوای وتووێژەکان وتی: "دەستمانکردووە بە زەمینە خۆشکردن بۆ دابڕانی رەققە."

پشتگیریی هاوپەیمانان بریتیبووە لە هەزاران هێرشی ئاسمانی و راهێنانی هێزەکانی عێراق و دابینکردنی راوێژکارانی سەربازی لەسەر زەوی.

وەزیری بەرگری بەریتانیا، مایکڵ فاڵۆن، چوارشەممە وتی هیوادارە بەمزوانە ئۆپەراسیۆن لەدژی داعش لە رەققەش دەستپێبکات.

لەکاتی گەیشتنی بە برۆکسل بۆ کۆبوونەوەیەکی دووڕۆژەی وەزیرەکانی ناوخۆی وڵاتانی ناتۆ، فاڵۆن وتی: "هیوادارین ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە بەرەو رەققەش لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکات."

لەهەمانکاتدا، فەرەنسا رایگەیاند کە ماوەی ئەرکی فڕۆکەهەڵگرەکەی بەناوی چارلس دیگۆل، درێژکردۆتەوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تاکو لانیکەم ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەم، بۆ پشتگیرکردن لە هێرشەکەی موسڵ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500