هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تەوژمێك لە تاوانکاریی داعش لەنزیکی موسڵ

دیارونا

ئەو خێزانە عێراقیانەی ئاوارەبوون بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ، کۆبوونەتەوە لە ناوچەیەك نزیکی گەیارە رۆژی 24 تشرینی یەکەم. رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت خۆی ئامادەدەکات بۆ داڵدەدانی 15,000 عێراقی کە لە شەڕەکانی دەوروبەری موسڵ هەڵدێن لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا. [بولەنت کیلیج / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەو خێزانە عێراقیانەی ئاوارەبوون بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ، کۆبوونەتەوە لە ناوچەیەك نزیکی گەیارە رۆژی 24 تشرینی یەکەم. رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت خۆی ئامادەدەکات بۆ داڵدەدانی 15,000 عێراقی کە لە شەڕەکانی دەوروبەری موسڵ هەڵدێن لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا. [بولەنت کیلیج / ئاژانسی فرانس پرێس]

لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق بەرەو دەوروبەری موسڵ دەکشێن، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە (25 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کە راپۆرتی پێگەیشتووە دەربارەی دەیان کوشتار لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە، لەوانە سەربڕینی 50 پۆلیسی پیشوو، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.

وتەبێژی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، روپەرت کۆڵڤیل، وتی تۆمەتەکان -- کە هێشتا "سەرەتایی"ن -- لەلایەن ژمارەیەك سەرچاوەی مەدەنی و حکومییەوە هاتوون کە ناتوانرێت ناویان بهێنرێت لەبەر هۆکاری ئەمنی.

کۆڵڤیل وتی ئەو تاوانکارییانەی باسدەکرێن لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون لەنێوان چوارشەممە و یەکشەممەدا، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق لەپێشڕەویدا بوون بەرەو موسڵ.

لە گوندێکدا بەناوی سەفینە، نزیکەی 45 کیلۆمەتر باشوری موسڵ، داعش تۆمەتباردەکرێت بە کوشتنی 15 مەدەنی و فڕێدانی تەرمەکانیان بۆ ناو روبارێك، پێدەچیت بەمەبەستی تۆقاندنی دانیشتوانەکە بووبێت.

کۆڵڤیل وتی هەروەها رۆژی 19 تشرینی یەکەم لە سەفینە، چەکدارە توندڕەوەکان "گوایا شەش مەدەنییان بەدەستیان بەستۆتەوە بە ئۆتۆمبیلێکەوە و رایانکێشاون بەدەوروبەری گوندەکەدا، پێدەچێت زۆر بەسادەیی لەبەرئەوەی هەواداری سەرۆك خێڵێك بوون کە دژی داعش شەڕدەکات".

هێزە ئەمنیەکانی عێراق رۆژی 20 تشرینی یەکەم، 70 تەرمی تریشیان دۆزیەوە کە گولـلەباران کرابوون لە گوندی تولول کە نزیكە لەوێوە. کۆڵڤیل وتی یەکسەر ئاشکرانەبوو کێ بەرپرسیار بوو لە کوشتنیان.

هەروەها رۆژی یەکشەممەش، چەکدارانی داعش گوایا سێ ژن و سێ کچیان رەمیکردووە لەکاتی رێپێوانێکی زۆرەملێیدا لە گوندی روفەیلە لە باشوری موسڵ.

نوسینگەکەی مافی مرۆڤ رایگەیاند کە ئەم ژنانە کوژران چونکە بەزەحمەت دەیانتوانی خۆیان رابگرن، پێدەچێت بەهۆی ئەوەوە کە یەکێك لەو کچانە کە دواجار رەمیکرا کەمئەندام بووە.

کۆڵڤیل لە جنێڤ بە پەیامنێرانی وت کە ئەو 50 پۆلیسەی لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر کرابوون، دەگوترێت لە بینایەکدا کوژراون لەدەرەوەی موسڵ رۆژی یەکشەممە.

وتیشی: "زۆر دەترسین ئەمە دواهەمینی ئەو جۆرە راپۆرتانە نەبێت کە دەربارەی ئەو کردەوە دڕندانەی داعش پێماندەگات." هەروەها وتی هەموو تۆمەتەکان "پێویستیان بە کەمێك زیاتر کاری (لێکۆڵینەوە) هەیە" پێشئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت بەدڵنیایی بڵێت رویانداوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی هەیە بۆ 150,000 ئاوارە

لەهەمانکاتدا، هێزەکانی عێراق رۆژی سێشەممە دەکشان بەرەو خۆرهەڵاتی موسڵ بەنزیکەی مەسافەی تەقەکردن.

فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆر، فەریق ئەوەل عەبدولغەنی ئەسەدی، بە دیارونای وت کە هێزەکانی سەر بە دەزگاکەی چوار گوندیان لە دەوروبەری باکوری خۆرهەڵاتی موسڵ گرتەوە.

ئەسەدی وتی: "ئاڵای عێراق بەرزکرایەوە لە گوندەکانی تەبە، توب زاوا، موەفەقییە و تەهراوە."

ئەسەدی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "دەبێت ئێستا هەماهەنگی بکەین لەگەڵ هێزەکانی بەرەکانی تر بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی هەماهەنگ" بۆسەر موسڵ.

سەرۆکی رێکخراوی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی رێکخراوەکەی خۆی ئامادەدەکات بۆ لەخۆگرتنی 150,000 عێراقی کە لە موسڵ هەڵدێن.

" خۆئامادەکردنەکان بەباشی بەڕێوەدەچن ... رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی دوو یان سێ رۆژدا 30,000 خێمەی لە عێراق دەبێت، کە بەشی 15,000 کەس دەکات،" فیلیپۆ گراندی بە پەیامنێرانی وت لە ئەردەن پاش سەردانێکی بۆ عێراق.

دەشێت ملیۆنێك خەڵک ئاوارە ببن و ببێتە هۆی کێشەیەکی مرۆیی بێوێنە لە وڵاتێکدا کە بەوتەی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ملیۆنی تر ناچارکراون بە بەجێهێشتنی ماڵەکانیان لە سەرەتای 2014 وە.

گراندی وتی بابەتی سەرەکی "دۆزینەوەی جێگای پێویستە کە بتوانن ئەم ژمارە گەورەیە لە خەڵك بگرنەخۆیان ئەگەر لە موسڵ بێنەدەرەوە".

وتیشی: "دانوستان لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە."

هەروەها وتی تائێستا "هاتنی ئاوارەکان هێشتا لە شاری موسڵەوە نیە، بەڵکو لە دەوروبەریەوە" کە شەڕی تیادایە.

گراندی وتیشی: "نزیکەی 7,500 ئاوارە لە دەوروبەری موسڵەوە جوڵاون بەرەو جێگای تر و کۆمەکیان کراوە و رەنگە نزیکەی 1,000 کەسیش پەڕیبێتنەوە بۆ سوریا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500