هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

داعشی هەڵهاتوو بە چەکەکانی خۆی بەرەنگاریی دەکرێت لە ئەنبار

عەلاء حسێن لە بەغدا

هێزەکانی عێراق زەخیرەیەکی چەك دەپشکنن کە لەلایەن چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە بەجێهێڵدراوە لە فەلوجە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

هێزەکانی عێراق زەخیرەیەکی چەك دەپشکنن کە لەلایەن چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە بەجێهێڵدراوە لە فەلوجە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

لەکاتێکدا "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) خاك لەدەستدەدات و بەرەکانی شەڕ بەجێدەهێڵێت لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق، لە زۆر حاڵەتدا چەکدارەکانی چەك و کەلوپەلەکانیان بەجێدەهێڵن، لێپرسراوانی سەربازی و ناوخۆیی بە دیارونایان وت.

هەندێك لەو چەکە بەجێهێڵدراوانە لەلایەن چەکدارانی حەشدی خێڵەکیەوە هەڵگیراونەتەوە و ئێستا بەکاریدەهێنن بۆ دەرپەڕاندنی گروپەکە لە ناوچەکانیان، لە هەنگاوێکدا کە بەڕای لێپرسراوان گۆڕانکارییەکی ئاشکرا پیشاندەدات لە هاوسەنگیی هێزدا.

لەکاتێکدا چەکدارانی داعش دەبەزن لەم پارێزگایەی ئەوپەڕی خۆرئاوای عێراقدا، "هەڵدێن و جۆراوجۆر چەك و تەقەمەنی بەجێدەهێڵن،" فەرماندەی حەشدی خێڵەکی لە ناحیەی بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، بە دیارونای وت.

سەمەرمەد وتی: "زۆر لە یەکەکانی حەشدی خێڵەکی لە ئەنبار ئەمڕۆ چەکدارانیان بە چەکەکانی داعش چەکداردەکەن بەئاگاداری و رەزامەندیی هێزە ئەمنیە حکومیەکانی پارێزگاکە."

وتیشی لەکاتی شەڕی رزگارکردنی دورگەی بەغدادیدا هێزەکەی دەستیگرت بەسەر زۆر لەو پیکابانەدا کە داعش بۆ گواستنەوەی چەکدارەکانی بەکاریدەهێنان، لەپاڵ چەندین جۆر چەك و تفەنگدا.

وتی هەروەها یەکەیەك دەستیگرت بەسەر ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆشدا کە پێدەچوو چەکدارانی داعش لە سوریاوە هێنابێتیانە ئەمدیو سنور تا لە شەڕدا لە عێراق بەکاریبهێنن.

سەمەرمەد وتی ئەم چەکانە کراون بە بەشێك لە زەخیرەی چەکی حەشدی خێڵەکی بەرەزامەندیی حکومەت و لەلای خۆیەوە حکومەتیش تەقەمەنی و بەنزینی بۆ جەنگاوەرە خێڵەکیەکان دابینکردووە.

هێزێکی رێکخراو و یەکگرتوو

یاریدەدەری فەرماندەی حەشدی خێڵەکی لە ئەنبار، لیوا ئەحمەد بیلاوی، وتی حەشدی خێڵەکی کە شانبەشانی هێزەکانی عێراق شەڕدەکات، "هێزێکی رێکخراوە بە فەرماندەییەکی یەکگرتووەوە".

بیلاوی بە دیارونای وت دەوروبەری 10,000 چەکدار بەفەرمی لە حەشدی ئەنباردا تۆمارکراون و موچە لە حکومەت وەردەگرن.

وتیشی حکومەت ئەم هێزانەی چەکدارکردووە بە چەکی سوك و مامناوەندی و کەلوپەلی تریشی بۆ دابینکردوون، لەوانە ئۆتۆمبیلی سوك بۆ گواستنەوەی چەکداران بۆ بەرە جۆراوجۆرەکان.

وتی هەروەها هێزەکانی حەشدی خێڵەکی چەکیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە کە لەدژی داعش شەڕدەکەن لە عێراق و سوریا، بەئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی عێراق، ئەمەش لەپاڵ پشتگیریی سەربازیدا لەکاتی شەڕدا.

بەگوێرەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، هیچ گومانێك لەوە نیە کە ئەم چەکانە لەژێر کۆنترۆڵ و لە خزمەتی دەوڵەتدا دەمێننەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنەکە، تەها عەبدولغەنی، بە دیارونای وت چەکدارانی حەشدی خێڵەکی "ئەو خۆبەخشانەن کە خۆیان تەرخاندەکەن بۆ بەرگریکردن لە پارێزگاکەیان و وڵاتەکەیان و ئەو چەکانە تەنها بەرپرسیارانە بەکاردەهێنن".

دەربارەی نیگەرانی لەوەی رەنگە داعش هەوڵی گرتنەوەی چەکە دەستبەسەرداگیراوەکانی بدات، عەبدولغەنی وتی: "داعش چیتر هەرگیز کیانێکی نابێت بۆ چەکدارکردنی خۆی و شەڕکردن لە پارێزگاکەدا."

داواشیکرد کە ژمارەی چەکدارانی حەشدی خێڵەکی لە پارێزگاکەدا زیادبکرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن دەسەڵاتیان بەسەر ناوچە رزگارکراوەکاندا بهێڵنەوە کە رۆژانە قەوارەیان زیاتردەکات لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانی عێراقدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500