هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

منداڵان دەمرن بەهۆی چاندنی مینەوە لە دەوروبەری مەدایا لەلایەن حیزبوڵاوە

نیهاد تۆپالیان لە بەیروت

ئەم مینە زەمینیە لە شارۆچکەی سوریی گەمارۆدراوی مەدایا دۆزراوەتەوە. دانیشتوانەکەی دەڵێن حیزبوڵا ئەم مینانەی لە دەوروبەری شارەکە چاندووە. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی سوریی ئەحمەد عەبدولوەهاب]

ئەم مینە زەمینیە لە شارۆچکەی سوریی گەمارۆدراوی مەدایا دۆزراوەتەوە. دانیشتوانەکەی دەڵێن حیزبوڵا ئەم مینانەی لە دەوروبەری شارەکە چاندووە. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی سوریی ئەحمەد عەبدولوەهاب]

گەمارۆدراو لەنێو شارۆچکەکەیاندا لەلایەن رژێمی سوریا و حیزبوڵای لوبنانیەوە، دانیشتوانی شارۆچکەی مەدایای نزیك دیمەشق بە دیارونا دەڵێن گەر هەوڵی هەڵاتن بدەن روبەڕوی مەرگ دەبنەوە بە مین.

لەکاتی ئەو گەمارۆیەی کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە , حیزبوڵا خاڵی پشکنینی گەڕۆك و جێگیری داناوە و بە هەزاران مینی زەمینی چاندوە لە کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵیەکانی دەوروبەری ئەو شارۆچکە چیاییە، وەك خۆیان دەڵێن.

چالاکوانانی ناوچەکە بە دیارونایان وت لەمساڵدا و تائێستا 50 کەس لە شارۆچکەکە بوونەتە قوربانی تەقینەوەکان، 10یان دەستبەجێ کوژران، لەکاتێکدا 14ی دیکە قاچیان لەدەستداوە.

حیزبوڵا دەورەیداون

لە 3 تشرینی یەکەمدا، تەقینەوەی مینێك سێ پیاوی گەنجی بریندارکرد، کە یەکێکیان روبەڕوی ئەگەری بڕینەوەی قاچی دەبێتەوە.

رەزا ناسری تەمەن 19 ساڵ، کە ناوێکی خوازراوە لەبەر سەلامەتی خۆی، بە دیارونای وت چۆن ئەو و گروپێك پیاوی گەنج لە مەدایا کەوتونەتە کێڵگەیەك لە مینی زەمینییەوە.

وتی خەڵکی مەدایا چاوەڕێی کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکانن بۆ دەستڕاگەیشتن بە شمەکی خۆراکیی ، "بەڵام کورتهێنانێکی گەورە لە خوێدا هەیە، کە بەشێك نەبوو لە کۆمەکەکە".

ناسر وتی: "من و کۆمەڵێك گەنج ویستمان گەمارۆکە بشکێنین و بڕێك خوێ بهێنین، دوای ئەوەی نرخی کیلۆیەك بەرزبۆوە بۆ زیاتر لە 100 دۆلار."

وتی: "هەر کە گەیشتینە ناوچەیەكی ناسراو بە وەزیر، ژمارەیەك لە مینی دژە-کەسیی تەقینەوە، دوانیان لە گروپەکە بریندارکرد، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە بەبێ زیان هەڵاتین."

وتیشی: "دوای تەقینەوەکان، لایتی مۆبایلەکانمان هەڵکرد تا چاودێریی بریندارەکان بکەین و بینیمان بە مینی زەمینی دەورمان گیراوە."

ناسر وتی یەکێك لە بریندارەکان راستەوخۆ قاچی چەپی گرتبوو، کە مەترسیی ئەوەی هەیە قاچی ببڕێتەوە گەر نەبرێتە نەخۆشخانەی دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ نەشتەرگەریی.

وتی: "لەئێستادا ئازارێکی قورسی هەیە، بەڵام ئەو تاکە قوربانیی مین نیە، چونکە زۆرێك برینداربوون لەکاتێکدا هەوڵیانداوە بگەنە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری مەدایا."

"ئێمە ئەژین و مەرگ شانبەشانمان هەنگاودەنێت،" وتی: "لەهەموو شتێك بێبەشکراوین، [حیزبوڵاش] بە چەك و بەربەستی رێ و مینەکانیەوە دەوری ئێمەی گرتووە."

قاچ بڕینەوەی بەزۆر

محەمەد تاریق، کە ئەمیش ناوێکی خوازراوە، بە دیارونای وت کە روبەڕوی چەندین سەختی بۆتەوە دوای بڕینەوەی قاچی.

ئەو پیاوە گەنجە سەرەتای ئەمساڵ بە مینێك برینداربوو، دواتر توانرا شارۆچکەکە بەجێبهێڵێت بۆ بەردەوامیدان بە چارەسەرەکەی.

وتی: "نەمانزانی میلیشیای حیزبوڵا گەمارۆمان دەدات و شارۆچکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانمان پڕدەکات لە مین."

ئەو بیریکەوتەوە کە لە ناوەڕاستی کانونی دووەمدا خۆی و گروپێك لاو "چووینە زەوییەك لەلایەن خێزانەکەمانەوە خاوەندارێتیی دەکرا تا گونجاویی چاندن تیایدا هەڵبسەنگێنین".

وتی: "هەرکە پێم خستە سەر ئەو زەوییە هەستم بە تەقینەوەیەك کرد کە جەستەمی هاژاند، تەنیا چەند ساتێك دواتر درکم بەوەکرد بەسەختی برینداربووم."

"هەوڵمدا لەسەرپێی خۆم بوەستم، بەڵام نەمتوانی، هاوڕێکانیشم نەیانتوانی تاقەهەنگاوێك بنێن،" وتی: "خۆم کێشا بەرەو رووی ئەوان، خوێنیش نیوەی خوارەوەمی داپۆشیبوو."

تاریق دواتر نێردرایە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی، کە لەوێ پێیوترا دۆخەکەی هەستیارە و پێویستی بە نەشتەرگەریی دەستبەجێیە.

وتی: "بەڵام ئەو گەمارۆیەی خرابووە سەر شارۆچکەکە بڕیاری بڕینەوەی قاچمی سەپاند."

وتی لە دوایین 10 مانگدا، تووشی چەندین سەختیی بۆتەوە بەهۆی بڕینەوەی قاچیەوە، کە بە هەڕەمەکی ئەنجامدرا بەهۆی نەبوونی نەشتەرگەری تایبەتمەندەوە.

"بەهەرحاڵ دواجار توانیم مەدایا بۆ چارەسەر بەجێبهێڵم، بەڵام تا ئەمڕۆش ناتوانم بگەمە نەخۆشخانەیەك تا دۆخی من بپشکنێت،" وتی: "بە قاچێکی دەستکردەوە دەژیم کە هێشتا پێی رانەهاتووم، هەموو ئەمەش بەهۆی حیزبوڵاوە، کە رقی لەدژی ئێمە چاندووە."

منداڵان دەمرن

بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەمرها و چالاکوانی تەندروستی ئەبوعەلی حەمادە بە دیارونای وت ژمارەیەك منداڵ کوژراون یان برینداربوون بە مین لەکاتێکدا لە دەوروبەری شارۆچکەکە یارییان کردووە.

وتی حیزبوڵا مینی شاراوەی لە شارۆچکەکەدا چاندووە، ژمارەی مینەکانی خەمڵاند بە "6,000 مینی زەمینی لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە نێوماندا".

رایگەیاند مینەکان 50 برینداریان لێکەوتۆتەوە لە دەستپێکی گەمارۆکەوە، کە حەوتیان منداڵ بوون -- سیانیان مردن و چواریان قاچیان بڕایەوە.

وتی مینەکان بوونەتە هۆی مردنی ئاژەڵی ماڵییش، بە ئاماژەدان بەوەی کە هەرشتێك پێبخاتە دەروەەی سنورەکانی شارۆچکەکە ریسکی ئەوە دەکات کە مین بتەقێنێتەوە.

رایگەیاند: "ویستمان لە زەوییەکە دەریانبهێنین و تیمێکمان لە چالاکوانی لاو بە هەندێك ئەزمونەوە [لە دەرهێنانی مین] پێکهێنا، بەڵام دوای دەرهێنانی 15 مین لە یەکەمین رۆژی پرۆسەکەدا، لاوێك بەر [تەقینەوەی] مینێك کەوت."

وتی دکتۆرە مەیدانییەکان ناچاربوون قاچی ببڕنەوە، وتیشی دوای ئەوە، پرۆسەی پاککردنەوەی مین کۆتایی هات.

وتیشی بۆ زیادکردنی مەترسیی "حیزبوڵا بەوەیزانی چیدەکەین بۆیە دەستیکرد بە چاودێرییکردنی چڕوپڕمان"، تەنانەت کامێرایان بە تیشکی خواروسور (ئینفرارێد) داناوە.

حەمادە ئاماژەی بەوەکرد گەمارۆی سەپێنراوی حیزبوڵا بۆتە هۆی کەمبوونەوەی هاتنی شمەك، بەتایبەت شمەکی تەندروستی.

وتی: "بۆیە گەر کەسێك بە مین برینداربێت، ناچارین قاچی ببڕینەوە و قاچێکی دەستکردی بخەینەجێ، چونکە پزیشکی تایبەتمەند و پێداویستیی و شمەکی تەندروستیمان نیە."

رایگەیاند: "کەس ناتوانێت وێنای دۆخی سەختی کەسێك بکات کە بە مین برینداردەبێت، دیمەنی خوێن لێچۆڕێنی، قاچی هەڵتەقیو، کە دواتر بەیارمەتی ماددەی سڕکەری خۆجێی قاچی دەبڕدرێتەوە لەکاتێکدا بەهۆی ئازارەوە هاوارێك دەکات لە هەموو مەدایادا دەنگدەداتەوە."

وتی: "ئێمە تا مردن بە حیزبوڵا گەمارۆدراوین".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500