هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سوریەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی داعش دەکەن بۆ سەر زەماوەندەکەی حەسەکە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

نیشانەی دەرەوەی هۆڵی هاوسەرگیریی سەنابل نزیك شاری حەسەکە ئەو زیانە دەردەخات بە شەقامەکە گەیشتووە بەهۆی هێرشی خۆکوژیی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' لە 3 ئۆکتۆبەردا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی حەسەکە]

نیشانەی دەرەوەی هۆڵی هاوسەرگیریی سەنابل نزیك شاری حەسەکە ئەو زیانە دەردەخات بە شەقامەکە گەیشتووە بەهۆی هێرشی خۆکوژیی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' لە 3 ئۆکتۆبەردا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی حەسەکە]

هێرشێکی خۆکوژیی کوشندەی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) کە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی نزیك شاری حەسەکەی بەئامانجگرتبوو ئەوە دەردەخات گروپەکە تەنها باندێکی تاوانکارییە کە بەدوای خوێنڕێژییدا دەگەڕێت بۆ هەموو ئەوانەی روبەڕوی دەبنەوە، بەپێی وتەی خەڵکی ناوچەکە.

بەرپرسان و شایەتحاڵەکان بە دیارونایان وت بەکارهێنانی کوڕێکی لاو لەلایەن گروپەکەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژیی 3 ئۆکتۆبەر بۆ سەر هۆڵێکی هاوسەرگیریی کوردیی، کە 37 کەسی کوشت و بە دەیانی بریندارکرد، بەڵگەیەکی زیاترە لەسەر بێڕێزیی بەرامبەر ژیانی مرۆڤ.

بەگوێرەی روانگەی سوریی بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ، 11 منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا بوون، کە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لێی راگەیاند لە ئاژانسی هەواڵی ئاماقی خۆیەوە.

داعش لاوان بەکاردەهێنێت

ئەفسەری یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردیی (یەپەگە) فەرهاد خۆجە وتی: "سەرەڕای رێکارە ئەمنیەکان کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئاسایش گیراونەتە بەر لەو ناوچانەی باکوری سوریا کە ئازادکراون، تاوانکاریی گروپەکە وایلێدەکات بتوانێت دزەبکاتە گوندە ئارامەکانەوە بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی."

"خۆکوژەکە گەنجێك بووە کە تەمەنی لە 15 ساڵ تێپەڕینەکردووە، کە رەنگە بەوهۆیەوە توانیبێتی بگاتە هۆڵی هاوسەرگیرییەکە و تاوانەکە ئەنجامبدات،" خۆجە بە دیارونای وت.

وتیشی بۆ لاوێك ئاسانە دزەبکاتە ناو هۆڵەکەوە لە دۆخێکی لەوشێوەیەدا بەبێ ئەوەی سەرنجی خەڵك رابکێشێت، لەکاتێکدا سەرکۆنەی بەکارهێنانی لاوانی کرد لەلایەن داعشەوە.

خۆجە وتی گروپەکە سوپایەکی زەبەلاحی پێکهێناوە لەژێرناوی "بێچووەشێرانی خەلافەت" بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدەمی ئەو کورتهێنانەی لە ژمارەی چەکداردا تووشی داعش بووە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانەوە.

وتیشی هێرشەکە تاوانکاریی داعش لە چەند ئاستێکدا پشتڕاستدەکاتەوە، بە جەختکردنەوە لە "پێویستی روبەڕوبوونەوە و لەناوبردنی [گروپەکە] لەو ناوچانەی کە ئامادەییان هەیە لە سوریا و عێراق بۆ وەستاندنی خوێنڕێژیی".

ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندان

وێنەگری ئاهەنگی هاوسەرگیریی وەلید محەمەد وتی وێنەی ئاهەنگەکەی دەگرت کاتێ هەستی بە تەقینەوەیەکی گەورە کرد، بە پێی ئاژانسی فرانس پرێس.

وتی: "چەندین خەڵکم بینی مردن -- منداڵی بچوك، خەڵکی پیر."

بوك و زاوا سەلامەت بوون، بەڵام باوك و برای زاوا کوژران لە هێرشەکەدا، خزمێکیان وتی.

"برینەکانی زاوا سوکن، خۆی و خێزانە نوێکەی لە ماڵی خزمێکیاندا دەمێننەوە. نایەوێت هیچ کەس ببینێت،" وتی: "بەڕاستی بەم روداوە راچەنیون."

محەمەد کەسار، گۆرانیبێژێکی زەماوەند، زۆری لەخۆیکرد تا فرمێسك نەڕێژێت کاتێ وەسفی پاشماوەکانی هێرشەکەی کرد.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "هێشتا لە شۆكدام. ئەوانە منداڵ و ژن بوون."

پەرستار لەگەڵ مانگی سوری کوردیی هەڤاڵ عەباس وتی ژمارەی سەرەتایی قوربانیان لە هێرشەکەوە 22 کوژراو بوو، لەگەڵ نزیکەی 100 بریندار.

بە دیارونای راگەیاند بەڵام ژمارەی کوژراوان بۆ 37 بەرزبۆوە چونە "هەندێك لە برینەکان زۆر سەختبوون بەهۆی ئەوەی لە ئاکامی پارچەی بۆمبەکەوە بوون".

وتی ژمارەیەکی زۆر لە برینداران هێشتا لەژێر چاودێریی پزیشکییدان لە نەخۆشخانەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلی و عامودا، لەکاتێکدا چوار برینداری سەخت گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی دهۆك لە عێراق.

وتی یەکێك لەو بریندارانەی گوازرانەوە بۆ دهۆك گیانی لەدەستداوە.

یەکگرتن دژی تیرۆریزم

ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانیی ئاشتی عەمار ساڵح بە دیارونای وت داعش خەڵکی حەسەکەی بەئامانجگرتوە وەك کاردانەوەیەك بەرامبەر "رەتکردنەوەی بوونییان لەو ناوچانەدا."

وتی خۆکوژەکان چەندین هێرشیان لە ناوچەکە ئەنجامداوە لە رابردودا، بەڵام دوایین هێرشیان "قێزەونترینیان بوو".

وتی ئاهەنگەکە لەلایەن خێزانێکی کوردی بەناوبانگەوە ئەنجامدرا، بۆیە پێشبینیدەکرا هۆڵەکە و ناوچەی دەوروبەری زۆر قەرەباڵغ بن.

وتی، "خەڵکی حەسەکە لە هەموو هۆز و نەتەوەکان پێکهاتوون،" وتیشی کە ئەوان یەکگرتوون دژی تیرۆرزم، "کە جیاوازیی لەنێوان عەرەب و کورددا ناکات".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500