هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

رادیۆیەکی نوێ لە موسڵ دانیشتوان ئامادەدەکات بۆ رزگارکردن

خالید تائی

بەرپرسانی عێراقی تەماشادەکەن لەکاتێکدا رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ بۆیەکەمجار دەستدەکاتە پەخش لە 4 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ]

بەرپرسانی عێراقی تەماشادەکەن لەکاتێکدا رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ بۆیەکەمجار دەستدەکاتە پەخش لە 4 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ]

لەکاتێکدا شەڕ نزیکدەبێتەوە بۆ سەندنەوەی شاری موسڵ لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، تۆڕی میدیایی عێراق وێستگەیەکی رادیۆی نوێی دامەزراند کە لە پەخشەکانیدا داوا لە دانیشتوان دەکات هاوکاریی هێزە ئەمنیەکان بکەن و ئامادەبن بۆ شەڕی رزگاری.

رادیۆکە رێنمایی دەدات بە دانیشتوان دەربارەی راڕەوە ئەمنیەکان بۆ دەربازبوون، رێوشوێنی سەلامەتی، هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و هەروەها زانیاریی هەنوکەییشیان پێدەبەخشێت لەسەر رەوتی شەڕەکە.

بەڕێوبەری تۆڕی میدیایی، عەلی شەلاه، بە دیارونای وت رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ بە فەرمی رۆژی 4 تشرینی یەکەم لە کاتژمێری 12:00 نیوەڕۆ دەستیکرد بە پەخش لە شاری گەیارە، 60 کیلۆمەتر باشوری موسڵ.

شەلاه وتی وێستگەکە رۆژانە لەنێوان کاتژمێری 8:00 بەیانی و نیوەشەودا لەسەر شەپۆلی 103.3 FM2 پەخشدەکات.

وتیشی: "دەمانەوێت وێستگەکە بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە قسەبکات و لەبەرئەوەش رێککەوتین کە ناوی بنرێت 'رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ' [...] بۆئەوەی جەخت لەسەر ئەوە بکرێت کە موسڵ هەمیشە بە دڵی عێراق و بەشێك لە ناسنامە کولتوریەکەی دەمێنێتەوە."

وتی ئێستا رادیۆکە روماڵی هەموو پارێزگای نەینەوا دەکات و "هیوادارین دواتر پەخشەکەی بەرفراوانتر ببێت و هەموو ناوچەکانی باکوری وڵات بگرێتەوە".

ئامرازێکی میدیایی و کولتوری

شەلاه وتیشی لەپاڵ هاندانی دانیشتواندا بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنیەکان و رێنماییکردنیان بۆ خۆپاراستن لەکاتی هێرشەکاندا، بەرنامەکان هەواڵی هەنوکەییش پەخشدەکەن دەربارەی سەرکەوتنەکانی هێزەکانی عێراق و پێشڕەویە مەیدانیەکانیان و راپەڕینی خەڵکیش دژ بە داعش.

هەروەها وتی: "بەرنامەکان راپۆرتیش دەربارەی ئەو ئاسەوارە مرۆییانەی موسڵیش پەخشدەکەن کە تێرۆریستەکان ئەمڕۆ هەوڵدەدەن گڵاوی بکەن لە تاوانە ناشیرینەکانیاندا دژ بە مێژو و کولتور و سیمبۆڵەکانی ئەم شارە رەسەنەی عێراق."

وتی وێستگەکە "پرۆژەیەکی میدیایی و کولتورییە" بۆ خەڵکی موسڵ و لەپاش رزگارکردنیشی بەردەوامدەبێت لەسەر پەخش لەناوەندی شارەکەوە.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی فەرماندەییەکە پاراستنی ئەمنیی بۆ رادیۆ نوێکە دابینکردووە.

سەبری بە دیارونای وت: "کاری ئەو تیمە ئەندازیاریانەمان ئەمینکردووە و کارئاسانیمان بۆ کردوون کە ئامێرەکانی رادیۆکەیان دامەزراندووە و لەئێستاشدا هەڵدەستین بە پاراستنی کارمەندەکانی پەخش و تەکنیکیەکان."

وتی ئەم رادیۆ نوێیە گوڕێکی زۆر دەدات بەو سەربازە عێراقیانەی بەشدارن لە رزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی تری نەینەوادا.

هەروەها وتی رادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ لەپاڵ رادیۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی نەینەوادا کە لە مانگی شوباتدا دەستی بە پەخش کرد، "یارمەتیمان دەدات پەیامی دڵنیاکەرەوە و رێنمایی بنێرین بۆ خەڵکەکەمان لە موسڵ".

وتیشی دڵنیایان دەکاتەوە کە "سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تێرۆریستاندا مسۆگەرە".

بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی داعش

سەبری وتی داعش میدیا بەکاردێنێت بۆ "فریودان و هەڕەشەلێکردنی هاوڵاتیان و کار لە ورەیان بکات".

وتیشی لەڕێگای چڕکردنەوەی پەخشی رادیۆوە "دەتوانین بەرپەرچی پڕوپاگەندەی دوژمن و هەوڵی بەردەوامی بدەینەوە بۆ شێواندنی سەرکەوتنەکانی هێزەکانمان و شاردنەوەی تێکشکاندنەکانی خۆی".

سەرۆکی کۆلێژی راگەیاندن لە زانکۆی فارابی، کازم میقدادی، وتی دامەزراندنی ئەم رادیۆ نوێیە هەنگاوێکی گرنگە لە بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی داعشدا.

وتیشی بەتایبەتی لەم کاتەدا گرنگە کە هێزەکانی عێراق لە دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەدان لەدژی داعش لە موسڵ بۆ دەستگرتنەوە بەسەر شارەکەدا.

میقدادی بە دیارونای وت: "گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و راستیەکان بە دانیشتوانی موسڵ هەموو ئەو درۆیانەی تێرۆریستەکان بەدرۆدەخاتەوە کە لەڕێگای میدیا و پڕوپاگەندەکەیانەوە هەوڵی پەخشکردنی دەدەن."

هەروەها وتی: "گەڕانەوەی میدیای فەرمیی دەوڵەت بۆ شارەکە و روماڵکردنی پێشڕەویە سەربازیەکان فاکتەرێکی سەرەکیە لە شەڕی رزگارکردندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500