هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

خێزانەکانی حەویجە لەدەست برسێتی و توندوتیژیی داعش هەڵدێن

خالید تائی

دانیشتوانی حەویجە بە پاس هەڵدێن بەرەو کەمپی ئاوارەکانی لەیلان لە کەرکوك بۆ قوتاربوون لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارە]

دانیشتوانی حەویجە بە پاس هەڵدێن بەرەو کەمپی ئاوارەکانی لەیلان لە کەرکوك بۆ قوتاربوون لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارە]

سەدان خێزان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بە هەڵهاتن لەدەست برسێتی و دڕندەیی حوکمڕانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شاری حەویجە لە کەرکوك.

بەرپرسان بە دیارونایان وت کە رۆژی 2 تشرینی یەکەم هێزە ئەمنیەکانی عێراق پێشوازییانکرد لە زیاتر لە 500 مەدەنی، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە ناوچەی مەکتەب خالید لەدەرەوەی شاری کەرکوك.

بەڕێوبەری کۆچ و ئاوارە لە کەرکوك، عەمار سەباح، وتی: "ئەمە دواترین کۆچی بەکۆمەڵی خێزانەکانی حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەرێتی کە دوو ساڵ زیاترە لەژێردەستی داعشدان."

سەباح بە دیارونای وت زۆربەی ئەوانەی هەڵدێن دەچن بەرەو مەکتەب خالید و شارۆچکەکانی داقوق و دبس، کە لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پێشوازییان لێدەکرێت و کۆمەکی خێرایان دەکرێت.

وتیشی: "هەر کە دەگەن، خواردن و ئاویان دەدەینێ و کۆمەکی فریاگوزاری بۆ بریندار و نەخۆشەکان دابیندەکەین، پێشئەوەی بیانگوێزینەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارەبووان لە پارێزگای کەرکوك."

وتی ئەمجار ناویان لە داتابەیسێکدا تۆماردەکرێت بۆ وەرگرتنی کۆمەكی دارایی و شمەك و کۆمەکی مرۆیی.

هەروەها وتی: "بەشی 5,000 خێزان زەخیرەی خۆراك و شمەکمان هەیە و بەتەواوی ئامادەین بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاو."

'هەڵهاتن تەنها بژاردە بوو'

ئەبو عەبدوڵا، 59 ساڵ، یەکێك بوو لەو سەدان مەدەنیەی لە 2 تشرینی یەکەم لە حەویجەوە بەرەو مەکتەب خالید هەڵهاتن.

ئەبو عەبدوڵا کە داوایکرد ناوێکی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت، وتی "رێگایەکی دژوار و ترسناك"یان بڕی.

هەروەها بە دیارونای وت لەگەڵئەوەشدا "خێزانەکان پێیان باشتر بوو هەڵبێن و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە وەك لەوەی لە شارەکەدا بمێننەوە و لە برساندا دەمرن". وتی: "هیچمان نەمابوو بیخۆین. خۆراکی وەك گەنم و برنج یان دەستناکەون یان زۆر گرانن."

ئەبو عەبدوڵا وتی نرخی فەردەیەکی 50 کیلۆیی شەکر ملیۆنێك دینارە (869 دۆلار)؛ کیلۆیەك چا 150,000 دینار (129 دۆلار)؛ کیلۆیەك پیاز 6,000 دینار (5 دۆلار) و قاڵبێك سابون بە 30,000 دینارە (25 دۆلار).

وتیشی : "باری ژیانمان کارەساتاوی بوو. نە کارەبامان هەبوو، نە ئاوی خواردنەوە و دەرمان و خزمەتگوزاریە گشتیەکان."

هەروەها دەربارەی تاوانەکانی داعش وتی رۆژێك تێنەدەپەڕی بەبێ کوشتن یان دەستگیرکردنی خەڵکی شارەکە.

ئەبو عەبدوڵا وتی: "تێرۆریستەکان پارەیان لێدەسەندین و دەستیاندەگرت بەسەر موڵکوماڵماندا لەژێر هەڕەشەی مردندا."

وتیشی: "کوشتن و قامچیلێدان و بەردبارانی قوربانیەکانی داعش لە بازاڕ و جێگا گشتیەکاندا ئەنجامدەدران و خەڵك بێدەسەڵات بوون بەرامبەر دڕندەیی تێرۆریستەکان."

هەروەها وتی: "هەڵهاتن تەنها چارە بوو بۆ ئێمە تا خۆمان لەو دۆزەخە دەربازبکەین، تەنانەت گەر بە نرخی ژیانیشمان کۆتایی بهاتایە."

بارودۆخی سەخت

پەرلەمەنتاری کەرکوك، خالید مەفرەجی، وتی ژمارەی ئەو خێزانانەی لە حەویجە هەڵهاتوون بەرەو کەرکوك لەوکاتەوەی داعش لە 2014 دەستیگرت بەسەر شارەکەدا، نزیکەی 20,000 کەس دەبێت.

مەفرەجی بە دیارونای وت لەدوای تێکشکانەکانی داعش لە گەیارە و شەرگات، گروپەکە چنگی زیاتر گیردەکات لە دانیشتوانی حەویجە.

وتی: "زۆر لەو خێزانە هەڵهاتووانەی من قسەم لەگەڵ کردوون، باس لە کوشتنی ترسناك و ئەو تاکتیکە تۆقێنەرانە دەکەن کە داعش بەکاریاندەهێنێت دژی مەدەنیەکان و تەنانەت دژی ئەو ئەندامانەی خۆی کە لە شەڕ هەڵدێن."

وتی هەروەها باسی باری مرۆیی "کارەساتاوی" دەکەن لەناو شارەکەدا بەهۆی کەمیی خۆراك و نرخە یەکجار بەرزەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە.

وتیشی: "تەنها نەخۆشخانەی شارەکە تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی تێرۆریستەکان و خێزانەکانیان."

هەروەها وتی: "خەڵك هیچ چارەیەکیان بۆ نەماوەتەوە هەڵهاتن نەبێت لە تاریکیی شەودا و چەند رۆژێك رێکردن بەناو رێگای ناهەمواردا بۆئەوەی داعش نەیانبینێت. تەنانەت بەو حاڵەش چەندین خێزان گیراون یان بوونەتە قوربانیی مینەکان [کە لەلایەن داعشەوە چێنراون]."

خەڵکەکە چاوەڕوانن

مەفرەجی وتی: "داعش ئەمڕۆ لاوازە لە حەویجە." لەبارەی گرتنەوەی شارەکەش وتی: "زەبرێکی گەورە دەبێت بۆ تێرۆریزم."

سەرپەرشتیاری هێزە رزگارکەرە خێڵەکیەکان لە حەویجە، شێخ ئەنوەر عاسی، وتی هێزەکانی ئامادەن بۆ شەڕی رزگارکردنی شارەکە.

وتی: "داعش خەڵکەکەمان دەکوژێت و ئەشکەنجەیان دەدات و هەموو شتێکیان لێ زەوتدەکات، تەنانەت نانیش. باری ژیانیان رۆژبەڕۆژ خراپتردەبێت بەهۆی ستەمکاریی ئەم تێرۆریستانەوە."

عاسی بە دیارونای وت هێزە خێڵەکیەکان ئامادەن بەشداریی شەڕ بکەن هەرکاتێك گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکرێت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە.

وتیشی: "ئێمە یەکەمین کەس دەبین کە بچینە ناو شارەکەوە. ژمارەیەکی پێویست لە خۆبەخشمان هەیە و تەنها پێویستمان بە چەکی زیاترە بۆ تێکشکاندنی تێرۆریستەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500