هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

جەنگاوەرێکی سوری دەگەڕێتەوە ئەو زیندانەی داعش تیایدا ئەشکەنجەی دابوو

ئاژانسی فرانس پرێس

دیمەنێکی گشتی کە رۆژی 25 ئەیلول گیراوە، ئاڵایەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) پیشاندەدات لەسەر دیوارێك وێنەکراوە لەدەرەوەی هۆتێلی دێرینی مەنبیج کە وەك زیندان بەکاردەهات کاتێك لەژێردەستی گروپەکەدا بوو. [ئەیهەم محەمەد / ئاژانسی فرانس پرێس]

دیمەنێکی گشتی کە رۆژی 25 ئەیلول گیراوە، ئاڵایەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) پیشاندەدات لەسەر دیوارێك وێنەکراوە لەدەرەوەی هۆتێلی دێرینی مەنبیج کە وەك زیندان بەکاردەهات کاتێك لەژێردەستی گروپەکەدا بوو. [ئەیهەم محەمەد / ئاژانسی فرانس پرێس]

لە ژێرزەمینە تاریکەکەی هۆتێل مەنبیجدا، ئەحمەد عوسمان بە تەحەداوە لەو ژوورە دەڕوانێت کە 32 رۆژی تیادا بەسەربرد لەکاتێکدا بە زنجیرێك بەسترابووەوە و لەلایەن گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە ئەشکەنجە دەدرا.

لە هۆتێلەکەدا کە داعش گۆڕیبووی بۆ زیندان لە شاری مەنبیجی سوریدا، عوسمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "پێمان بە زەویەکە نەدەگەیشت. هەندێكجار زنجیرەکەیان بەرز یان نزمدەکردەوە" تا ئازارەکە زیاتربکەن.

وتیشی: "تا ماوەیەکیش دوای ئەوەی ئازادکراین، نەماندەتوانی بەپێ بڕۆین یان تەرکیز بکەینەسەر هیچ شتێك."

لە مانگی ئابدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات -- بەرەیەکی جەنگاوەرە کورد و عەرەبەکان -- دەستی گرتەوە بەسەر شارەکەدا لە باکوری ئەم وڵاتە بە شەڕ وێرانکراوەدا.

لە سەردەمی خۆشیدا، هۆتێلی پێنج نهۆمیی مەنبیج پێشوازیی لە میوانی سوری و بیانی وەك یەك دەکرد کە بۆ پشووی کۆتایی هەفتە دەهاتنە ئێرە.

بەڵام لەماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتیدا لە مەنبیج، داعش هۆتێلەکەی گۆڕی بۆ زیندانێکی ترسناك بۆ هەر کەسێك پێشێلی تەفسیری توندڕەوانەی گروپەکەی بۆ یاسای ئیسلامی بکردایە.

عوسمان کە عەرەبێکی سوریە و تەمەنی لە سیەکاندایە، سێ مانگی لەوێ بردەسەر لە کۆتایی 2015 دا دوای ئەوەی تۆمەتبارکرابوو بە هاریکاریکردنی جەنگاوەرەکانی دژ بە داعش.

عوسمان کە ئەدەبی فەرەنسیی خوێندوە، بەهۆی نەبوونی بەڵگە لە دژی ئازادکرا -- هەر خێرا پەیوەندیی کرد بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

هەر بە جلوبەرگی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، عوسمان لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس گەڕایەوە بۆ هۆتێلەکە کە بەسەختی زیانی پێگەیشتبوو بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە کە پشتگیرییان لە هێرشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرد.

بەهێواشی چووەناو بیناکەوە لەکاتێکدا لە سوچ و قوژبنەکان ورددەبووەوە وەك ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بێت چەکدارانی داعش قوتببنەوە و رایبکێشنەوە بۆ ناو زیندانەکە.

بەزۆر خزاندنەناو سندوقی بچوکەوە

نهۆمە نزمترەکانی هۆتێلەکە لەلایەن جیهادیەکانەوە کرابوون بە مەتاهەیەکی ژێرزەمینی لە ژووری بچوکی زیندان و ئەشکەنجەدان.

لەسەر یەکێك لە دیوارەکان بە بۆیە نوسرابوو: "خۆری خەلافەت هەڵهاتووە."

عوسمان بە خەمباریەوە وتی: "بەهێچ شێوەیەك خۆرمان لەم ژێرەوە نەدەبینی."

هێشتا کەلەپچەکان بەسەر دەرگا ئاسنە رەشەکانی زیندانەکەوە شۆڕبووبوونەوە و هەندێك درز بە ناڕێکوپێکی کرابوونە دەرگاکە تا پاسەوانەکان لێوەی چاودێریی زیندانیەکان بکەن.

حەمامەکان گۆڕدرابوون بۆ زیندانی تاکەکەسی و هێشتا جلوبەرگ و بوتڵی پلاستیکیی خۆڵلێنیشتوو بەسەر زەویەکەدا بڵاوبوبوونەوە.

لە ژوورێکدا سندوقی ئاسنین بە بەرزیی کەمتر لە مەترێك و پانیی 50 سانتیمەترێك لەپاڵ دیوارێکدا ریزکرابوون.

ئەمانە "زیندانیی تیادا دادەنیشتن بۆ چەندین رۆژ تا ئیعتیراف بکەن،" عوسمان وتی، کە خۆی چەند رۆژێك خزێنرابووە ناو یەکێك لەو درزانەوە کە بە ئەندازەی دۆڵابێك دەبوون.

وتی زیندانیەکان بۆیان هەبوو تەنها پشوویەکی کورت بدەن کە دەبوو هەڵبژێرن ئایا نانی تیادا دەخۆن یان نوێژدەکەن -- ئەوانەش کە نانخواردنی بەیانییان هەڵدەبژارد لەجیاتی نوێژی بەیانی، لێیاندەدرا.

ئەمجار عوسمان دەستی راکێشا بۆ ریزێك کونی ژەنگگرتوو لە دیوارێكی کاشیکراودا.

ئەم جەنگاوەرە ریشدارە وتی: "ئا لێرەدا قولاپ هەبوون. بەوانەدا هەڵیاندەواسیین."

"لە هەموو شوێنێکیان دەداین، سەرمان، جەستەمان... زۆریان لێدەکردین بچینەناو ویلێکی گەورەوە و ئەمجار دەستیاندەکردە لێدانی."

لەگەڵئەوەشدا عوسمان خۆی وا لەقەڵەمدەدا کە شانسی هەبووە -- بەوەی کە توانیوێتی بە زیندوویی و بە تەندروستییەکی تاڕادەیەك باشەوە بێتەدەرەوە.

وتی: "هەندێك بۆ ماوەی شەش مانگ بەهەڵواسراوی لە هەوادا شۆڕبوبوونەوە. چیتر ناتوانن بەپێ بڕۆن بەهۆی كڵۆخوێنەوە [لە قاچیاندا]."

کەسانێکی تر کە لەگەڵ ئەو زیندانی بوون، لەلایەن داعشەوە کوژراون.

عوسمان وتی: "هەر جۆرە تۆمەتێکیان بەخەیاڵدا بێت دایدەهێنن و خەڵك سەردەبڕن."

"چۆن دەوێرن خۆیان ناوبنێن دەوڵەتی ئیسلامی؟"

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500