هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

زانکۆی ئەنبار پێشوازی لە خوێندکاران دەکات

عەلاء حسێن لە بەغدا

زانکۆی ئەنبار ئامادەی کردنەوەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 پاشئەوەی نۆژەنکرندەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لەدوای رزگارکردنی رەمادی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: زانکۆی ئەنبار]

زانکۆی ئەنبار ئامادەی کردنەوەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 پاشئەوەی نۆژەنکرندەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لەدوای رزگارکردنی رەمادی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: زانکۆی ئەنبار]

زانکۆی ئەنبار لە رەمادی دەرگاکانی کردەوە بۆ یەکەمجار لەوەتی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە بیناکانی کرانە دەرەوە لە 2015 و ئێستا پێشوازی لە خوێندکاران دەکات بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017.

کاتێك گروپەکە دەستیانگرت بەسەر شارەکەدا، چەکدارانی داعش دایان بەسەر زانکۆکەدا و کردیانە بنکەیەك و بەکاریاندەهێنا وەك جبەخانەی چەك و تەقەمەنی.

هێزەکانی عێراق لە کۆتایی 2015 دەستیانگرتەوە بەسەر زانکۆکەدا، بەڵام لەکاتی شەڕی رزگارکردنی رەمادیدا بەشێك لە بیناکانی زانکۆکە زیانیان پێکەوت.

بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی زانکۆکە، عەبدولڕەحمان فەهداوی وتی: "تێچوونی چاکردنەوەی ئەو زیانانەی بە زانکۆی ئەنبار گەیشتووە دەگاتە نزیکەی 300 ملیار دینار (253 ملیۆن دۆلار)."

فەهداوی بە دیارونای وت: "سەرباری هەموو زیانەکانیش، ئیدارەی زانکۆ بڕیاری دا روبەڕوی تەحەدای نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکەی ببێتەوە و ئەو سەرچاوانە بەکاربهێنێت کە لەبەردەستدان و جارێکی تر دەرگاکانی بکاتەوە بەڕووی خوێندکاراندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن."

وتیشی پۆلەکان لە بینا زیانپێنەگەیشتووەکاندا یان ئەوانەی کەمێك زیانیان پێگەیشتووە دەستپێدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەش دا کە هەموو کارمەندان ئامادەن دەستبکەنەوە بە دەوامی ساڵی خوێندنی نوێ.

هەروەها وتی: "بەدرێژایی داگیرکردنی رەمادی لەلایەن داعشەوە مامۆستاکانی زانکۆکە لە وانەوتنەوە بەردەوامبوون لەجێگای تردا کە بۆ زانکۆکە تەرخانکرابوون لە ئەبوغرێب، لە بەغدا، و لە کەرکوك."

فەهداوی وتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات زۆربەی ئەو 18,000 خوێندکارەی زانکۆکە ئەمساڵ بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.

وتی ئەو خوێندکارانەی زانکۆکە کە هێشتا ئاوارەن و ناوچەکانیان لەژێردەستی داعشدایە، "رێگایان پێدەدرێت لە زانکۆکانی کەرکوك و هەرێمی کوردستاندا بخوێنن تا شارەکانیان رزگاردەکرێن".

پلان بۆ پاراستنی زانکۆکە

فەرماندەی حەشدی خێڵەکی لە خۆرئاوای ئەنبار، فەلاح قەرەغۆلی، وتی هێزەکانی پۆلیسی ئەنبار، بە هاوکاریی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی، پلانێکی هاوبەشیان داناوە بۆ ئەمینکردنی بیناکانی زانکۆکە بۆ ساڵی خوێندنی نوێ.

قەرەغۆلی بە دیارونای وت: "هێزە خێڵەکیەکان لەگەڵ بەتالیۆنی سێی سەربە یەکەکانی پۆلیسی فریاگوزاریی ئەنبار کاردەکەن بۆ پاراستنی زانکۆکە لەماوەی داهاتوودا."

وتیشی زانکۆی ئەنبار "جارێکی تر بۆتەوە بە ناوەندی خوێندن و رۆشنگەری بەهیمەتی دانیشتوانی خۆڕاگری ئەنبار."

هەروەها وتی لەگەڵ پێشڕەویی سوپای عێراقدا، داعش بەشەکانی خۆرئاوای زانکۆکەی بۆمڕێژکرد"لە نمایشێکی سوکایەتیکردن بە بەهاکانی خوێندن و شارستانیدا".

وتیشی هێزەکانی عێراق لەوکاتەوە توانیویانە هەموو مین و بۆمبە دەستکردەکان پوچەڵبکەنەوەو و زانکۆکەیان پاککردۆتەوە.

وتی بەڵام "بنکەگیریی داعش لە زانکۆکەدا لەکاتی شەڕەکاندا زیانی قورسی بە لە سەدا 30 بیناکانی گەیاند، ئەوە جگە لە هێرشکردنەسەر تاقیگاکان و تاڵانکردنی کەلوپەلەکانی کە تائێستاش دیارنین".

قەرەغۆلی وتیشی کاروباری نۆژەنکردنەوە دەستیپێکردووە بۆ چاکردنەوەی ئەوەی دەکرێت رزگاربکرێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوامدەبن تاکو زانکۆکە دەگەڕێتەوە باری جارانی.

وتیشی: "دەستپێکردنەوەی دەوام ئەمساڵ خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکە بەسەر تێرۆریزمدا."

ساڵێکی خوێندنی ئومێدبەخش لە ئەنبار

ئەندامی لیژنەی خوێندن لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، سادق جەمیل، وتی مەزەنەی "ساڵێکی خوێندنی ئومێدبەخش" دەکات لە رەمادی و شارە رزگارکراوەکانی تر.

جەمیل وتی: "بەڕێوبەرێتیەکانی خوێندن لە ئەنبار و کۆلێژەکانی پارێزگاکە دەستیانکردووە بە دابینکردنی پێداویستیەکانی وەك کورسی، تەختەڕەش و کەلوپەلی قرتاسیە و کۆمەکیش لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وەردەگرێت بۆ چاکردنەوەی 100 قوتابخانە هەر بەتەنها لە رەمادی تا بتوانن دیسان پێشوازی لە قوتابیان بکەنەوە."

وتی هەرچی بیناکانی ئەو قوتابخانانەشە کە بەتەواوی داڕماون لە شەڕەکاندا، بەرپرسانی ناوخۆیی کەرەڤانەی گەورەیان بۆ دابیندەکەن وەك جێگرەوەیەك بۆ لەخۆگرتنی قوتابیان و کارمەندان.

هەروەها وتی ئومێدەوارە لانیکەم "لەسەدا 80 ی قوتابیان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە لەماوەی ساڵی خوێندنی نوێدا کە یەکەمین [ساڵ] دەبێت لەدوای رزگارکردنی رەمادیەوە لەدەست داعش".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500