هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق داعش لە دورگەی حەدیسە دەردەپەڕێنن

خالید تائی

هێزەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشکردنەسەر "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشکردنەسەر "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق هەفتەی پێشوو توانییان پاشماوەی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە دورگەی حەدیسە لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار دەرپەڕێنن، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

بەرپرسانی سەربازی وتیان سوپا، بە پشتگیریی جەنگاوەرە خێڵەکیەکان، گروپەکەیان لەم دورگەیە دەرکرد، رۆژی 21 ئەیلول، لە تەنها یەك رۆژ شەڕدا.

شەڕەکە بەشێك بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتری عێراقی بۆ پاکردنەوەی ناوچە بیابانیەکان بەدرێژایی رۆخی باکوری خۆرهەڵاتی روباری فورات، ناسراو بە دورگەکانی ئەنبار، لە هەر پاشماوەیەکی چەکدارانی داعش کە لە شارەکانەوە هەڵهاتبوون بۆ ئەوێ.

سەرکەوتنێکی خێرا

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە، لیوا روکن قاسم محەمەدی، بە دیارونای وت لە بەرەبەیانی 20 ئەیلولدا هێزە هاوبەشەکانی فەرماندەییەکەی، فیرقەی حەوتی سوپای عێراق و جەنگاوەرە خێڵەکیەکان ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان بەرپاکرد بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی حەدیسە و هیت و دورگەکانی رەمادی لە باکوری خۆرهەڵاتی فورات.

محەمەدی وتی: "توانیمان لە یەك رۆژدا دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هەموو دورگەی حەدیسە ئەمینبکەین کە کەوتۆتە سنوری قەزای حەدیسەوە و ناسراویشە بە دورگەی بەغدا."

وتیشی هێزە هاوبەشەکان "پاشماوەکانی داعشیان داپڵۆسی و چەکەکانیشیان تێکشکاندن".

هەروەها وتی: "زیاتر لە 50 تێرۆریستمان کوشت و 200 لە ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکانیانمان تێکشکاند و نزیکەی 300 بۆمبی دەستکرد و 20 موشەکهاوێژ و کەلوپەلی تریشمان تەقاندەوە کە لە بۆمبڕێژکردندا بەکاردەهاتن."

وتی ناوچەکە ئێستا ئەمینە و لە چەکدارانی داعش پاککراوەتەوە و وتیشی ئەم سەرکەوتنە خێرایەی عێراق ئەوە دەردەخات داعش ناتوانێت بەرگەی هێرشی هێزەکانی عێراق بگرێت.

محەمەدی وتی: "دەرسێکی وای دوژمنمان دادا کە لەبیریان نەچێتەوە و ئیتر ناتوانن هەڕەشە لە شارەکانی حەدیسە و بەغدادی و ناوچەکانی تری رۆخی خۆرئاوای روباری فورات بکەن، لەوانە ناوچەی ئەلبو حەیات."

وتیشی هێزەکانی عێراق بەسەرکەوتوویی کۆتاییان هێنا بە یەکەم قۆناغی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە و بەردەوامیشدەبن لە پێشڕەوییاندا بۆ پاککردنەوەی دورگەکانی هیت و رەمادی لە چەکدارانی داعش و مسۆگەرکردنی ئاسایشی هەموو شارە رزگارکراوەکانی ئەنبار.

گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ئەنبار

قائیمقامی حەدیسە، مەبروك حەمید، بە دیارونای وت ئەم هەڵمەتە نوێیەی ئەنبار ئامانجی "راوەدونانی چەکدارانی داعشە کە هەڵهاتوون بۆ بیابانەکە و رێلێگرتنیان بۆ خۆڕێکخستنەوەیان و هێرشکردنەسەر شارە رزگارکراوەکان یان هەڕەشەی هێرشی موشەكی".

حەمید وتی هەڵمەتەکە لە دورگەی حەدیسەوە دەستیپێکرد کە هێزە سەربازیەکان و ئەندامانی خێڵەکان توانییان لە رۆژی یەکەمدا دەستی بەسەردا بگرنەوە.

وتیشی بوونی داعش لەوێ نەهێڵرا و کەلوپەلەکانیشیان تێکشکێندران و ئێستا ئەو ناوچەیە ئەمینە کە لە باکور و خۆرهەڵاتی حەدیسە و بەغدادیەوە درێژدەبێتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوای پارێزگای سەڵاحەدین.

هەروەها وتی: "هێزەکان توانیشیان گوندەکانی ناو دورگەکە رزگاربکەن -- کەسیرییات و عومەیرییە و خالیدییە -- و ئاڵای عێراقیش لەسەر پردی شەهید وەحید بشەکێننەوە کە یەکێك بوو لە هێڵە گرنگەکانی داعش و لێوەی کۆنترۆڵی زەویە کشتوکاڵیەکانی رۆخی فوراتیان دەکرد."

سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای حەدیسە، خالید سەلمان، بە دیارونای وت: "دورگەکە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەڕەشە بوو بەهۆی ئەوەی حەشارگایەکی ئەمینی بەخشیبووە تێرۆریستەکان و رێگای پێدەدان خۆیان بشارنەوە."

سەلمان وتی: "هێزە سەربازیەکان بەخێرایی شەڕەکەیان بەسودی خۆیان بڕاندەوە و ناوچەکەیان لە تێرۆریستان پاککردەوە و ئێستا ناوچەکانمان ئەمینن."

وتیشی: "داعش بەتەواوی تێکشکاوە لە ئەنبار و توانای نەماوە شەڕبکات. تەنها مەسەلەی کاتە تا دواهەمین پیاوی داعش لە پارێزگاکەمان نەهێڵرێت و بەمزوانە تێرۆریزم جێگایەکی نابێت لە وڵاتەکەماندا."

هەروەها وتی حکومەتی ناوخۆیی تەرکیزی کردۆتەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە وێرانکراون و "هەوڵدەدەین ژیانی ئاسایی بگەڕێنینەوە بۆ شارەکانمان و لە پاشماوەی شەڕ پاکیانبکەینەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500