هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ی تر پڕن له‌ داعش پاش سەربڕینی هاوڵاتیان وەك مەڕ لە ڤیدیۆیەکی جەژندا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

وێنەیەکی وەستاو لەو ڤیدیۆیەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە جەژنی قورباندا بڵاوبووەوە، چەند ساتێك پێشئەوەی یەکێك لە چەکدارەکانی ملی قوربانیە سوریەکان دەبڕێت.

وێنەیەکی وەستاو لەو ڤیدیۆیەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە جەژنی قورباندا بڵاوبووەوە، چەند ساتێك پێشئەوەی یەکێك لە چەکدارەکانی ملی قوربانیە سوریەکان دەبڕێت.

رۆژی 12 ئەیلول، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە چەکدارەکانی پیشاندەدات ملی 19 کەس دەبڕن بەتۆمەتی "سیخوڕی" لە شارۆچکەی دەیر زور و سەربەرەوخواری بە قولاپی قەسابخانەدا هەڵیاندەواسن، بەهەمان ئەو شێوازەی قەسابان مامەڵە لەگەڵ مەڕدا دەکەن.

لە ڤیدیۆکەدا، داعش بانگه‌شه‌ی ئەوە دەکات قوربانیەکان له‌ژێر فه‌رمانده‌یی پیاوێكدا بەناوی حەیدەر محەمەد عەبدوڵڵا کاریانکردووە کە دانیشتووی تورکیایە.

داعش دەڵێت گوایا عەبدوڵڵا ئەفسەريکی ئەمنیی پێشووی بەرەی نوسرە بووە کە ئێستا بە بەرەی فەتحی شام ناسراوە، پێشئەوەی پەیوەندی بکات بە میلیشیایەکی کوردەوە و لەو ڕێگایەشەوە ببێتە سیخوڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

گروپێکی چالاکوانان بەناوی رەققە بەبێدەنگی سەردەبڕدرێت، کلیپەکەی وەسفکرد بە "خراپترین ڤیدیۆ" کە بینیبێتی.

دانیشتوانی دەیر زوری ژێر دەسەڵاتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە بازاڕێکی شارۆچکەکەدا دەڕۆن. ئەم گروپە توندڕەوە لە جەژنی قورباندا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە سەربڕینی سوریەکانی پارێزگاکە پیشاندەدات. [خاوەنی وێنە: مەحمود نادر]

دانیشتوانی دەیر زوری ژێر دەسەڵاتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە بازاڕێکی شارۆچکەکەدا دەڕۆن. ئەم گروپە توندڕەوە لە جەژنی قورباندا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە سەربڕینی سوریەکانی پارێزگاکە پیشاندەدات. [خاوەنی وێنە: مەحمود نادر]

بێڕێزیکردن بە جەژنێکی ئیسلامی

پیاوێکی ئایینی سەر بە ئەزهەر و ئیمام لە مزگەوتی نور لە مەعادی، شێخ عەبدولمونعیم محەمەد، وتی: "داعش جارێکی تریش پشتڕاستیکردەوە کە پێشێلی هەموو بەها مرۆیی و ئایینیەکان دەکات."

ناوبراو بە دیارونای وت داعش خوێنڕێژترین گروپە کە "جیاوازی ناکات لەنێوان موسڵمان و ناموسڵماندا، هەر ئەوەندی خوێن بڕژێت".

وتی ئەو ڤیدیۆیەی لە جەژندا بڵاوکرایەوە بێڕێزیکردنێکی ئەنقەستە بە رۆژی جەژن و سروشەکانی کە سەدان ساڵە لەلایەن موسڵمانانەوە جێبەجێدەکرێن.

وتیشی: "هەر تەنها مامەڵەکردنی مرۆڤ وەك ئاژەڵ خۆی گوناهێکە لێبووردنی نیە، بەتایبەتی کە هاوڵاتیەکان وەك ئاژەڵ سەربڕدراون."

هەروەها وتی: "پێشکەشکردنی مرۆڤ وەك قوربانی نامۆیە بە سروش و نەریتەکانی ئیسلام." ئاماژەشی دا بەوەی کە کردەوەکانی داعش شێواندنی بەئەنقەستی ئیسلامە.

ئەم ئیمامە وتی: "داعش دەخوازێت خۆشی لە دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەستی بڕفێنێت و لەوەپێشیش تەراویح و هەموو سروشە شادەکانی قەدەغەکردووە."

وتی زۆر لە مەلایان سەرکۆنەی ئەم روداوەیان کرد لە خوتبەکانی رۆژی جەژنیاندا و جەختیان لە "دڕندەیی گروپەکە" کرد و کۆمەڵانیان لەوە دڵنیاکردەوە کە دارولئیفتای میسر بەتوندی داعش و ئایدیۆلۆژیاکەی رەتدەکاتەوە.

وتیشی روانگەی فەتوای دارولئیفتا بەیاننامەیەکی دەرکردووە تیایدا ڤیدیۆکەی سەرکۆنەکردووە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردووە کە بەگوێرەی شەریعە "کوشتنی یەك رۆح یەکسانە بە کوشتنی هەموو مرۆڤایەتی".

تۆقاندنی دانیشتوانی دەیر زور

مەحمود نادر، چالاکوانێکی سەر بە هەڵمەتی میدیایی دەیر زور لەژێر ئاگردا کە تاوانکاریەکانی داعش لەناوچەکەدا تۆماردەکات، وتی داعش بە هەڵبژاردنی دەیر زور بۆ ئەنجامدانی ئەم "کردەوە دڕندانەیە"ی هەوڵیدا دانیشتوانەکەی بتۆقێنێت و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت دوابەدوای شکستە زۆرەکانی ئەمدواییەی.

نادر کە لەبەر سەلامەتیی خۆی داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت، وتی: "داعش لەزۆر لە ناوچەکانی ژێردەستی دەکشێتەوە."

وتی دانیشتوانی دەیر زور ناسراون بە هەوادارییەکی بەهێزی خێڵەکی و کاتێكیش داعش ویستی بەزۆر پیاوە گەنجەکانیان رابکێشێتە ناو گروپەکەوە، دەستیانکرد بە دەربازکردنیان بەقاچاخ لە پارێزگاکە.

وتیشی ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی گروپەکە و ئاماژەی بەوەش دا کە خێڵی عەکەیدات یەکێکە لەوانەی ئەندامەکانی وازیان لە داعش هێناوە.

هەروەها وتی: "دووان لە دیارترینی ئەوانەی بەمدواییانە وازیانهێنا، محەمەد و کەریم رەفدان بوون کە سەر بە خێڵی عەکەیداتن. ناچارکرابوون بە شەڕکردن لە ریزەکانی داعشدا و هەڵهاتنیان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو بۆسەر دانیشتوان."

لە مانگی ئابی 2014 لە ناوچەکانی ئەبو حەمام و کەشکییە و غرانیج لە دەیر زور، داعش نزیکەی 700 ئەندامی خێڵی شەیتاتی کوشت کاتێك خێڵەکە بەگژیدا چوونەوە و رازینەبوون سوێندی وەفاداری بۆ گروپەکە بخۆن.

پرسە لەجیاتی ئاهەنگگێران

بازرگان و دانیشتوی مەیادین، عەلی سەعید، کە لەبەر سەلامەتیی خۆی داوایکرد ناوێكی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت، وتی ڤیدیۆکەی ئەمدواییەی "خۆشیی جەژنی لە دانیشتوان رفاند کە زەندەقیان لە دیمەنەکانی ناوی چووبوو."

سەعید بە دیارونای وت ئاهەنگێڕانەکانی جەژن لەچاو ونبوون و پرسە باڵی بەسەر زۆربەی دەیر زوردا کێشا، چونکە ئەوانەی سەربڕدران ئەندامی خێڵ و خێزانە جیاوازە ناسراوەکانی ناوچەکە بوون.

وتی: "توڕەیی دژ بە داعش بەناو دانیشتواندا بڵاوبووەتەوە." وتیشی ساتەوەختی کوشتارەکان بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لە خەیاڵی خەڵکی دەیر زوردا دەمێنێتەوە.

هەروەها وتی: "ئەم کوشتارانەش دەچنەسەر لیستی ناعەدالەتییە گەورەکانی چەکدارانی گروپەکە دژ بە دانیشتوان، لەپاڵ تەنگهەڵچنینی دارایی و دەرونی پێان."

وتی زۆربەی بازرگانانی ناوچەکە ئیفلاسیی خۆیان راگەیاندووە و زۆری تریش هەڵهاتوون بۆ دەربازکردنی خێزانەکانیان و هەر بڕە پارەیەك بەدەستیانەوە مابوو.

وتیشی داعش دەستیگرتووە بەسەر ماڵوموڵکی ئەوانەدا کە هەڵهاتوون و دوکانەکانیانی داوە بەکرێ و ماڵەکانیانی بەکارهێناوە بۆ نیشتەجێکردنی چەکدارەکانی خۆی و خێزانەکانیان کە لەو ناوچانەوە هەڵهاتوون کە گروپەکە لەدەستیداون.

وتی: "هەروەها گروپەکە هەندێك لە ماڵەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ناوشارەکەی گۆڕیوە بۆ بنکەی ئەمنیی خۆی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500