هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق گۆڕستانێکی داعش دەدۆزنەوە لە فەلوجە

عەلا حسێن لە بەغدا

دوای رزگارکردنی فەلوجە، هێزەکانی عێراق گۆڕستانێکی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'یان دۆزییەوە کە سەدان چەکداری گروپەکەی تێدانێژرابوو. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

دوای رزگارکردنی فەلوجە، هێزەکانی عێراق گۆڕستانێکی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'یان دۆزییەوە کە سەدان چەکداری گروپەکەی تێدانێژرابوو. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

هێزەکانی عێراق گۆڕستانێکیان لە فەلوجە دۆزییەوە کە پاشماوەی سەدان چەکداری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ی تێدابوو، کە لە شەڕەکانی رزگارکردنی ئەو شارە لەدەستی گروپەکە کوژرابوون، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان راگەیاند.

هێزە ئەمنییەکان بینایەکیشیان دۆزییەوە کە شوێنی "دادگای شەریعەت"ی داعش بوو، کە گروپەکە بەکاریهێنابوو بۆ سەرکوتکردنی دانیشتوانی شارەکە تا فەلوجە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ئازادکرا.

لەکاتێکدا داعش فەلوجەی لەژێردەستدابوو، شارەکە وەك بنکەی سەرکردەکانی گروپەکە و راکێشەری چەکدارە عەرەب و بیانییەکان بەکاردەهێنرا، کە یاسا توندەکانی داعشیان لەو شارەدا دەسەپاند و هێرشیان دەکردە سەر ناوچە دراوسێکانی.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ وتی :"هێزەکانی عێراق گۆڕستانێکیان لە شارەکەدا دۆزییەوە کە زیاتر لە 500 گۆڕی تێدابوو، لەنێویاندا زیاتر لە 300 گۆڕی نوێ بۆ ئەو چەکدارانەی داعش کە لەم شەڕانەی دواییدا بۆ ئازادکردنی فەلوجە، کوژرابوون."

بە دیارونای راگەیاند نیشانەکانی سەر گۆڕەکان خەڵکی لیبیی، تونسی، جەزائیری، ئەندەنوسی لەنێو مردووەکاندا پیشاندەدەن، لەگەڵ چەند نەتەوەیەکی دیکەدا.

بەڕێوەبەری پۆلیسی فەلوجە عەقید جەمال جومەیلی وتی: "مردووەکانی داعش کە لەو گۆڕستانە نێژراون زیاتر بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کوژرابوون، کە پێش هێرشکردنە سەر شارەکە ئەنجامدرابوون، یان دواتر و لەسەر دەستی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لەکاتی شەڕەکانی ئازادکردنەوەدا."

بە دیارونای راگەیاند هەر کە دۆسیەی ئەمنییان لە سوپای عێراقەوە بەدەست گەیشت، پۆلیس لاشەی چەکدارە بیانییەکان دەپشکنێت کە لەوێ نێژراون، بە ئاماژەکردن بەوەی لە ئێستادا، ناوچەکە بە زۆنێکی سەربازیی لەقەڵەمدەدرێت.

گۆڕهەڵدانەوە

قائیمقامی فەلوجە عیسا سایەر بە دیارونای راگەیاند گۆڕستانەکەی داعش لە ناوەندی شارەکەدایە، نزیك بە پەیمانگە خوێندنە ئیسلامییەکان و یانەی کۆنی فەلوجە.

وتی لاشەکان لە فەلوجەدا ناهێڵرێنەوە و "دەگوێزرێنەوە بۆ دەرەوەی شارەکە هەر کە دۆخەکە سەقامگیر بوو."

رایگەیاند ئیدارەی خۆجێی چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی تەواوی ئاسایش و نیزمە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی دادوەرییانە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و ناشتنەوەی گۆڕەکان لە شوێنێکی دیکە.

سایەر رایگەیاند ئەمە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیی شارەوانی و پۆلیس و بەشی تەندروستی دەکرێت، لەگەڵ راوێژکردن بە وەقفی سونیی لە ئەنبار.

وتی ئەم گۆڕستانە دوایین گۆڕستان بوو لە شارەکەدا دۆزرایەوە. بانگێشتی سوپای عێراقی کرد بۆ ئاگادارکردنەوەی ئیدارەی خۆجێی لە هەر گۆڕستانێکی تر کە دەیدۆزنەوە.

زیندانی داعش

سەرلیوا عەبدولڕەزا، فەرماندەی فیرقەی یەکی هێزی پیادەی سوپای عێراق، رایگەیاند هێزەکانی عێراق "دادگای شەریعە"ی داعشیان لە فەلوجە دۆزییەوە.

بە دیارونای وت دادگاکە کەوتبووە یەکێك لەو ماڵانەی داعش داگیریکردبوو، بە ئاماژەکردن بەوەی بیناکە زنیدانێکی ناو قەفەسی ئاسنین و زیندانی تاکەکەسیشی تێدابوو.

عەبدولڕەزا وتی: "ئەم دادگا و زیندانە بەکارهێنرابوون بۆ سەرکەوتکردنی ئەو خەڵکەی فەلوجە کە ملکەچی ئایدۆلۆژیای گروپەکە نەبوون."

وتیشی هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە گەڕان بۆ پاشماوەی هەموو تەقەمەنیی جەنگ کە لە شارەکەدا جێهێڵراون بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەبووەکە.

وتیشی هێزە ئەمنییەکان چوار گەڕەکی نیشتەجێبوونیان دەستەبەرکردووە -- شورتە، زوباتی 1، 2 و عەسکەری -- کە بەمزوانە ئامادەی گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی دەبن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500