هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

داعش روبەڕووی بەرەنگاریی زیاتری خەڵك دەبێتەوە لەنزیك موسڵ

خالید تائی

هێزەکانی عێراق بەرەو باکور دەکشێن پاش رزگارکردنی شاری گەیارە. [خاوەنی وێنە: یەکەی دژەتێرۆری عێراقی]

هێزەکانی عێراق بەرەو باکور دەکشێن پاش رزگارکردنی شاری گەیارە. [خاوەنی وێنە: یەکەی دژەتێرۆری عێراقی]

پاش دوو ساڵ ئازارچەشتن لەسایەی دەسەڵاتی توندی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا، دانیشتوانی ناوچەی حەمام عەلیل لە باشوری موسڵ دەستیانکردووه‌ به‌ راپەڕین دژی گروپەکە، بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت.

لە کۆتایی مانگی ئابدا، پاشئەوەی هێزەکانی عێراق گەیارەیان لە باشوری ئەم ناوچەیە رزگارکرد، دانیشتوانی حەمام عەلیل دەستیانکردووه‌ به‌ ئەنجامدانی ژمارەیەك هێرشی تۆڵەكاری دژ بە چەکدارانی گروپەکە.

بەرپرسانی ناوخۆیی وتیان لە وەڵامی ئەوەدا، داعش دەستیکردووە به‌ سەرکوتکردنی دانیشتوانی ناوچەکە و کۆکردنەوەی دەیان و دەستگیرکردنیان و بەدواداچوون و ئازاردانی هەڕەمەکییان.

راپەڕین دژی داعش

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی سەربە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، وتی: "بەدوای ئەو شکستەیدا لە گەیارە کە دەنگیدایەوە، داعش ئەمڕۆ بەرەوڕووی راپەڕینی دانیشتوان دەبێتەوە کە سەرکەوتنەکانی سوپا هانیان دەدات بۆ چەکهەڵگرتن و بەگژداچوونەوەی تێرۆریستەکان."

ناوبراو بە دیارونای وت: "دانیشتوانە توڕەبووەکە دەستیانکردووه‌ به‌ وەڵامدانەوەی داعش بەهەمانشێوەی خۆیان لە تۆڵەی ئەو تاوان و ئازاردانەی [گروپەکە] دەرحەقیان کردوێتی لە دوو ساڵی رابردوودا."

وتی لەکۆتایی ئابدا دانیشتوانە راپەڕیوەکە زنجیرەیەك هێرشی چەکدارانەیان کردە سەر گردبوونەوەکانی داعش و شەش لە چەکدارانی گروپەکەیان کوشت و هەڵمەتێکی تۆڵەكاری گروپەکەی بەدوادا هات.

وتی لەو باوەڕەدایە "پێشڕەویی لەسەرخۆی هێزە ئەمنیەکان بەرەو حەمام عەلیل راپەڕینەکەی دانیشتوان بەهێزتربکات و بیگۆرێت بۆ توڕەبوونێکی جەماوەریی سەرتاسەری، وەك لە گەیارە روویدا".

هەروەها وتی لە گەیارە دانیشتوانی توڕەبوو بنکەکانی داعشیان گڕتێبەردا و کەوتنە راوەدونانی چەکدارانی گروپەکە کاتێك یەکەمین یەکە سەربازییەکان چوونەناو شارەکەوە.

وتیشی: "چاوەڕوان دەکەین ئەو دیمەنی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ دووبارەببێتەوە. بەمزوانە خەڵکی حەمام عەلیل ئاهەنگی رزگاربوونی ناوچەکەیان دەگێڕن لەگەڵ براکانیان لە سوپادا و ئاڵای عێراق بەسەر بینا و ماڵەکانەوە دەشەکێتەوە."

هەروەها وتی: "لەهەمانکاتدا، دەبێت هەموو رێوشوێنێكی ئاگاداری بگیرێتەبەر بۆئەوەی رێگا لە تێرۆریستەکان بگیرێت له‌وه‌ی هیچ کردەیەکی تۆڵەكاری دژ بە دانیشتوان و ماڵوموڵکی گشتی ئەنجامبەدەن."

پشتگیریی بەهێز بۆ هێزەکانی عێراق

بەڕێوبەری ناحیەی حەمام عەلیل، خەڵەف جبوری، وتی خەڵکی حەمام عەلیل بەتەواوی ئامادەن بۆ پشتگیری لە هێزە رزگارکەرەکان.

جبوری بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ هەموو هاوڵاتیان ئامادەن بۆ پشتگیرکردنی هێزەکانی سوپا و پۆلیس و دەشێت ناحیەکە راپەڕینێکی بەربڵاو بەخۆیەوە ببینێت کاتێك هێزە رزگارکەرەکان دەگەن."

وتیشی دانیشوانەکە ئازاری زۆر تاڵیان بەدەست داعشەوە چەشتووە کە لەو دروشمانەدا دەردەکەوێت رۆژانە لەسەر دیوارەکانی شارەکە دەنوسرێت و کردەوەکانی گروپەکە سەرکۆنەدەکەن و سوێنددەخۆن تۆڵەبکەنەوە.

وتی لەوانە رستەی وەك "رۆژتان هاتووە" و "مەرگ بۆ داعش".

جبوری وتی: "خەڵك چاوەڕێی سوپان بێت تا راپەڕینە گەورەکەیان دەستپێبکەن دژ بە تێرۆریستەکان."

بەبڕوای ئەو لەئێستادا تەنها دەیان چەکدارێکی داعش دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و زۆربەی ئەوای تر "یان لە شەڕی رزگارکردنی گەیارەدا کوژراون یان هەڵهاتوون بۆ شاری موسڵ."

پاشەکشێی دەسەڵاتی داعش

جبوری وتی: "ئەو ئەندامانەی داعش کە ماونەتەوە ناتوانن چیتر خاڵی پشکنین دابنێن لە ناوچەکەدا چونکە زۆر کەمن و زۆر لەوەش دەترسن ببنە نیشانەی دیار بۆ سوپای عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."

وتی سوپای عێراق تەنها چەند کاتژمێرێکی پێویستە لە گەیارەوە بگاتە ناحیەکە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەش بەپێی "پلانێکی سەربازیی باش داڕێژراو" دەبێت.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەلی خوزەیر، وتی: "بارودۆخی گشتی لە حەمام عەلیل لەکوڵاندایە، چونکە دانیشتوانەکەی تەواو بێزاربوون لە ژیان لەژێر دەسەڵاتی داعشدا و دەیانەوێت زوو لەم مۆتەکەیە رزگاریانببێت."

خوزەیر بە دیارونای وت: "دڵنیام هەرئەوەندەی سوپا بگاتە ئێرە، خەڵکەکە دەرسێکی وای پیاوانی داعش دادەدەن کە لەبیریان نەچێتەوە و شەڕی رزگارکردنی شارەکەیان لەماوەیەکی کورتدا و بە زیانی کەمەوە دەبڕێننەوە."

وتیشی: "بەبڕوای من داعش ئەمڕۆ بووەتە رابردوو، چونکە زۆربەی ناوچە و شارەکانی ژێردەستی و باشترینی چەکدارەکانی و فەرماندە مەیدانییەکانی لەدەستداوە و چیتر هێزێکی ئەوتۆی لەسەر زەوی نەماوە."

"کۆتاییهاتنی تەنها مەسەلەی کاتە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500