هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

لەدەستدانی سەرکردە باڵاکان پاشەکشێی بەردەوامی داعش خێراتردەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

وتەبێژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئەبو محەمەد عەدنانی کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 30 ئاب لە باکوری سوریا کوژرا. [خاوەنی وێنە: وەزاەتی بەرگری عێراق]

وتەبێژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئەبو محەمەد عەدنانی کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 30 ئاب لە باکوری سوریا کوژرا. [خاوەنی وێنە: وەزاەتی بەرگری عێراق]

هاوشانی لەدەستدانی چەندین شاری ستراتیژی و رێگای بەقاچاخبردنی نەوت لەم مانگانەی دواییدا، کە بوونەتە هۆی کەموونەوەی توانا دارایی و سەربازیەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، گروپەکە بەبەردەوامی سەرکردە باڵاکانیشی لەدەستدەدات و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتە سەر ئەندامان و هەوادارەکانی، شارەزایان بە دیارونایان وت.

وتیان ئەم دۆڕاندنانە ئاماژەیەکن بۆ سەرەتای کۆتایی داعش.

نوێترین گورز لە داعش وەشێنرابێت کوشتنی وتەبێژی گروپەکە، ئەبو محەمەد عەدنانی، بوو کە ناوی راستەقینەی تەها سوبحی فەلاحە بوو، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 30 ئاب لە باکوری سوریا، پەنتاگۆن لە 12 ئەیلول پشتڕاستی کردەوە.

سکرتێری رۆژنامەوانیی پەنتاگۆن، پیتەر کوك، وتی بۆردومانەکەی نزیك باب لە سوریا پڕوپاگەندەچیی سەرەکیی داعشی لە بەرەکانی شەڕ دەرکێشا کە راکێشەری ئەندامان بۆ ناو گروپەکە و ئەندازیاری چالاکیە تێرۆریستیە دەرەکیەکانیش بوو.

کوك وتی: "ئەمە یەکێك بوو لە سەرکەوتووترین بۆردۆمانەکان بۆسەر سەرکردەکانی داعش، لەنێویاندا ئەوانەی بەرپرسیاربوون لە دارایی و پلاندانانی سەربازی، کە کارکردنی گروپەکە زەحمەتتردەکات."

'سەرەتای کۆتایی'

توێژەر لە ناوەندی شەرق بۆ لێکۆڵینەوە ناوچەیی و ستراتیژیەکان، سامی غەیس، وتی لەدەستدانە یەك لەدوای یەکەکانی سەرکردە و خاك و توانا لۆجستیەکانی، مژدەیەکی ناخۆشن بۆ ئاییندەی گروپەکە.

غەیس بە دیارونای وت پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق و هێزە دیمۆکراتیەکانی سوریا و شەڕڤانانی کورد، بە پاڵپشتیی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان، زۆر لە چەکدارانی گروپەکەی لە عێراق و سوریا کوشتووە و ریزەکانی چۆڵکردووە.

وتی هەروەها ئەو زیانانەی لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی سەرکردەکانیدا لە داعش کەوتووە، "کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە بۆسەر هەرەمی سەرکردایەتی، چونکە گروپەکە زۆربەی 'ئەمیر'ە خاوەن ئەزمونەکانی لەدەستداوە کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر چەکدارە بیانییەکانی هەبوو".

وتیشی بەرزکردنەوەی پلەی نەوەی دووەمی سەرکردەکانی دەسەڵاتی گروپەکە بەسەر چەکدارانیدا لاوازدەکات.

هەروەها وتی داعش زیانی زۆریشی لە توانا لۆجستیەکانیدا لێکەوتووە کە تەگەرەی خستۆتە بەردەم قاچاخچێتیەکانی سەرسنوری گروپەکە و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و کەلەپورە دزراوەکانی لە عێراق و سوریا.

غەیس وتی: "گروپەکە ئەو تۆڕی رێگایانەی لەدەستداوە کە لەژێردەستیدا بوون و توانای ئەوەیان پێبەخشیبوو نەوت دەربهێنێت و شوێنەوارەکان هەڵبکۆڵێت و لە بازاڕی رەشدا لەدەرەوەی عێراق و سوریا بیانفرۆشێت."

وتیشی: "دەتوانین بە ئاسایی بڵێین سەرەتای کۆتایی داعش نزیکبۆتەوە."

بۆردومانی سەرکردەکانی داعش

رۆژنامەوانی سوری دانیشتوی قاهیرە، محەمەد عەبدوڵڵا، وتی: "داعش زۆربەی توانا هێرشی و بەرگری و داراییەکانی لەدەستداوە لە عێراق و سوریا، بەتایبەتی لەسەرەتای ساڵی 2015 وە."

عەبدوڵا بە دیارونای وت ئەمە دەرەنجامی ئەو زیانانە بوو کە لەسوریا لێی کەوت لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەپشتگیریی هاوپەیمانان، کە شارەکانی کۆبانی و تەل ئەبیەز و مەنبیجیان رزگارکرد.

وتی لە عێراقیش، داعش زیانی لێکەوت لەسەردەستی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کە شارەکانی تکریت، سنجار، رەمادی و فەلوجەیان رزگارکرد.

وتی هەروەها لەدەرەوەی سوریا و عێراق، گروپەکە زۆر لە سەرکردەکانی لە لیبیا و وڵاتانی تر لەدەستدا.

لەوانە فازڵ ئەحمەد جیبالی، ناسراو بە 'حاجی موعتەز'، 'ئەبو موعتەز قورەیشی' و 'ئەبو موسلیم تورکمانی'، کە وەك دەگوترێت ئەندامی ئەنجومەنی سەربازیی داعش بووە. وەزارەتی بەرگری عێراق کوژرانی ئەم سەرکردەیەی لە ئابی 2015 راگەیاند.

لە ئایاری 2015 وەزارەتەکە کوژرانی عەبدولڕەحمان مستەفا قادولی راگەیاند، ناسراو بە 'ئەبو عەلا عەفری، کە جێگری سەرکردەی داعش ئەبو بەکر بەغدادی بوو.

عەبدوڵا وتی: "هەروەها گروپەکە سەرکردەی لقی لیبیا، ویسام نەجم عەبد زەید زوبەیدی، لەدەستدا کە ناسرابوو بە 'ئەبو نەبیل'."

لە مانگی تەمموزدا گروپەکە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای بەناوی ئەبو عومەر شیشانی لە شارۆچکەی شەرگات لە عێراق راگەیاند کە ناوی راستەقینەی تارکان باتیراشڤیلی بوو.

لە 26 تەمووز، هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکی سەرکردەیەکی داعشی کوشت لە ئەفغانستان و پاکستان (پارێزگای خۆراسان) بەناوی حافز سەعید خان.

لەدەستدانی سەرچاوە داراییەکان

مامۆستای ئابوری جیهانی لە زانکۆی قاهیرە، ناسر ئەسیوتی، وتی: "لەئێستادا گروپەکە لەژێر ئابڵوقەیەکی راستەقینەدایە پاش لەدەستدانی زۆر لەو ناوچە و شارانەی کەناڵی گرنگی بەقاچاخبردنی نەوت و شوێنەوار و کەلوپەلی تر بوون کە لە بازاڕی رەشدا دەیفرۆشتن."

ئەسویتی بە دیارونای وت تواناییەکانی داعش بۆ سودوەرگرتن لە نەوتی سوریا تەواو لەکزیدایە و گروپەکە تەنها ئەو بیرەنەوت و پاڵاوگە سادانەی لەژێردەستدایە کە بەهەزارحاڵ بەشی پێویستیە رۆژانەکانی دەکەن.

وتی: "ئاشکرایە چالاکیەکانی هەناردەکردنی داعش لە سوریادا بەتەواوی راوەستاون لەدەرەنجامی لەدەستدانی شارەکانی مەنبیج و جەرابلوس کە راڕەوی گرنگ بوون بۆ بەقاچاخبردنی نەوت و ناوەندێکیش بوون بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ناوچەکانی تر، بەتایبەتی رەققە و ناوچە گوندنشینەکانی."

وتیشی رێکخستنی کاروبارەکانی فرۆشتنیش "مشتێکی گەورەیان بەرکەوتووە بە کوشتنی سامی محەمەد جبوری لە 11 ئاب کە رێکخەری کاروبارەکانی فرۆشتنی نەوتی داعش بوو".

وتی ساڵی پار ئەمکاتە، داهاتی داعش لە فرۆشتنی نەوت زیاتربوو لە یەك ملیۆن دۆلار لەڕۆژێکدا.

وتیشی: "ئەوەی ئێستا بۆ گروپەکە ماوەتەوە تەنها چەند بیرێکە لە ناوچە گوندنشینەکانی رەققە،" لەوانە کێڵگەی نەوتیی وادی عوبەید و بیرە نەوتەکانی دەیر زور کە گەورەترین و گرنگترینیان بیری کونیکۆیە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500