هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

پەتای هەوکردنی پەردەی مێشك لە نەهامەتیەکانی مەزایا زیاددەکات

نوهاد تۆپالیان لە بەیروت

سەرۆکی لیژنەی پزیشکیی مەزایا، دکتۆر محەمەد یوسف، لەتەنیشت قەرەوێڵەکەی خەولە عیزەدین و سەنای کچیەوە وەستاوە لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشك بەمدواییانە لەم شارۆچکەیەی نزیك دیمەشقدا. [نۆهاد تۆپالیان / مەشارق]

سەرۆکی لیژنەی پزیشکیی مەزایا، دکتۆر محەمەد یوسف، لەتەنیشت قەرەوێڵەکەی خەولە عیزەدین و سەنای کچیەوە وەستاوە لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشك بەمدواییانە لەم شارۆچکەیەی نزیك دیمەشقدا. [نۆهاد تۆپالیان / مەشارق]

ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی هەوکردنی پەردەی مێشك لەزیادبووندایە لە شارۆچکەی مەزایای سوری کە لەژێر گەمارۆدایە لەلایەن رژێم و حیزبوڵڵای هەواداری ئێران لە مانگی تەمموزی 2015 ەوە، بەرپرسانی ناوخۆ بە مەشارقیان وت.

بەرپرسان وتیان دەیان حاڵەتی نوێ تۆمارکراون لەم شارۆچکەیەی دەرەوەی دیمەشق، کە بەتایبەتی منداڵان ئەگەری توشبوونی هەوکردنیان هەیە.

دوای بانگەشەی لیژنەی پزیشکیی شارۆچکەکە، مانگی سوری عەرەبی لە سوریا 11 حاڵەتی لە شارۆچکەکەوە لە 8 ئەیلول گواستەوە، چواریان منداڵ بوون.

نیشانەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك سەرەتا لە مەزایا لە سەرەتای مانگی ئابدا دەرکەوت کاتێك ژمارەیەك هەوکردن تۆمارکرا، لەوانە یەمان عەلا عیزەدینی 11 ساڵان کە حاڵەتە خراپەکەی پاڵنەرێك بوو بۆ بانگەوازی گواستنەوەی توشبووەکان.

لە 19 ئابدا یەمان و 12 منداڵی تر لە شارۆچکە گەمارۆدراوەکەوە گوازرانەوە بۆ دیمەشق بۆ چاودێریی پزیشکی.

سەرەتای مانگی ئەیلول، لیژنە پزیشکییەکەی مەزایا رایگەیاند کە شارۆچکەکە پێیناوەتە "قۆناغێکی پزیشکیی مەترسیدارەوە" و ئاماژەی کرد بە سەرهەڵدانی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسیی هەوکردنی پەردەی مێشك لەناو منداڵاندا.

بەگوێرەی لیژنەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە زیاتر لە 30 حاڵەت دەستنیشانکراوە.

لیژنەکە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سور و پزیشکانی بێسنور کرد "تا زوو دەستبەکاربن و ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن بۆ رزگارکردنی شارۆچکە گەمارۆدراوەکە لەو پەتایە."

داواشی لێکردن "فشار بخەنە سەر [رژێم] بۆ کردنەوەی راڕەوی مرۆیی خێرا و دەستبەجێ رێگابدەن بە هاتنەناوەوەی خۆراك و دەرمانی پێویست".

سەرجەمی خێزانێك تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون

سەرجەمی خێزانەکەی یەمان عیزەدین تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون --خەولەی دایکی، عەلای باوکی و خوشکەکانی، بەیان و سەنا-- و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەك لە دیمەشق لە 8 ئەیلولدا، دوای ئەوەی لە ماڵەکەیاندا لە کەرەنتینەدا خرابوونە ژێر چاودێرییەوە.

خەولە عیزەدین وتی چاوەڕوانیان نەدەکرد هەوکردنەکە بڵاوببێتەوە.

خاتوو خەولە بە مەشارقی وت چەند رۆژێك دوای گواستنەوەی یەمان، کچە 12 ساڵانەکەشی، بەیان، نیشانەکانی ڤایرۆسەکەی لێدەرکەوت.

وتی: "گەرمای لەشی بەرزبووەوە بۆ سەروو 40 پلەی سەدی و نیشانەکانی وڕێنەکردن و سەرئێشەیەکی سەخت و ئازاری چاوی لێدەرکەوت. هەر زوو زانیمان، پاش پشکنینی لەلایەن پزیشكه‌وه‌، کە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشك بووە و بەخێرایی هەموومانی گرتەوە."

هەروەها وتی بارودۆخی سەختی مەزایاش قەیرانی پزیشکیی خێزانەکەی چڕترکردەوە و ئاماژەی بەوەش دا کە دەستیان بە خۆراکی باش و چاودێریی پزیشکی نەدەگەیشت.

وتیشی: "ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێنراوە، بێبەشی کردووین لە لانیکەمی پێداویستیەکانی ژیان. ئیتر ناتوانم بەردەوام بم و ناتوانم خزمەتی [خێزانەکەم] بکەم، چونکە لەجێگادا کەوتووم."

دەستنەکەوتنی خۆراکە سەرەکیەکان

سەرۆکی لیژنەی پزیشکیی مەزایا، دکتۆر محەمەد یوسف، وتی ئەو "کەمخۆراکیە سەختە"ی تەشەنەی کردووە بەهۆی دەستنەکەوتنی خۆراکە پێویستەکانەوە "کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر سیستمی بەرگریی دانیشتوانی مەزایای گەمارۆدراو" هەیە.

دکتۆر یوسف بە مەشارقی وت: "بەدەست نەبوونییەکی نیگەرانکەری ئاو و خۆراك و کارەبا و دەرمانی کاریگەرەوە دەناڵێنین بۆ ماوەی 15 مانگە، لەوکاتەوەی هێزەکانی رژێم و حیزبوڵڵا لەسەرەتادا گەمارۆکەیان بەسەردا سەپاندین."

وتیشی: "بەزەحمەت دەستکەوتنی خۆراکە سەرەکیەکان و نەبوونی شیری منداڵ، هەمووی بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا."

هەروەها وتی: "چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد نەخۆشیەکە بڵاوببێتەوە. بەڵام لەکاتی دەستنیشانکردنی یەکەم حاڵەتەوە لە ئابدا، لەژێر تارمایی مەترسیەکەیدا دەژیین. خێرا بڵاودەبێتەوە و هەرچەندە منداڵە تووشبوه‌كانیشمان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیمەشق، رۆژانە حاڵەتی هەوکردنی نوێ تۆماردەکەین."

یوسف وتیشی تیمی پزیشکیی شارۆچکەکە سەرچاوەکانی چارەسەرکردنی هەوکردنی پەردەی مێشكی نیە و ناتوانێت کوتانیش دابینبکات تا ڕێگا لە بڵاوبوونەوەی بگرێت.

هەروەها وتی: "تەنها شتێك دەتوانین بیکەین دانانی ناوەندێکی دابڕانی نه‌خۆشه‌ و بانگەشە بۆ کۆمەك و داواکردن لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ کردنەوەی راڕەوی مرۆیی و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ چارەسەر لەدەرەوەی شارۆچکەکە."

حیزبوڵڵا نەهامەتیەکە بەکاردەهێنێت

یوسف وتی دواهەمین کاروانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناو مەزایا پێنج مانگ لەمەوبەر بوو.

وتی هاوكات رژێم و حیزبوڵڵا گەمارۆکەیان لەسەر شارۆچکەکە توندترکردووە و خۆراکە سەرەکیەکان بە "نرخی خەیاڵی" بە دانیشتوانەکە دەفرۆشن.

وتیشی لە مەزایا، حیزبوڵڵا کیلۆیەك شیری وشکی منداڵ دەفرۆشێت بە 150 دۆلار، لیترێك به‌نزین بە 50 دۆلار و لیترێك گاز بۆ ئیشکردن بە موەلیدەکان بە 30 دۆلار. وتی هەروەها رێگای لە هاتنەناوەوەی کۆمەکی پزیشکی و خواردنیش گرتووە.

وتی ئەم گروپە چەکدارە "گەمارۆکە بەکاردەهێنێت و بە کردەوەکانی هاوڵاتیانی بێتاوان سزادەدات".

وتیشی دانیشتوانی مەزایا "هەموو جۆرێکی کۆمەکیان پێویستە، چونکە تارمایی مەرگ بەسەر شارۆچکەکەوەیە بەهۆی برسێتی و نەخۆشی و ترسی دەرونییەوە".

کادێری پزیشکی، ئەحمەد عەبدولوەهاب، بە مەشارقی وت: "کارمەندانی پزیشکی لە مەزایا بەسەختی دەتوانن پلانێك بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی دابڕێژن بەهۆی نەبوونییەکی گەورەی پێداویستیی [پزیشکی] و کەرەسە و ئامێرەکانی تاقیگە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و دەرمانیش."

عەبدولوەهاب وتی: "هەموو ئەم نەبوونییانە ناچارماندەکات شێوازی چارەسەری نەریتی و سێروم (زەرداوی خوێن)ی ناکاریگەر بەکاربهێنین."

وتی لەهەمانکاتیشدا "بەدەست گەمارۆکەوە ماندوبووین. هیچ لە ماڵەکانماندا نەماوە تا بیفرۆشین و خۆراکە پێویستەکانی پێبکڕین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

دوایین هەواڵی شارەکانی فۆعە، کافریە و دێرەزوور چیە کە هەموویان لەلایەن تیرۆرستانەوە گەمارۆدراون؟ بۆچی ئەوکاتەی نوبل و زەهرا گەمارۆدرابوون هیچتان نەوت؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌