هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چاودێران: دەستێوەردانی ئێران جەنگ دژی داعش لاواز دەکات لە سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شەرڤانێکی کورد ئاوێنە بەکاردەهێنێت بۆ ئاشکراکردنی جموجۆڵی هێزە نه‌یاره‌كان لەکاتی شەڕەکانی شاری حەسەکە لە باکوری سوریا ( وێنەکە بە سوپاسەوە لە پەیجی رۆژئاڤا وەرگیراوە).

شەرڤانێکی کورد ئاوێنە بەکاردەهێنێت بۆ ئاشکراکردنی جموجۆڵی هێزە نه‌یاره‌كان لەکاتی شەڕەکانی شاری حەسەکە لە باکوری سوریا ( وێنەکە بە سوپاسەوە لە پەیجی رۆژئاڤا وەرگیراوە).

چاودێران بە دیارونایان وت پێکدادانەکان لەنێوان ئەو میلیشیایەی کە ئێران هاوکاری دەکات و هاوپەیمانی رژێمی سوریایە لەگەڵ هێزە کوردیەکان لە شاری حەسەکە لە باکوری (وڵاتەکە) بونەتە بەربەستی شەڕ دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

لە ناوەڕاستی ئاب دا پێکدادانەکان لەناو شارەکە بەرپابوون لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی کورد و میلیشیای هاوپەیمانی رژێم، هێزەکانی دیفاع وەتەنی، کە میلیشیایەکە فەرماندەی هێزەکانی قودسی ئێران قاسم سولەیمانی رۆڵی لە دروستبونیدا هەبووە.

شەڕەکە سەختتر بوو کاتێك فڕۆکەکانی ڕژێم بۆ یەکەم جار ئەو ناوچانەیان بۆردومان کرد کە لەدەستی کوردەکاندایە لە شارەکەدا.

هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپباران و قەناسەکانی ناوچە نێشتەجێبوەکانی هاوڵاتیان چەندین قوربانی لێکەوتنەوە و بوونە هۆکاری کۆڕەوی بەکۆمەڵ بۆ عامودە و قامیشلی.

بەرپرسان و چاودێران کە لە ناوچەکەن بە دیارونایان وت پێکدادانەکان بونەتە هۆی خاوبونەوەی دەستکەوتەکانی هێزە کوردیەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە و یەپەژە) و هێزە هاوپەیمانەکانیان لە شەڕی دژی داعش لە باکوری سوریا.

دەڵێن ئەو بارە ناسەقامگیرە دەرگای بۆ هێرشەکانی داعش کردۆتەوە وەکو هێرشە خۆکوژیەکەی رۆژی دووشەممە (5 ئەیلول) لە حەسەکە کە پیاوێك لەسەر ماتۆڕسکیلێك 6 ئەندامی ئاسایش و 2 مەدەنی کوشت.

چاودێران دەڵین پێگەی توڕەی رژێم لەلایەن ئێرانەوە کڵپە دەدرێت، باس لەوەش دەکەن کە ئێران دەخوازێت جەنگ لە سوریا درێژەبکێشێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە پتەوکردنی کاریگەری خۆی لەسەر هەلومەرجەکانی سوریا.

لەمپەردانان بۆ جەنگی دژی داعش

ئەفسەری یەپەگە فەرهاد خۆجە لە لێدوانێکدا بۆ دیارونا وتی لەکاتێکدا یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات و لایەنە هاوپەیمانەکانیان لە ئۆپۆزسیۆن هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە لە شەڕی دژە داعشدا، رژێمی سوریا و هێزەکنای دیفاع وەتەنی چەندین کێشەیان لە حەسەکە دروستکردوە.

وتی بەڕێوەبەرایەتی حەسەکە و هێزەکانی ئاسایش هەوڵیانداوە ئەو کێشانە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی کێشەکان لەوە گەورەتر نەبن لەگەڵ رژێم کە چەند ناوچەیەکی حەسەکەی بەدەستەوەیە.

وتی: "هێزە کوردیەکان خۆیان لە هێرشبردنە سەر رژێم و ئەو هێزانەی هاوپەیمانی رژێمن بەدوور دەگرن لەبەرئەوەی دژی داعش لە چەند بەرەیەکەوە شەڕ دەکەن وەک باکوری کۆبانێ، بۆیە ناخوازن بەرەیەکی دیکە بکەنەوە."

بەڵام رەوشەکە "تەقیەوە کاتێك میلیشیاکەی رژێم هەوڵیدا بەرەو ناوچە کوردیەکانی پێشڕەوی بکەن لە 17 ئابدا کە لە لایەن هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپبارانەوە پشتیوانی دەکران و چەندین کەسیان کوشت."

خۆجە وتی کە "هێزە کوردیەکان توانیان چەندین ناوچەی رژێم کۆنتڕۆڵ بکەن و زەرەر و زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددیشیان پێبگەیەنن." وتیشی کە هێزەکانی ئاسایش توانیویانە بەتەواوەتی ئەو ناوچانە گەمارۆبدەن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رژێمدان.

وتی هێزە کوردیەکان بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم پێشڕەویان کردوە بە "مورەبەعی ئەمنیشەوە" و هه‌روه‌ها رۆژئاوای گەڕەکانی نەشوای شەرقی و غوێران و زوهور.

وتی ترسێکی زۆر هەیە کە شەڕەکان لەنێوان هێزەکانی کورد و ڕژێم زیاتر لە ناوچەیەك بتەننەوە ، بەتایبەتی لە قامیشلۆ، کە ئەوێش ئەمساڵ پێکدادانی بەخۆوە بینی.

ئەو پشتیوانیەی کە لە رژێمی سوریا دەکرێت لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە "هەروەها ئەو راستیەی کە پاڵ به‌ [رژێمەوە] دەنێن بکەوێتە ئەم شەڕەوە بە شێوەیەك لە شێوەکان کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو جەنگەی یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دژی داعش دەیکەن."

وتیشی: "هەر شەڕێکی لابەلا لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتگیری دەکرێن هەوڵەکان لاواز دەکات." باسی لەوەشکرد کە هەندێك لەو هێزانەی کە دژی داعش دەجەنگن پێویست دەکات کە بگوازرێنەوە بۆ بەرە نوێکە.

وتی چارەسەرێکی خێرای شەڕەکانی حەسەکە پێویستە، تا هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە تووشی "شەڕی بڕستبڕ" نەبن، بەڵکو بگەڕێنەوە بۆ پێگەکانیان لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش.

خۆجە وتی: "ئەوە لە بەرژەوەندی ئێران نیە کە داعش و گروپەکانی دیکە لەناوببرێن." وتیشی: "بەم شێوەیە سوریا هەر ناسەقامگیر دەمێنێتەوە و دەستێوەردانی ئێران، لەگەڵ کۆنترۆڵی تەواو بەسەر رژێم و ناوچەکانی ژێردەستیدا، وەك خۆی دەمێننەوە."

کاتێکی هەستیار لە حەسەکە

چالاکوانی کۆمەڵایەتی و ئەندامی ئەنجومەنی ئاشتی نیشتیمانیی عەممار ساڵح بە دیارونای راگەیاند پارێزگای حەسەکە هەر هەستیار بووە بەهۆی هەوڵی بەردەوامی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانی بۆ توڕەکردنی دانیشتوانە کوردەکەی.

وتی: "ئەم دنەدانە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە رەتکراوەتەوە بەهۆی پێکهاتەی ئێتنی ناوچەکەوە، کە عەرەب و کورد و سریانی تێکەڵن."

وتی بۆمباران و نیشانگرتنەکانی ئەمدواییانە هەر لەدژی ناوەندە سەربازیەکان نەبوون وەك رژێم ئیدیعای کرد، بەڵکو دژی ئەو گەڕەکانەش کە هەموو پێکهاتە ئێتنیەکانی ناوچەکەی لێ دەژین، نەك هەر کورد.

وتیشی: "ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە رژێم دوژمنکاری بەرامبەر هەموو خەڵکی سوریا دەکات." ئاماژەی بەوەش دا کە هەوڵدەدرێت شەڕەکان بوەستێنرێن و ئاگربەست مسۆگەربکرێت.

لەهەمانکاتدا، ژیان زەحمەت بووە بۆ دانیشتوانی حەسەکە، بە وتەی کارمەندێکی خێرخوازی لەسەر سنوری تورکیا-سوریا، ئۆجالان شەیخی، کە بە دیارونای وت لەکاتی شەڕەکاندا کارەباش بڕاوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبیل لەشارەکەوە و بۆ شارەکە راوەستاوە.

وتیشی: "ئەمە بووەتە هۆی کەمبوونی هەندێك خۆراکی سەرەکی بۆ ژیانی رۆژانە و دانیشتوانی ناچارکردووە بە هەڵهاتن لە شارەکە،" کە ژمارەیانی خەمڵاند بە دەیان هەزار عەرەب و کورد کە زۆریان بە پێی پەتی هەڵهاتوون.

وتی: "رێکخراوە خێرخوازیەکان هەوڵدەدەن شمەکە سەرەکیەکان دابینبکەن بۆ ئەو ئاوارانەی ئێستا لە ماڵی شەخسیدا داڵدەیان داون." وتیشی ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بەرەو خراپی بڕوات، پێویست بە کەمپی ئاوارە دەبێت.

وتی لانیکەم 60 کەس کوژران لە پێکدادانەکاندا، لەناویاندا 30 مەدەنی و ژمارەیەك منداڵ. لانیکەم 200 مەدەنی و سەربازیش برینداربوون، زۆریان جەستەیان شێوێنرا لە رۆژانی یەکەمی شەڕەکاندا کە تۆپبارانی هەڕەمەکی و نیشانەگرتنی تیادابوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500