هه‌واڵه‌كانی عێراق
Topic/IraqToday/sectionlead

لە شەڕی دوورگەی خالیدییەدا داعش 1,000 چەکداری لەدەستداوە

عەلا حسێن له‌ بەغدا

ئەندامێکی هێزەكانی عێراق ئاڵای عێراقی بەدەستەوەیە لە خالیدییە، خۆرهەڵاتی رەمادی، لە 1 ئابدا و لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە ناوچەکە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامێکی هێزەكانی عێراق ئاڵای عێراقی بەدەستەوەیە لە خالیدییە، خۆرهەڵاتی رەمادی، لە 1 ئابدا و لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە ناوچەکە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لانیکەم 1,000 لە چەکدارەکانی لەدەستدا کاتێ هەفتەیەك لەمەوبەر هێزەکانی عێراق گروپەکەیان لە دوورگەی خالیدییەی خۆرهەڵاتی رەمادی دەرکرد، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان راگەیاند.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رزگارکردنی تەواوەتیی دوورگەی خالیدییەی لە 27 ئابدا راگەیاند دوای هێرشێکی نزیکەی یەك مانگە بۆ سەر ئەو ناوچەیەی ژێردەستی داعش.

لە 30 تەمموزدا، هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سێ-بەرەییان دەستپێکرد بۆ ئازادکردنی دوورگەی خالیدییە بە بەشداری سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵ و هێزە خێڵه‌كییه‌كان.

پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن سوپای عێراق، هێزی ئاسمانیی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دابینکرابوو.

بەرپرسی حەشدی خێڵەکیی رەشید فلێح وتی لەکاتی شەڕەکەدا، هێزەکانی عێراق توانییان نزیکەی 1,000 چەکداری گروپەکە بکوژن، لەنێویاندا چەند چەکدارێکی بیانیی، زۆربەیان لە ئەلبو کەنعان، ئەلبو بالی و ناوچەکانی کەرتان لە جەزیرە.

بە دیارونای وت داعش بەشێوەیەکی فراوان لە ناوچەکەدا بوونی هەبوو، لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو چەکدارانەی لەکاتی رزگارکردنی فەلوجەدا هەڵاتن لەڕێی ئەلبو شەجەلەوە چوون بۆ دوورگەی خالیدییە.

ناوەندی فەرماندەیی داعش

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار عەزال فەهداوی وتی دوورگەی خالیدییە ناوەندی فه‌رمانده‌یی و كۆنترۆڵی گروپەکە بوو لە ئەنبار و به‌كاریشده‌هێنرا وەك راڕەوی گواستنەوەی پاره‌ و چەکداریش بۆ ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە.

بە دیارونای وت ئەو [دوورگەیە] یەکێك بوو لە یەکەمین ناوچەکانی ئەنبار کە داعش هاتە ناویەوە، وەك قەڵایەکی پتەوی گروپەکەش مایەوە بەهۆی جوگرافیای ئاڵۆزی ناوچەکەوه‌، وەك بوونی چەندین باخ، پاڵاوگەی ئاو و جۆگه‌ی ئاودێری، کە پێشڕەویی هێزە ئەمنییەکانی هێواشکردەوە.

رایگەیاند: "نەهێشتنی ئەو گروپە تیرۆرستییە لە دوورگەی خالیدییە ئاماژەیە بە شکستی تێرۆریزم لە تەواوی پارێزگای ئەنباردا."

وتیشی چەکدارانی داعش هیچ رێگەیەکی دەربازبونیان نەبوو چونکە ناوچەکە شوێن داڵدەی ئەوان بوو لەکاتی شەڕەکانی پێشوودا له‌ فەلوجە و رەمادی.

فەهداوی وتی: "بەڵام ئەمجارەیان بووە گۆڕستانی ئەوان، چونکە تەنیا دوو بژاردەیان هەبوو، خۆبەدەستەوەدان یان کوژران."

رایگەیاند پێش ئەوەی شەڕەکە دەستپێبکات، دانیشتوانی ناوچەکە بۆ که‌مپی ئاوارەکان هەڵاتن کە حکومەت لە ناوچە ئارامەکاندا دروستیکردبوون.

وتیشی ئەو کاتەی ئاسایش و سەقامگیریی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناوچەکە و خزمەتگوزارییەکان دەستیانپێکردەوە، ئەو خێزانانە دەتوانن بگەڕێنەوە.

"جەنگێکی یەکلاکەرەوە"

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجومەنی قەزای خالیدییە ئیبراهیم فەهداوی رایگەیاند چەکدارە توندڕەوەکان ماوەی زیاتر لە دە ساڵه‌ دوورگەی خالیدییەیان ته‌نیوه‌.

ئەو ناوچەیە "بۆ ماوەیەکی درێژ قەڵایەکی" ئەبو موسعەب زەرقاوی بەرپرسی پێشووی ئەلقاعیدە بوو لە عێراق.

بە دیارونای وت جیا لەوەش، ناوچەی ئەلبو بالی لە دوورگەی خالیدییە بنکەی بەرپرسی باڵای داعش ئەبو عەبدولڕەحمان بیلاوی بوو "کە لە شەڕەکانی 2014دا بەرپرسی باندەکانی گروپەکە بوو".

رایگەیاند شەڕەکانی ئازادکردنەوەی دوورگەی خالیدییە قورسترین بوون.

وتی: "پێمانوابوو شەڕی یەکلاکەرەوە لە فەلوجە دەبێت، بەڵام وا دەرکەوت شەڕی راستەقینە شەڕی ئازادکردنەوەی دوورگەکە بوو، چونکە شوێن داڵدەی سەرەکیی تەواوی بەرپرسانی گروپەکە بوون لە ئەنبار."

فەهداوی رایگەیاند سەرکەوتن لە خالیدییە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر شەڕی رزگارکردنەوەی ناوچەکانی دیکە، وەك دوورگەی رەمادیی و ناوچەکانی خۆرئاوای پارێزگاکە.

وتی: "شەڕەکانی ئەوێ ئاسان دەبن و تیرۆرستەکانیش شکستیان پێدەهێنرێت، چونکە بنکەی سەرەکیی خۆیان لەدەستداوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500