هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شوێن بە داعش تەنگدەکرێت لە قائیم

عەلاء حسێن لە بەغدا

هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق موشەك باران دەکات لە کاتی ئۆپەراسیۆنێك بۆ گرتنەوەی شارۆچکەیەك لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" نیسانی 2016 (محەمەد سەواف بۆ ئاژانسی فرانس پرێس)

هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق موشەك باران دەکات لە کاتی ئۆپەراسیۆنێك بۆ گرتنەوەی شارۆچکەیەك لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" نیسانی 2016 (محەمەد سەواف بۆ ئاژانسی فرانس پرێس)

بەرپرسان دەڵێن هێرشە ئاسمانیە عێراقیەکان کە کۆبونەوەی سەرکردەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە ئامانج دەگرن لەناوە و دەوروبەری شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار ناوجەرگەی گروپەکەیان پێکاوە و پەیوەندیەکانی گروپەکەیان لەگەڵ سوریا بڕیوە.

دەشڵێن هەوڵەکانی عێراق و هاوپەیمانان توانیویانە سەرکەوتووانە شارۆچکە بیابانیەکە بەرە بەرە لە دەستی داعش دەربێنن، کە بۆ کۆبوونەوە و وەك پردێك بۆ گەیشتن بە ئەلبوکەمال بەکاریان دەهێنا، کە شارۆچکەیەکی سنوریە لەبەری سوریا.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسول لە لێدوانێکیدا بۆ دیارونا وتی شکستە ستراتیژیەکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار لەنێویاندا لە شارەکانی رەمادی و فەلوجە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی دژی گروپەکە لە سوریا فشارێکی زۆری خستۆتە سەر قائیم، کە یەکێك لە دوا پێگەکانی داعشی لێیە لە پارێزگاکە.

لێدان لە سەرکردایەتی داعش

ئاژانسی فرانس پرێس وتی بەرپرسێکی باڵای دارایی داعش لە ئۆپەراسیۆنیکی هاوبەشدا لە هەڵمەتێکی هەڵکوتانەسەردا لە 11 ئاب لە نزیك قائیم کوژراوە و ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی حکومەتی عێراق و هێزەکنی عێراق و هێزە کوردیەکان بەڕێوەچووە.

بەرپرسە داراییەکەی داعش سامی جاسم محەمەد جبوری ئەرکی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دابینکردنی ئابوری داعش بووە بە فرۆشتنی نەوت و گازەوە.

سوپای عێراق 29 تەمموز رایگەیاند کە گروپێكی لە سەرکردەکانی داعش کوشتووە لە هێرشێکی ئاسامانیدا لەکاتێکدا لە قائیم گردببوونەوە بۆ کۆبونەوە، هێرشەکەش لەسەر زانیاری هەواڵگریی بەڕێوەچوو لەسەر "جموجۆڵی گوماناوی" ئەندامانی داعش لە ناوچەکە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان وتی یەکێك لە کوژراوەکان ئەبو تەها عەزاوی بووە، کە ئەندامێکی دیاربووە و پەیوەندی نزیکی بە سەرۆکی داعش ئەبوبەکر بەغدادیەوە هەبووە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەییەکە وتی: "تیرۆریستە کوژراوەکە لە سەرۆکی داعشەوە نزیك بووە، هەروەها پەیوەندی خێزانیشی لەگەڵیدا هەبووە بەوەی کە هاوسەری خوشکی بەغدادی بووە."

بەیاننامەکە وتی عەزاوی پاڵنەری دانانی بەغدادی بووە بە سەرۆکی داعش دوای ئەوەی گروپەکە لە نیسانی 2013 جیابۆوە لە رێکخراوی پێشوتری قاعیدە بەرەی نوسرە کە ئێستا بە بەرەی فەتحی شام ناسراوە.

هێرشە ئاسمانیەکان جگە لە عەزاوی 12 سەرکردەی باڵای ناوچەکانی دیکەی داعشیان کوشت کە لەوکاتەدا لەگەڵ ئەو کۆببونەوە و چەندین ئەندامی دیکەشیان برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش وتی لە هەڵمەتێکی دیکە لە 3 حوزەیران فڕۆکەکانی هاوپەیمانان شوێنێکی داعشیان پێکا لە حوسەیبە غەربییە لە قائیم و 20 ئەندامی داعشیان کوشت، ئەو شوێنەش بۆ مانەوەی ئەو چەکدارانە بەکاردەهێنرا کە لە سنوری سوریاوە دەهاتنە عێراق.

وەزارەتەکە وتی تەقینەوەی چەك و تفاقی کۆکراوە لەو شوێنە ئاگرێکی وای کردەوە کە بۆ چەند کاتژمێرێك دوای هێرشەکە هێشتا لە کڵپەسەندن بەردەوام بوو.

داخستنی رێگاکانی گەشتن بە قائیم

لە کۆتایی حوزەیران، دوای رزگارکردنی فەلوجە، هێرشەکانی عێراق و هاوپەیمانان سەدان ئۆتۆمبیلیان لەناوبرد و چەندین ئەندامی گروپەکەیان کوشت لەکای هەڵهاتنیان لە فەلوجەوە بۆ قایم.

بەرپرسی ستافی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لیوا ئیسماعیل مەحەلاوی ئەوکاتە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەمە هەوڵێکی تەنگەتاوی تیرۆریستەکانە بۆ هەڵهاتن بەرەو ناوچەکانیان لە قائیم نزیك لە سنوری سوریا و سەرسار."

ئەوەی کە لەسەر هێرشە ئاسمانیەکان وتراوە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەریدەخات چەکدارانی داعش هیج هەڵبژاردەیەکیان بۆ نەمابۆوە جگە لە هەوڵی بەکارهێنانی قافڵەیەکی خۆکوژ کە دەیانزانی جێگەیان بۆ هێرشە ئاسمانیەکان ئاشکرادەکات.

بەپێی رەسوڵ و سەرچاوە سەربازیەکانی دیکە، یەکەم هێرشی ئاسمانی قافڵەیەکی گەورەی تێکشکاندووە کە چەند کیلۆمەترێك درێژ بووە.

بەرلەوەش لە 17 ی حوزەیران وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ عەمید سەعد مەعەن لە لێدوانێکیدا بۆ دیارونا وتی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان لانی کەم 20 ئەندامی داعشیان کوشتووە و بریندارکردووە کە لە قافڵەیەکی سەربازیدا بە شەش ئۆتۆمبیلی دەبڵ ئەکسل سنورەکەیان بڕیوە لە ئەلبوکەمالەوە بۆ حوسەیبە لە نزیك قائیم.

راوێژکاری سەربازی فازڵ ئەبورەغیف بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی عێراق بەردەوام دەبێت لە خێرا لەناوبردنی بەناو "ویلایەتەکانی" داعش و بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانیان بۆ جوڵانەوە و دوبارە برەودان بە چالاکیەکانیان.

ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لەژێر هەڕەشەدان

لیوا عەبدولکەریم خەڵەف، کە ئەفسەرێکی سەربازی خانەنشینە، وتی هێرشەکانی ئەم دواییانە، بەتایبەتی ئەوانەی کە کۆبوونەوەی سەکردەکانی داعشیان پێکاوە لە قائیم کە تێیدا گروپەکە پلانەکانی دادەڕێژێت، بەرهەمی هەوڵێکی هەواڵگریی گەورەیە.

ناوبراو وتی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی 29 تەمموز کە سەرکردەکانی داعشی گرتەئامانج و هێرشە هاوشێوەکان، ئەوە دەردەخەن کە هەموو پلانەکانی داعش و ناوەندەکانی بەگەڕخستنیان و حەشارگەکانی چەکەکانیان لە ناوچە بیابانیەکانی رۆژئاوای عێراق ئێستا لەژێر هەڕەشەی هێزە عێراقیەکاندان.

سەرۆک شارەوانی روبتە عیماد دولەیمی بە دیارونای وت کە داعش قائیمی هەڵبژارد لەبەرئەوەی ناوچەیەکی دوورەدەستە کە 300 کیلۆمەتر دوورە لە نزیکرتین شاری گەورەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کانی عێراقدا بێت.

وتی نزیکیی قائیم لە سنوری سوریاوە هێڵی راستەوخۆی پەیوەندیشی پێ بەخشیوە لەگەڵ رەققە، کە پێگەی بەهێزی داعشە، ئەمە لایەنێکی دیکەیە کە وایکردووە داعش شارۆچکەکە هەڵبژێرێت وەك شوێنی کۆبوونەوە نهێنیەکانی. باسی لەوەشکرد کە خێزانی سەرکردە باڵاکانی داعش بەهامنشێوە لەوێ نیشتەجێن.

دولەیمی وتی ئەوەش خەڵکی شارەکەن کە هۆکارن بۆ پێدانی زانیاریە پێویستە هەواڵگریەکان بە هێزەکانی عێراق بۆ ئەوەی بنکە و کۆبوونەوەکانی داعش بە ئامانج بگرن.

وتیشی نەبونی پاڵپشتی ناوخۆیی (بۆ داعش) هاوکاتی هێرشەکانی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان مانای ئەوەیە کە رۆژگاری داعش لە قائیم بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن و ئیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو فشارانە بگرێت کە روبەروی دەبنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500