هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش چەکی کیمیایی بەکاردێنێت بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی هێزەکانی عێراق

خالید تائی

تانکێکی عێراقی تەقە لە پێگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکات لە گەیارە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

تانکێکی عێراقی تەقە لە پێگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکات لە گەیارە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە گازی ژەهراوی هێرشی کردۆتەسەر هێزەکانی عێراق لە هەوڵێکدا بۆ رێگرتن لە پێشڕەوییان بەرەو موسڵ، دواهەمین قەڵای ئەم گروپە لە عێراق، بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا بە دیارونایان وت.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، لیوا نەجم جبوری، وتی: "رۆژی 22 ئاب، [داعش] هەشت هاوەن و موشەکی کاتیۆشای تەنراو بە گازی ژەهراویی گرتە هێزەکانمان و مەدەنیەکان لە گوندی عەوسەج لە ناحیەی گەیارە."

جبوری وتی: "تێرۆریستەکان هەموو توانایەکیان بۆ روبەڕوبوونەوەی هێزەکانمان لەدەستداوە و ئێستا نائومێدانە هەوڵدەدەن رێبگرن لە پێشڕەویی سەربازەکانمان بەرەو موسڵ."

وتیشی هێرشەکە هیچ قوربانیەکی سەربازی یان مەدەنیی لێنەکەوتەوە و زیانێکی سنورداری هەبوو، چونکە داعش تەکنۆلۆژیای پێویستی نیە بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی کاریگەر.

هەروەها وتی گروپەکە بەگشتی گازی ژەهراوی وەك کلۆر و گۆگرد بەکاردەهێنێت، "کە بەشێوەیەکی سەرەتایی تێکەڵیان دەکەن و دەیکەنە موشەکەکانەوە". وتیشی ئەم جۆرە چەکانە مەودایەکی جوگرافیی دیاریکراو دەبڕن.

جبوری وتی: "ئەمە جاری یەکەم نیە داعش ئەم جۆرە چەکانە بەکاربهێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش لە مانگی ئازاردا هێرشی کیمیایی کردە سەر گوندی تازە لە پارێزگای کەرکوك و قوربانیی مەدەنیی لێکەوتەوە.

وتیشی: "ئێستا هێزەکانمان شارەزاییان هەیە لە ناسینەوەی ئەم هێرشانەدا و خۆیان ئامادەدەکەن بۆ روبەڕوبوونەوە و خۆپاراستن لە کاریگەریەکانیان."

هەروەها وتی هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی تەواوی گەیارەیان کردووە کە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژی بوو بۆ داعش لەلایەنی بڵاوەپێکردن بە چەکدارانی و سودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتیەکانی بۆ بەدەستهێنانی دەرامەت.

وتیشی: "ئێستا موسڵ هێندەی هاویشتنی بەردێك دوورە و هێزەکانمان لەپێشڕەویدان بەپێی پلانی ورد و خەمڵاندنی پلانبۆدانراو کە لایەنە مرۆییەکانیش رەچاودەکەن، چونکە نامانەوێت ژیانی خەڵکی مەدەنی بخەینە مەترسیەوە."

نیشانەکانی تێکشکانی داعش

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، داود جوندی، وتی هێرشی داعش بۆسەر عەوسەج "بەڵگەیەکی روونی دۆڕان و تێکشکانی تێرۆریستەکانە" و ئەم هێرشکردنانەی بە چەکی قەدەغەکراو پێناسەکرد بە "دواهەمین چارەی داعش".

جوندی بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان "ئێستا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن لە پارێزگای نەینەوا، کە دواهەمینیان رزگارکردنی گەیارە بوو کە دەروازەی باشورە بەرەو موسڵ".

وتیشی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، وەك دەزانرێت داعش دەیان هێرشی بە گازی کلۆر کردۆتەسەر هێزە کوردیەکان لە خۆرئاوای موسڵ.

وتی ئەم گروپە هێزەکانی پێشمەرگەشی لە شارۆچکەی مەخمور لە خۆرهەڵاتی موسڵ کردۆتە ئامانج، بەڵام "ئەم هێرشانە ورەی هێزەکانمان دانابەزێنن بۆ تێکشکاندنی تێرۆریزم".

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولڕەحمان وەکاع، جەختی کردە سەر گرنگیی "هەموو جۆرە وریاییەکی پێشوەخت لە پلانەکانی تێرۆریستان".

وەکاع بە دیارونای وت: "داعش هیچ سڵکردنەوەیەکی مرۆیی و ئەخلاقیی نیە و دوودڵ نیە لە بەکارهێنانی هەر جۆرە شێوازێکی شەڕکردن، تەنانەت گەر قەدەغەکراویش بێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و ئاراستەکردنی دەرەنجامی شەڕەکان."

وتیشی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕ لە موسڵ، رەنگە چڕبوونەوە لەچالاکیەکانی تێرۆریستان ببینین لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی درۆ لە هەوڵیاندا بۆ دابەزاندنی ورەی سەربازەکانمان و تۆقاندنی دانیشتوان."

هەروەها وتی: "دەبێت رەچاوی هەموو هەوڵەکانی دوژمن و تاکتیکە دڕندانەکانی بکەین تا بتوانین پوچەڵیان بکەینەوە، چونکە دواهەمین سەرکەوتن لە ئاسۆوە دیارە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500