هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

گەمارۆی مەزایا بەردەوامە و دانیشتوانی کردۆتە 'پەیکەری ئێسکیی پیادەڕۆ'

نوهاد تۆپالیان لە بەیروت

ژنێك و منداڵێك رێدەکەن لە دەرەوەی شارۆچکەی گەمارۆدراوی مەزایا لە سوریا، رۆژی 11 کانوونی دووەم، پاش گواستنەوەیان لە شارەکە. [لوئەی بەشارە / ئاژانسی فرانس پرێس]

ژنێك و منداڵێك رێدەکەن لە دەرەوەی شارۆچکەی گەمارۆدراوی مەزایا لە سوریا، رۆژی 11 کانوونی دووەم، پاش گواستنەوەیان لە شارەکە. [لوئەی بەشارە / ئاژانسی فرانس پرێس]

ماوەی دوو ساڵە هێزەکانی رژێمی سوریا و حیزبوڵڵا شارۆچکەی مەزایایان گەمارۆداوە و دانیشتوانەکەی دەناڵن بەدەست کەمیی خۆراك و دەرمان و ئەو چارەسەرە پزیشکیانەی زۆریان پێویستیانە.

زیاتر لە 60 کەس، زۆربەیان منداڵ، لە برسا یان کەمخۆراکیدا مردوون لەم دوو ساڵەی دواییدا، کارگوزارانی پزیشکی لە مەزایا بە مەشاریقیان وت.

دانیشتویەکی مەزایا، ئامینە یوسف شەماع، بە مەشاریقی وت: "دوو ساڵە لەژێر گەمارۆیەکی تونددا دەژیین و [هێشتا زیندووین] چونکە مردن دەستناکەوێت."

وتی: "رێنادرێت خۆراك بێتەناو مەزایاوە؛ تەنها برنج و ساوەر دەخۆین چونکە نرخی سەوزە و میوە و گۆشت بەڕادەیەکی بێمانا فڕیوه‌."

رۆژێك، ماوەی مانگێك لەمەوبەر، کچە 22 ساڵانەکەی ئامینە بەناوی نەسرین لەکاتی نانخواردندا هەست بە ئازارێکی بەهێز دەکات لە ناوسکیدا. دوای ئەوەی ئازارەکەی زیاددەکات، خێزانەکەی دەیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی و لەوێ تاقیکردنەوەکان دەریدەخەن کە کێشەی کەمخۆراکی و کەمیی کالیسیۆمی هەیە.

بەهۆی کەمیی دەرمان و خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان لەم شارۆچکە گەمارۆدراوەدا حاڵەتەکەی چارەسەری بۆ ناکرێت و هەر زوو بەرەو خراپتربوون دەچێت. توشی ئیفلیجبوونی نیوەی جەستەی (پاراپلیجیا) دەبێت و توانای بینین و قسەکردن و بیستن لەدەستدەدات.

نەسرین یەکێكه‌ لەو 18 حاڵەتە خێرایانە بوو کە رۆژی 19 ئاب لەلایەن مانگی سورەوە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەزایاوە گوازرانەوە.

ئامینە وتی: "ئێستا کچەکەم بەتەنها لە نەخۆشخانەیەکی دیمەشق کەوتووە." وتیشی پزیشكه‌کان بە تەلەفۆن پێیان راگەیاندووە کە زەحمەتە نەسرین چاکببێتەوە.

هەروەها وتی: "ئەگەر گەمارۆکە نەبوایە، هەموو چارەسەر و دەرمانێك لەبەردەستدا دەبوو، نەسرین دەبوو ئاگاداریی کچە 6 ساڵانەکەی، ریماس، بکات. بەڵام ئێستا لەنێوان ژیان و مەرگدایە."

دەرده‌سەری

محەمەد دەروێش، خوێندکاری دانسازی و بەڕێوبەری بەوەکالەتی نەخۆشخانەی مەیدانیی مەزایا، بارودۆخەکەی بە زۆر سەخت ناوبرد.

وتی ئەو 40,000 کەسەی لە شارۆچکەکەدا لەژێر گەمارۆدا دەژیین لە هەموو پێداوستیەکانی ژیانیان کەمە، لەکاتێکدا نرخی خۆراکە تەندروستەکان یەکجار زۆر بەرزە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی و مەرگی دەیان کەس لەمانگێکدا.

دەروێش بە مەشاریقی وت: "خەڵکی مەزایا بوونەتە پەیکەری ئێسکی و بێ هیچ مه‌به‌ستێك بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی تەواوی ڤیتامین و کانزاکان و پڕۆتین لە لەشیاندا."

وتیشی: "زیاتر لە 500 نەخۆشمان هەیە کە بەدەست کەمیی کالیسیۆمەوە دەناڵێنن، تیایاندا 75 منداڵ کە لە قۆناغی ددان دەرهاتن و پێگرتندان. دەرمانی جێگرەوەیان دەدەینێ بەڵام ئەوە بەس نیە."

دەروێش، کە بەهۆی گەمارۆکەوە نەیتوانیوە دواهەمین ساڵی خوێندنەکەی تەواوبکات، نەخۆشخانە مەیدانیەکە دەباتبەڕێوە لەگەڵ دوو خوێندکاری تری پزیشکی کە ئەوانیش خوێندنەکەیان لە دانسازی و پزیشکی ئاژەڵدا بۆ تەواونەکراوە.

وتی: "ناچاربووین هەرچۆنێك بێت نزمترین ئاستی خزمەتگوزاری پزیشکی دابینبکەین." وتیشی نەخۆشەکانی مەزایا پێویستیان بە پزیشکی شارەزا هەیە. "بەهۆی نەبوونی ئەوانەوە، ئێمە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پەیوەندی بە پزیشكه‌ تایبەتمەندەکانەوە دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتانەی چارەسەرکردنیان بۆ ئێمە زەحمەتە."

دەروێش وتی: "ئەم گەمارۆیەی ئێمەی لەژێرداین نامرۆڤانەیە و هیچ ویژدانێك قبوڵی ناکات. دانیشتوانەکە لە هەموو شتێك بێبەشن."

وتی: "بۆچی منداڵەکانمان مەحکومن بەوەی لە برسان و لە نەبوونی چارەسەردا بمرن؟"

وتیشی: "من ئیتر ناتوانم به‌رگه‌ی مەرگی منداڵان بگرم." باسی نوێترین حاڵەتی کرد کە منداڵێکی ساوا بوو، شەش کاتژمێر دوای لەدایکبوونی مرد بەهۆی نەبوونی حازینە [ئامێری چاودێریکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو] و دەرمانەوە.

کەللەڕەقیی حیزبوڵڵا

کارمەندی ئەمبولانس، ئەحمەد عەبدولوەهاب، 26 ساڵ، وتی بارودۆخەکە لە مەزایا "زۆر تراجیدییە" بەهۆی کەللەڕەقیی حیزبوڵڵاوە.

عەبدولوەهاب بە مەشاریقی وت: "ئێمە وەك کارمەندی ئەمبولانس روبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبینەوە لە بەهاناچوونی برینداران و بێدەرەتانان و ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە بەهۆی نەبوونی کەرەستەوە."

عەبدولوەهاب، دامەزرێنەری تۆڕی فریاکەوتنی سوریا و رێکخراوی سیراج بۆ گەشە و خزمەتگوزاریی تەندروستی، وتی هەوڵیداوە چارەسەری نەسرین شەماع بکات، بەڵام هەستی بە "بێدەسەڵاتی" کردووە لەگەڵ بوونی ئەو دەرمانانەی لەبەردەستیدا بوون.

وتی: "هەر ئەوەندەمان پێکرا کەچوار جار لە رۆژێكدا دەرزییەکی کۆرتیزۆن بکەین بۆ نه‌سرین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم بڕە یەك جار لە شەش مانگدا [دەدرێت عادەتەن]."

پاش ئەوەی بووە یەکێك لە 18 حاڵەتی پزیشکی بەپەلە كه‌ لەم دواییانەدا بگوێزرێتەوە بۆ مەدایا، ووتی: "هەوڵدەدەین کە سه‌رنج رابكێشین بۆ حاڵەتەکانی تریش کە پێویستییان بەوەیە بگوێزرێنەوە بۆ ئەو نەخۆشخانانەی کە چارەسەری لێدەستدەکەوێت."

وتی: "کاری فریاکەوتنەکەمان بە بارتەقای ئەو تراجیدیایە نییە کە دەیچێژین." وتیشی: "هەموو ساتێك خەڵك هەن کە لەبەر مەترسی مردندان."

وتی لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتوانی مەزایا کۆڵنادەن. وتی :"راستە کە وا لە برسا دەمرین و نرخی خواردنی بەکەڵك بێتام فڕیوە، بەڵام هەمیشە سەرمان بەرز رادەگرین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500