هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تێوەگلانی حیزبوڵڵا لە سوریا نائارامی بۆ لوبنان دێنێت

نوهاد تۆپالیان لە بەیروت

شەڕکەرانی بەرەی نوسرەی پێشوو -- کە ناوی گۆڕاوە بۆ بەرەی فەتحی شام پاشئەوەی لە قاعیدە جیابووەوە -- گوێ لە وتارێك دەگرن لە قوتابخانەیەکی چەکداریدا پاشئەوەی دوو ئەکادیمیای سەربازی و پێگەیەکی سەربازیی سێهەمیشیان گرتەوە لە باشوری حەلەب رۆژی 6 ئاب، روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ وتی. [عومەر حاج قەدور / ئاژانسی فرانس پرێس]

شەڕکەرانی بەرەی نوسرەی پێشوو -- کە ناوی گۆڕاوە بۆ بەرەی فەتحی شام پاشئەوەی لە قاعیدە جیابووەوە -- گوێ لە وتارێك دەگرن لە قوتابخانەیەکی چەکداریدا پاشئەوەی دوو ئەکادیمیای سەربازی و پێگەیەکی سەربازیی سێهەمیشیان گرتەوە لە باشوری حەلەب رۆژی 6 ئاب، روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ وتی. [عومەر حاج قەدور / ئاژانسی فرانس پرێس]

پێکدادان و بۆمبارانەکانی ئەمدواییانە لەنزیك سنوری سوریا-لوبنان لەنێوان "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و ئەو گروپەی پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو، رۆڵی حیزبوڵڵای دەرخستووە لە هێنانەکایەی ناجێگیری لە لوبناندا.

ئەوە دەستێوەردانی ئەو گروپانەیە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن لە شەڕی سوریادا کە گروپە تێرۆریستیەکان و لایەنانی تر پاڵپێوەدەنێت بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، شارەزایان بە مەشاریقیان وت.

سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە و راوێژکاریی لوبنانی، حەسان قوتب، وتی: "پاش دەستێوەردانی حیزبوڵڵا لە کاروباری سوریادا، سەقامگیری لە لوبنان هاتە لەرزین."

بۆ چەندین مانگ بەرەی فەتحی شام، کە پێشتر بەرەی نوسرە بوو، لەگەڵ داعش هێرشی تێرۆریستییان دژی مەدەنیەکان و ئامانجە سەربازیەکان ئەنجامداوە و لەگەڵ یەکیشدا شەڕیانکردووە.

سوپای لوبنانی بەردەوام لەگەڵ چەکدارانی داعش و بەرەی نوسرەدا، کە لە ناوچە چاڵوچۆڵەکانی سەرسنوری لوبنان-سوریا جێگیربوون، یەکتر بۆمباران دەکەن بە هاوەن و لە نمونەیەکی ئەمدواییانەی تێرۆریزم لە لوبناندا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی 27 حوزەیراندا، چوار خۆکوژ پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکانیان تەقاندەوە لە شارۆچکەی قاع لەسەر سنور و بەدوایدا چوار تەقینەوەی خۆکوژیی تریش لە ئێوارەیەکی درەنگدا هاتن.

قوتب وتی ناکۆکیەکان چڕتردەبنەوە، لەلایەکەوە لەنێوان داعش و بەرەی نوسرەدا و لەلایەکی تریشەوە لەنێوان ئەم دوانە و حیزبوڵڵادا.

وتیشی: "ئەگەر حیزبوڵڵا لە دەستێوەردان [لە سوریا] بەردەوام بێت، پێکدادانەکانی نێوان ئەم گروپانە کاردەکاتە سەر لوبنان و سەقامگیری تیایدا دەکەوێتە لەرزین."

لۆمەی حیزبوڵڵا دەکرێت

لە یەکەم دەرکەوتنیدا، سەرکردەی بەرەی نوسرە، ئەبو محەمەد جولانی، لە ڤیدیۆیەکدا رۆژی 28 تەمموز رایگەیاند کە گروپەکە ناوی خۆی گۆڕیوە و ریزەکانی دەخاتەپاڵ شەڕکەرانی تر لە سوریادا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ قاعیدە دەبڕێت.

شیکاری سیاسی، عەلی ئەمین، بە مەشاریقی وت: "هەرچەندە بەرەی نوسرە و رێکخراوە دەستەخوشکەکانی ناویشیان بگۆڕن، لوبنان هەر لە مەترسیی رێکخراوە تێرۆریستیەکاندا دەمێنێتەوە بەهۆی دەستێوەردانی حیزبوڵڵاوە لە شەڕی سوریادا."

وتی: "دەستێوەردانی حیزبوڵڵا لە سوریادا رەنگدانەوە و مەترسیی جدیی دەبێت بۆ گۆڕەپانی لوبنانی و ناچاریدەکات بە وەڵامدانەوە، بەڵام کەس نازانێت کەی و چۆن یان بە چ شێوازێك دەبێت."

وتیشی ئەو مەترسیەی بەرەی نوسرە و گروپەکانی تری وەك داعش روبەڕوی لوبنانی دەکەنەوە "هەر دەمێنێتەوە تائەوکاتەی کێشەی لوبنانی-سوری بوونی هەبێت".

هەروەها وتی: "کەواتە برینەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هەروەك لە مانگانی پێشوودا تا ئەمدواییانەش، وەردەگێڕدرێت بۆ تەقینەوە و هێرشی خۆکوژی و بەرزبوونەوەی ئاستی روبەڕوبوونەوەکان لەسەر سنوری نێوان لوبنان و سوریا و لەسەر گردەکانی شارۆچکەکانی بیقاع."

ئەمین وتی: "ناتوانرێت بگوترێت کاروبارەکان لە لوبنان باشتربوون." وتیشی هەڕەشەکان لەسەر لوبنان "کەمناکەن تا حیزبوڵڵا دەست لە سوریا وەربدات، کە ئەمەشە بەردەوامی دەبەخشێتە هەڕەشەی بەرەی نوسرە، بە ناوە نوێکەی و رێکخراوە هاوپەیمانەکانیشیەوە، دژ بە ئاسایشی لوبنان و خەڵکەکەی".

عەمیدی خانەنشین، ريتشارد داغر، وتی بەرەی نوسرە عەباکەی گۆڕی بۆئەوەی خۆی لە داعش جیابکاتەوە کە بەربەرەکانیکەرێتی لە سوریادا.

وتی بەڵام چەندیش هەوڵبدات خۆی لە قاعیدە جیابکاتەوە، بەرەی نوسرە هەر هێشتا گروپێکی تێرۆریستیە، چونکە نە گوتارەکەی گۆڕاوە و نە ئایدیۆلۆژیاکەی.

هەروەها وتی هەرچەندە سوپای لوبنان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە شەڕکردن لەگەڵ هەردوو بەرەی نوسرە و داعشدا لەسەر سنور، ئەمە "رێگا لە کەلەبەری ئەمنی ناگرێت، چونکە لوبنان دانەبڕاوە لە هەڕەشەی تێرۆریزم و دەکەوێتە ژێر هێرشی تێرۆریستانەوە."

داغر جەختی لەسەر ئەوە کرد کە هەڕەشە لەسەر لوبنان بەردەوامدەبێت "هەتاکو حیزبوڵڵا بەردەوامبێت لە دەستێوەردان لە شەڕی سوریادا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500