هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تیمەکانی نەهێشتنی مین کار بۆ پاککردنەوەی مەنبیج دەکەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" دەرکرا، ژیان هێدی هێدی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەنبیجی سوریا. [خاوەنی وێنە: ئەیهام عیسا]

دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" دەرکرا، ژیان هێدی هێدی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەنبیجی سوریا. [خاوەنی وێنە: ئەیهام عیسا]

لەوەتەی هێزە رزگارکەرەکان "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان لە شاری مەنبیجی باکوری سوریا دەرکردووە، تیمە ئەندازیارییەکان کاردەکەن بۆ لابردنی بڕێکی زۆر لە مین و بۆمبی چێنراو کە ئەو گروپە جێیهێشتووە.

ئەندامانی تیمی پاککردنەوەی مین سەر بە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج (MMC) وتیان داعش بۆمبی دەستکرد و بۆمبی چێنراویان لە سەر رێگە و کێڵگە و ماڵی خەڵکیشدا چاندووە.

ئەندامانی تیمەکە دەڵێن بۆمبی دەستکردی شاراوەیان پاککردۆتەوە کە لە مەنجەڵ و تاوە، سەلاجە و ئامێری شوشتن، لەسەر جێ و قەنەفەی ماڵانیش دانرابوون، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەم ئامێرانە بە مەبەستی زیاندان لە مەدەنییەکان دانراون.

سینان قامیشلۆ کە بەڕێوەبەری تیمێكی نەهێشتنی مینە لە مەنبیج وتی لە پاککردنەوەی شارەکەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج و هێزە رزگارکەرەکانی دیکە ژمارەیەك عەمباری داعشیان دەستبەسەرداگرتووە کە مین و بۆمبی دەستکردیان تێدابووە.

بە دیارونای وت بۆمبە دەستکردەکان بە بزمار و پارچە ئاسنی تیژ تەنرابوون.

وتی "ئامێرەکان بەئاشکرا ئامادەکرابوون بچێنرێن،" و کە ئەو "خێراییەی هێزە [رزگارکەرەکان] پێشڕەوییان پێکرد دەبێت رێگربووبێت لە چاندیان."

وتی هەمان ئەو عەمبارانە بە سەدان کیلۆگرام لە مادەی کیمیاوییان تێدابوو کە بەکاردەهێنران بۆ دروستکردنی تەقەمەنیی، لەگەڵ دەیان پشتێنی بۆمبڕێژکراو کە چەکدارانی گروپەکە لە شەڕدا بەستوویانە.

بەئامانجکردنی مەدەنییەکان

قامیشلۆ وتی بۆمبە دەستکردەکان چێنرابوون بۆ زیاندان لەو خەڵکەی کە ملکەچکردنیان بۆ یاسای داعش رەتدەکردەوە، و "بۆ خاوکردنەوە و رێگرتن" لە پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان.

روونیکردەوە کە بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە، داعش هەوڵدەدات پێشڕەوی هێزە رزگارکەرەکان خاوبکاتەوە، کە پێویستە تایبەتمەندی نەهێشتنی مین و تیمی ئەندازیاریی بنێرن بۆ پاککردنەوەی ئەو رێگایانەی دەیانەوێت بەکاریبهێنن.

چەکداری کەتائیب شەمس ئەلشیمال عەبدولفەتاح نەسرەدین بە دیارونای وت: "تاڕادەیەکی زۆر مەترسییەکان بەردەوامییان هەیە."

وتی ئەمەش زیاتر بەهۆی هەزاران مینەوەیە کە گروپەکە لە شارەکەدا چاندویانە، لە ناوچە دوورەدەست و کەنارییەکانی ئەو هەرێمە، "بەتایبەت بەدرێژایی ئەو رێگایانەی خەڵك بۆ هەڵاتن بەرەو هێزە رزگارکەرەکان بەکاریان دەهێنێت."

وتیشی زۆرێك لە خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکان توشی برینی سەخت، کەمئەندامیی یاخود مەرگ بوونەتەوە لە ئەنجامی ئەو روداوانەی بەهۆی مین و بۆمبی دەستکردەوە روویانداوە.

وتی ئەمانە هەندێكجار وادانراون کە کاتێك دەرگایەك یاخود راخەرێك دەستی لێوە دەدرێت، بتەقنەوە، بە ئاماژەکردن بەوەی لە هەندێك دۆخدا شمەکی ناوماڵ وەك سەلاجە بە بۆمب تەنراون تا بتەقنەوە کاتێ دەرگاکەی دەکرێتەوە.

وتی ناکرێت دڵنیابین لە ژمارەی تەواوی ئەوانەی پەیوەست بە مینەوە مردوون بەهۆی فراوانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا بریندارەکان بەسەر چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری تەندروستییدا دابەشبوون.

وتی: "بەڵام تائێستا لانیکەم 200 بریندار و زیاتر لە 40 مەرگ تۆمارکراون،" بە ئاماژەکردن بەوەی بریندارەکان لە نەخۆشخانە مەیدانی و گەڕۆکەکاندا چارەسەردەکرێن، لەکاتێکدا دۆخە هەستیارەکان بەگشتی نێردراونەتە نەخۆشخانەکانی کۆبانێ.

پاککردنەوەی مین بەردەوامە

نەسرەدین وتی لەنێو بریندارەکاندا منداڵی زۆر هەیە، لەکاتێکدا جەستەی ئەو کەسانەی کە هەوڵیانداوە لە مەنبیج هەڵبێن هێشتا لەنێو کێڵگەکانی نزیك شارەکەدا بڵاوبونەتەوە، لەئێستاشدا ئەستەمە کۆبکرێنەوە چونکە پێکدادانەکان بەردەوامن.

ئەندامی تیمی نەهێشتنی مین مستەفا جەیلان سەر بە یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە هەماهەنگە لەگەڵ نجومەنی سەربازیی مەنبیج، بە دیارونای وت تائێستا تیمە ئەندازیارییەکان زیاتر لە 7,000 بۆمبی دەستکردیان پاککردۆتەوە کە لەلایەن داعشەوە لە مەنبیج و کێڵگەکانی دەوروبەری چێنراون.

بە دیارونای وت بەرزی ژمارەی قوربانیان و بریندارانی پەیوەست بە مین بەهۆی بڕیارێکی داعشەوەیە بۆ چاندنی بۆمب لە شمەکی نێوماڵدا، وەك قۆریی چا و قاوە، یاری منداڵان و راخەر، سەلاجە و ئامێری شوشتن.

وتیشی: "بۆمبی چێنراو لە جێگا و قەنەفەشدا چێنراون بۆ ئەوەی کاتێ لەسەریان دادەنیشیت بتەقنەوە، لەگەڵ بۆمبی چێنراوی هەستیار بە دەنگ."

وتی هێزە ئەمنییەکان و چەندین تیمی ئەندازیاریی کاردەکەن بۆ هۆشیارییدان بەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان دەربارەی مەترسیی مین.

وتی: "بڕیارێك درا بە رێگەنەدان بە گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ ناوچە رزگارکراوەکانیان تا بەتەواوی لە مین و بۆمبی دەستکرد پاکدەکرێنەوە، ئەوکاتەی تیمەکانی نەهێشتنی مین کاری خۆیان تەواو دەکەن."

وتی پرۆسەکە دەکرێت کاتێکی زۆری بوێت بەهۆی ئەوەی ناوچەکە چەندین کێڵگەی تێدایە و شوێنی نیشتەجێبوونیش بە ناوچەیەکی جوگرافیی فراواندا بڵاوبۆتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500