هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش خواردن وەك چەك بەکاردێنێت دژی دانیشتوانی موسڵ

خالید تائی

هێزەکانی عێراق بەشداریدەکەن لە راهێنانێکدا لە بەغدا، لەکاتێکدا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ گرتنەوەی موسڵ، دواهەمین مۆڵگەی سەرەکیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عێراق. [خاوەنی وێنە: سەباح عەرار / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق بەشداریدەکەن لە راهێنانێکدا لە بەغدا، لەکاتێکدا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ گرتنەوەی موسڵ، دواهەمین مۆڵگەی سەرەکیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عێراق. [خاوەنی وێنە: سەباح عەرار / ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسیانی عێراقی بە دیارونایان وت "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستیکردووە بە برسیکردنی دانیشتوانی موسڵ بۆئەوەی فشاریان بخاتەسەر بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانیەوە پاش لەدەستدانی زۆر لە چەکدارانی لە شەڕەکانیدا لەگەڵ هێزەکانی عێراق.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولڕەحمان وەکاع، وتی: "دانیشتوانی موسڵ دەتوانن تەنها یەك ژەم خواردن بەدەستبهێنن لەڕۆژێکدا بەهۆی ئەو هەڵمەتی برسیکردنەی داعش گرتویەتیەبەر بۆ ناچارکردنیان بە چوونەناو ریزەکانیەوە."

وەکاع بە دیارونای وت: "داعش بەمدواییانە زۆر لە ئەندامانی لەدەستداوە لە شەڕدا لەگەڵ هێزەکانمان و سەرچاوە ئابوریەکانیشی بەسەختی لەکەمبوونەوەدان. هەربۆیەش ئێستا هەوڵدەدات لەڕێگای ئەم هەڵمەتە دڕندانەیەوە قەرەبوی دۆڕاندنەکانی بکاتەوە."

وتی گروپەکە نرخی خۆراکی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەرزکردۆتەوە و ئێستا فەردەیەك ئاردی 50 کیلۆیی بە زیاتر لە 100,000 دینار (80 دۆلار) دەفرۆشرێت، فەردەیەك برنج بە هەمان کێش بە 70,000 دینار (60 دۆلار) و لیترونیوێك رۆنی چێشتلێنانیش بە 10,000 دینار (9 دۆلار).

وتیشی: "داعش کۆنترۆڵی نرخەکان دەکات و بەئارەزوی خۆی بەرزیاندەکاتەوە، لەکاتێکدا ئازوقە بە بەلاش یان بە نرخێکی زۆر کەم دەدات بە ئەندامانی خۆی و خێزانەکانیان."

وەکاع وتی بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو فشارە بگرن، دانیشتوان لەماڵەوە سەوزە دەچێنن، لەناو یەکدا خواردن ئاڵۆگۆڕدەکەن و کەلوپەلەکانیان دەفرۆشن بۆ بەدەستهێنانی پارە.

هەروەها وتی: "هەندێك جار بڕێکی کەم پارەیان لە کەسوکاریانەوە لەدەرەوەی موسڵ پێدەگات لەڕێگای حەواڵەی نهێنییەوە کە لە چاودێریی داعش بەدوورن."

وتیشی: "من پەیوەندییم لەگەڵ خەڵكدا هەیە [لەناو موسڵدا] جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێیان باشترە لە برساندا بمرن وەك لەوەی پەیوەندی بکەن بە ریزەکانی تێرۆریستانەوە."

دانیشتوان بەرەنگاریی تاکتیکەکانی داعش دەکەن

سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، غەزوان حەمید، وتی: "دانیشتوانی موسڵ لە ماوەی دوو ساڵی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە، روبەڕووی چەندین جۆر هەڕەشە و سەرکوتکردن و راوەدونان بوونەتەوە."

حەمید بە دیارونای وت: "دواهەمینی ئەو جۆرە خراپکاریانە بەکارهێنانی خواردنە لەلایەن تێرۆریستانەوە وەك هۆیەکی فشارخستنە سەر خەڵك بۆئەوەی ناچاریان بکەن کوڕەکانیان، بەتایبەتی پیاوانی لاو، بنێرن بۆ کەمپەکانی داعش."

وتیشی بارودۆخی مرۆیی لە موسڵدا زۆر سەختە بەهۆی ئابڵوقەی داعش و هەڵسوکەوتیانەوە لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەدا کە چیتر ناتوانن خواردن بکڕن بەهۆی بەرزی نرخ و ئاستی بەرزی بێکارییەوە.

هەروەها وتی: "سەرەڕای رەنج و ئازار، خەڵکەکە رەتیدەکەنەوە لە ریزەکانی تێرۆریستاندا شەڕبکەن، بێ گوێدان بە کردەوە داپڵۆسێنەرەکانی داعش و برسیکردنیان." وتیشی ئەوەی ورەیان پێدەبەخشێت ئەوەیە کە دەزانن هێزە رزگارکەرەکان بەمزوانە دەگەن.

رۆژنامەوان محەمەد تاریق بەیاتی کە لە پارێزگای نەینەوا دەژی و بۆ رادیۆی غەد کاردەکات، وتی داعش برسیکردن وەك هۆیەکی فشار دژی دانیشتوان بەکاردێنێت، بەڵام "هێشتا زەحمەتە بۆیان خەڵکەکە ناچاربکەن" پەیوەندی بکەن بە ریزەکانیانەوە.

بەیاتی بە دیارونای وت: "فشارەکان بەدەگمەن دەرەنجامیان هەبووە، سەرەڕای هەڵمەتەکانی هەڵفریواندن و تاوانکاری و سەرکوتکردن لەلایەن تێرۆریستەکانەوە."

وتیشی موسڵ بەدەست ئیفلیجیی ئابوریەوە دەناڵێنێت لەسایەی دەسەڵاتی داعشدا؛ کار دەگمەنە و ئەوانەش کە دەتوانن کارێك بدۆزنەوە، پارەیەکی کەم وەردەگرن.

هەروەها وتی: "خەڵك دەناسم کە لەوێ رۆژی 10 کاتژمێر کاردەکەن و رۆژانە تەنها 1,000 دینار [کەمتر لە 1 دۆلار] وەردەگرن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

هههههههه

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌