هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش دەستی لە بینی دانیشتوانی رەققە گیرکردووە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کردەوە دوژمنکارانەکانی دژی دانیشتوانی رەققە چڕترکردۆتەوە لەکاتێکدا بەدەست شكسته‌ زۆره‌كانیه‌وه‌ دەناڵێنێت. [خاوەنی وێنە: رەققە بەبێدەنگی سەردەبڕدرێت]

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کردەوە دوژمنکارانەکانی دژی دانیشتوانی رەققە چڕترکردۆتەوە لەکاتێکدا بەدەست شكسته‌ زۆره‌كانیه‌وه‌ دەناڵێنێت. [خاوەنی وێنە: رەققە بەبێدەنگی سەردەبڕدرێت]

دانیشتوانی شاری رەققەی سوری بە دیارونایان وت لە بارودۆخێکدا دەژین کە بەردەوام لە خراپتربووندایە، چونکە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کردەوە تاوانکارەکانی زیاترکردووە پاش دۆڕاندنی لە مەنبیج.

وتیان لەهەمانکاتدا زۆر لە ئەندامانی داعش ناچارکراون خێزانەکانیان بگوێزنەوە بۆ رەققە بەهۆی لەدەستدانی جێگاکانی تر، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر خراپ بووه‌ به‌ هۆی فشاری ئابوری و کەمبوونەوەی خۆراك لە شارەکەدا.

دانیشتویەکی رەققە، ئەمجەد محەمەد، بە دیارونای وت لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رزگارکردنی مەنبیج دەستیپێکرد، فشاری داعش بۆسەر دانیشتوانی شارەکە گەیشتە "ئاستی تەحەمولنەکراو".

وتی: "چاودێری زۆر توندتربووە لە پێشتر، دەیان خاڵی پشکنین دانران لەناو شارەکەدا و بەردەم دەروازەکانیدا، جگە لە چاودێریکردنێکی چڕی کێڵگەکانی دەوروبەری."

وتیشی ئەندامانی داعش فشارێکی سەنگینیان خستۆتە سەر شارەکە و دەستیانکردووە بە هەڵکوتانەسەری هەڕەمەکیی شوێنەکان بەتایبەتی ئەو چاخانانەی ئینتەرنێتیان لێیە؛ خۆیاندەکەن بەژووردا و هاواردەکەن بەسەر هەموواندا کە دەستیان لە هەوادا بەرزبکەنەوە.

هەروەها وتی: "ئینجا دەستدەکەن به‌ پشکنین تا بزانن سەردانکەرانی چاخانەکان چیدەکەن و هەرکەسێك دەستگیردەکەن کە ببینن تەماشای ئەو سایتە هەواڵی یان تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کردبێت کە هەواڵی دژ بە گروپەکەی تێدابێت."

وتی ئەندامانی گروپەکە ‌هەڵدەکوتنە سەر ماڵانیش بۆ گەڕان بەدوای سه‌تەلایتدا کە داعش قەدەغەی کردووە، هەرچەندە سەحنی سه‌تەلایتەکان بەسەر سەربانی ماڵەکانی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیانەوە ماونەتەوە.

کوشتن لە شوێنە گشتیەکاندا

محەمەد وتی هەروەها داعش بەچڕی دەستیکردۆتەوە بە سزادان لەبەردەم خەڵکدا و کوشتن لە گۆڕەپانە گشتیەکانی شاردا.

وتی گروپەکە حەوت کەسی لە مانگێکدا کوشت، یەکێکیان کوڕێکی تەمەن 15 ساڵان بوو بەناوی حارس عەبدوڵڵا مەجید و خەڵکی شاری تەبقە بوو، گروپەکە تاوانباریانکرد بە "هەڵگەڕانەوە" لە ئایین و کارکردن لەگەڵ هێزە رزگارکەرەکان.

وتیشی: "جێگای زۆربەی ئەم کردەوە دڕندانە فولکەی کاتژمێرەکەیە و لەوانەی سەریان پەڕێندرا، محەمەد علێوی و کوڕەکەی، موهەننه‌د، بوون کە بە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان تۆمەتبارکران."

محەمەد وتی ئەو هەواڵانەش راست نین كه‌ دەڵێن گوایا داعش لێبووردنی دەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی هاوکارییان لەگەڵ لایەنەکانی دژ بە گروپەکەدا کردووە.

وتی: "پێدەچێت گروپەکە خۆی لەپشت ئەم هەواڵانەوە بێت، چونکە یەکێك لەوانە بانگەشەی گروپەکە بوو بۆ ئەو دانیشتووانه‌ی تۆمەتبارکرابوون بەو کارانە کە بچن لە بنکەی پۆلیسی ئایینی خۆیان بدەن بەدەستەوە و ددان بنێن بە تاوانەکانیاندا تا لێبووردنەکە بیانگرێتەوە."

وتی تەنانەت ئەگەر ئەمە راستیش بێت، خەڵکی شارەکە بەهیچ شێوەیەک متمانە بەو گروپە ناکەن و هێندە دەبەنگ نابن خۆیان بدەن بەدەستەوە چونکە "دەزانن سزای ئەو جۆرە تۆمەتانە سەربڕینە".

دانیشتوویەکی تری شاری رەققە، وائیل مستەفا، بە دیارونای وت گروپەکە دەستیکردووە بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەوی و دوکانی ئەو دانیشتووانەی لە شارەکە هەڵهاتوون بە بەهانەی ئەوەی هەڵهاتوون بۆ وڵاتی کافران و بە هەڵگەڕاوە لەقەڵەمدەدرێن.

وتی: "باری ئابوری لە شارەکە و لادێکانی دەوروبەریدا زۆر دژوارە، چونکە شمەك نایەتە ناوەوە بەهۆی ئەو شەڕانەوە کە لە زیاتر لە یەك شوێن لەئارادان." وتیشی ئەم دۆخە هێندەی تر دژوار بووە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو ئاوارانەی هاتونەتە ناوچەکەوە.

مستەفا وتی لەئێستادا هەزاران کەسی تریش رژاونەتە ناو شارەکەوە، لەوانە ئەو مەدەنیانە و خێزانەکانی داعش کە لە مەنبیج و دەیر ئەلزور و سویەدا هەڵهاتوون.

ناکۆکیە ناوخۆییەکان

کاسبکارێکی شاری رەققە، حەمەد مەتەر، بە دیارونای وت چەندین گەڕەکی شارەکە ناکۆکییەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە لەنێوان ئەندامانی سوری و بیانیی داعشدا.

مەتەر وتی بۆ نمونە گروپەکە رازینابێت مەیتی کوژراوە سوریەکانی لە بەرەکانی شەڕ بهێنێتەوە، لەکاتێکدا مەیتی شەڕکەرە بیانییەکانی دەهێنێتەوە.

وتیشی: "ناکۆکیی تریش هاتۆتە کایەوە بەهۆی پشتگوێخستنی پزیشکییەوە کە لەکاتێکدا چەکدارە بیانیەکان خزمەتگوزارییەکی تەواوی تەندروستییان هەیە، پێویستیی سوریەکان بە چارەسەری پزیشکی و ئۆپەراسیۆن پشتگوێدەخرێت."

وتی هەروەها ناکۆکی لەو ناوچانەشدا دێتەکایەوە کە دانیشتوان تیایدا چونەتە ریزەکانی گروپەکەوە، چونکە بەتەواوی رێگا لە هەموو هەواڵێك گیراوە و پێدەچێت گروپەکە وازی لەوە هێنابێت هەواڵی مەرگی کوڕەکانیان بە دایکوباوکانیان رابگەیەنێت.

مەتەر وتیشی هەڵهاتن لە شارەکە یەکجار سەخت بووە بۆ دانیشتوانەکەی، چونکە گروپەکە چاودێریی چڕترکردۆتەوە بە دەوراندەوری هەموو ناوچەکەدا.

وتی بەمدواییانە داعش پەلاماری گروپێك لە قاچاخچیانی دا و دووانی لێ دەستگیرکردن و لە ناوەندی شارەکەدا لەتەنیشت مۆزەخانەکەوە کوشتنی بەتۆمەتی بەقاچاخ دەربازکردنی خەڵك لە سنورەکانی "خەلافەت"ی داعش.

وتی هەروەها چەکدارانی داعش دروشمێکیان کرد بەسەر سنگی دەستگیرکراوێکی سێهەمەوە بەناوی عەبدولڕەحیم جابر و لە دوای پیکابێکدا بەشارەکەدا گێڕایان، لەکاتێکدا قاچاخچیەکانی تر دیارنەمان و خەڵك لەو باوەڕەدان بەتەواوی ناوچەکەیان بەجێهێشتبێت.

وتی ئەمەش دواهەمین دەروازەی دەرچوونی بەڕووی رەققەدا داخست.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500