هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئایین

پلانێکی نوێ بۆ بره‌ودان به‌ میانڕه‌وی له‌ وتاری مزگه‌وته‌كانی ئەنباردا

عەلاء حسێن لە بەغدا

سەرۆکی وەقفی سوننی، عەبدوللەتیف هەمیم، پێشنوێژیی رۆژی هەینی دەکات لە مزگەوتێکی پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

سەرۆکی وەقفی سوننی، عەبدوللەتیف هەمیم، پێشنوێژیی رۆژی هەینی دەکات لە مزگەوتێکی پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

بەرپرسانی عێراق پلانێکی نوێیان ئاشکراکرد بۆ ئاراستەکردنی خیتابی ئایینی لە مزگەوتەکانی ئەنباردا بەرەو میانڕەوی، چونکە هەندێکیان وەك مینبەرێك بۆ توندڕەوی و دەمارگیری بەکاردەهاتن ئەوکاتەی لەژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا بوون.

سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی عێراق، عەبدولڕەحمان عەجمان، وتی لیژنەکە بەهاوکاریی وەقفی سونی کار لەسەر رێکخستنەوە و کاروباری ئیداریی مزگەوتەکانی ئەنبار دەکات لە سەردەمی دوای داعشدا.

عەجمان وتی لیژنەکە بەپێی رێنوماییەکانی دەستەی نیشتمانی بۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەرەنگاریکردنی توندڕەوی و تێرۆریزم کاردەکات، کە مانگی تشرینی دووەمی پێشوو لەلایەن پەرلەمانەوە دامەزرا لە هەوڵێکدا بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری میانڕەوی.

وتیشی لیژنەکە کارەکانی خۆی لە ناوچە رزگارکراوەکانی وەك فەلوجەدا دەستپێکردووە بە دەستنیشانکردنی ژمارەیەك مەلای نوێ.

هەروەها وتی وەقفی سوننی کار بۆ ئەوە دەکات رێبگرێت لە گەڕانەوەی ئەو وتارخوێنانەی رێگایان خۆشده‌كرد بۆ ئایدیۆلۆژیای به‌لاداڕۆیشتووی داعش. وتیشی وتارخوێنەکان ناتوانن بگەڕێنەوە هەتاکو پاش لێكۆڵینه‌وه‌ دڵنیا نه‌بن له‌ هەڵوێستی ئایدیۆلۆژییان.

دووبارە تاقیکردنەوەی وتارخوێن و مەلاکان

سەرۆکی وەقفی سونی، شێخ عەبدوللەتیف هەمیم، بە دیارونای وت کە سەرەتای ئەمساڵ وەقفی سونی لێکۆڵینەوەیەکی ئامادەکرد و داوایکرد لیژنەی تایبەتمەندی کارا دابمەزرێنرێت بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی به‌ڕێوه‌بردنی مزگەوتەکان.

هەمیم وتی ئەم لیژنانە ئەنجومەنێکی زانای ئاینییان دەستینیشان دەکەن کە وەك پێشەنگی کاریان دووبارە مەلا و وتارخوێنانی مزگەوتەکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا بپشکننەوە بۆ جیاکردنەوەی ئەوانەی گونجاو و لێهاتوون لەوانەی بیروباوەڕی توندڕەویان بڵاوکردۆتەوە.

وتیشی وەقفەکە خولی راهێنان بۆ مەلا و وتارخوێنەکان سازدەکات لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر و هەروەها لە کوێت و دوبەی بۆ ئاراستەکردنەوەیان بەرەو میانڕەوی.

وتی خولەکانی دەرەوەی وڵات هاوشانی 500 خولی تر لە ناوەوەی وڵاتدا بەڕێوەدەچن کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا سازدەکرێن بەمەبەستی ئاراستەکردنەوەی زیاتر لە 14,000 مەلا و وتارخوێن.

سەرۆکی ئەنجومەنی خێڵەکانی دژ بە داعش، شێخ فەیسەڵ عەسافی، بە دیارونای وت کە قەیرانی دەمارگیری و توندڕەوی لە مزگەوتەکانی ئەنباردا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام حسێن.

وتی ئەو کاتە فەلوجە کە بە شاری مزگەوتەکان بەناوبانگە بوبووە مەڵبەندێك بۆ وتارخوێنی دەمارگیر و توندڕەو کە ئاراستە و بیروبۆچونەکانیان کاریگەرییان هەبوو بۆسەر زۆر لە ئەندامانی ئەم نەوەیەی ئێستا.

عەسافی داوایکرد مزگەوتەکان بگێڕدرێنەوە بۆ دۆخی رەسەنی خۆیان کە مینبەری لێبوردەیی و میانڕەی بوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500