http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/08/23/feature-01

×
×
ئابوری |

بەرنامەیەکی کار لە دیالە یارمەتیی ئاوارە عێراقیەکان دەدات

خالید تائی لە بەغدا

ئاوارە عێراقیەکان روباری خورەیسان لە پارێزگای دیالە پاکدەکەنەوە، وەك بەشێك لە بەرنامەیەکی پارێزگاکە بۆ دابینکردنی کار بۆ ئاوارەکان. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەسماء کەمبەش]

حکومەتی ناوخۆی دیالە کار لەسەر ئەوە دەکات کار بۆ ئاوارەکانی پارێزگاکە دابینبکات وەك بەشێك لە پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ باشترکردنی باری ژیانی ئەو خێزانانەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئاوارەکراون.

ئەندامی لیژنەی رێکخراوەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەسماء کەمبەش، وتی دابینکردنی هەلی کار بۆ خێزانە ئاوارەکان "پێشەنگی یەکەمە".

خاتو کەمبەش بە دیارونای وت: "خەریکی جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی لەم جۆرەین لە دیالە بۆ خستنەسەر کاری ئاوارەکان لە شاری بەعقوبەدا بە هاوکاریی راستەوخۆی دەزگا حکومیەکان و چەندین رێکخراوی جیهانی."

وتیشی: "لە ناوەڕاستی تەمووزدا دەستمانکرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کە کۆمەڵێکی زۆر بەرنامەی کار لەخۆدەگرێت بۆ ئاوارەکان، ژن و پیاو بەیەکسانی، هەروەها بۆ بێکارە لاو و بەتەمەنترەکانیش."

هەروەها وتی: "یەکێك لەو بەرنامانەی دەستمانپێکردووە بە هاوکاریی ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکی، خستنەسەر کاری 289 ئاوارە بوو بۆ ماوەی دوو مانگ بە رۆژانەی 12 دۆلار بۆ هەر ئاوارەیەك بۆ پاکردنەوەی روباری خورەیسان لە شاری بەعقوبە."

کەمبەش وتی: "دوای تەواوبوونی ئەم کارە، دەستدەکەین به‌ کارکردن لە پڕۆژەکانی تردا، وەك نۆژەنکردنەوەی شۆستەکانی ناوەڕاستی شەقامەکان و ناشتنی دارودرەخت لێیان و لە باخچە گشتیەکانیشدا."

وتیشی: "لەم بەرنامەیەدا کاری سوکەڵەش هەیە بۆ گروپە بەتەمه‌نترەکان بە شەفتی کار کە لە پێنج کاتژمێر لە رۆژێکدا تێنەپەڕێت."

راهێنانی کار و قەرز

خاتو کەمبەش وتی حکومەتی ناوخۆی دیالە بەرنامەیەکیشی دەستپێکردووە بەهاوکاریی وەزارەتی کار و لاوان بۆ ژن و کچە ئاوارەکان تا پیشەی وەك درومان و قژبڕین و ئیشی هەویر فێرببن.

وتیشی: "ئەم بەرنامەیە راهێنان بە 25 ژن دەکات بۆ ماوەی سێ مانگ" و کۆمەکی داراییش، وەك قەرزی سوك، دەبەخشێت بەو ژنانەی دەیانەوێت پڕۆژەی کاسبیی پچوك دابمەزرێنن.

وتی ئەم قەرزە لەنێوان پێنج ملیۆن دینار (4,230 دۆلار) تا 25 ملیۆن دینار (21,159 دۆلار)دا دەبێت، بەپێی پێداویستیەکانی پڕۆژەکانیان.

هەروەها وتی بەرنامەی تریش دانراون بەهاوکاریی دەزگا جۆراوجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەشداریپێکردنی دانیشتوان لە پڕۆژەکاندا بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ناوچە ئازادکراوەکان و سودوەرگرتن لە وزەیان بۆ چاکردنەوەی جێگا گشتیەکانی وەك قوتابخانە و نەخۆشخانە و فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان.

کەمبەش وتی: "وەك هەنگاوی یەکەم، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین کار بۆ نزیکەی 11,000 ئاوارە دابینبکەین کە لە بەعقوبە دەژین. وردەووردە ژمارەی ئەو کەسانە بەرزدەکەینەوە کە لە پرۆژەکە سودمەند دەبن."

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە دیالە، هومام تەمیمی، بە دیارونای وت فەرمانگەکەی " ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەموو رێکخراوە مرۆییەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی خێزانە ئاوارەکان و کۆمەکی ئەندامانیان بکات کارێکی گونجاو بەدەستبهێنن".

تەمیمی وتی: "فەرمانگەکەمان هەوڵدەدات کۆمەکی ئاوارەکان بکات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگیری دەرامەت بە بەشداریپێکردنیان لە بەرنامەکانی راهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی و هەروەها بەخشینی قەرزی سوك پێیان بۆ کارپێوەکردنی و دابینکردنی کۆمەکی داراییش بۆ هەژارترینی گروپە کۆمەڵایەتیەکان."

وتیشی: "لەئێستادا هەوڵەکانمان لەوەدا چڕکردۆتەوە کە خێزانە ئاوارە هەژارەکان کۆمەکی دارایی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە. تائێستا لانی کەم 35,000 خێزانی گرتۆتەوە کە بەسەر قەزا و ناحیەکانی دیالەدا دابەشبوون."

هەروەها وتی: "کار لەسەر ئەوە دەکەین ئەم کۆمەکە داراییانە خێزانی زیاتر بگرێتەوە."

کۆمەکی تر پێویستە

سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکان لە پەرلەمانی عێراق، رەعد دەهلەکی، وتی دیالە "پێویستی بە کۆمەکی زیاتری حکومەتە بۆ باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئاوارەکان و ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، تا ئاستی بژێوییان بەرزترببێتەوە".

دەهلەکی بە دیارونای وت پێویستە کار و سەرچاوەی دەرامەت دابینبکرێت بۆ ئاوارە و گەڕاوەکان و هەروەها کۆمەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بکرێن "بۆ نەهێشتنی رەنج و ئازاریان".

داواشی لە رێکخراوە جیهانیەکان کرد تا کۆمەکەکانیان زیاتربکەن لەو ناوچانەدا.

لەهەمانکاتدا، ئەحمەد حازم، 26 ساڵ، کە لەلایەن داعشەوە ئاوارەکرابوو، وتی بەختەوەرە کە دواجار توانیی کارێك پەیدابکات لەڕێگای بەرنامەی خستنەسەر کاری دیالەوە.

وتی: "من بێکار بووم، بەڵام ئێستا لەگەڵ زۆر لە ئاوارەکان کاردەکەم بۆ پاکردنەوەی خورەیسان بە کرێیەکی رۆژانە. دەستمکردووە بە پارەپەیداکردن و یارمەتیدانی خێزانەکەم. هیوادارم لە کارکردن بەردەوام بم و پارەی زیاتر پەیدابکەم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
10

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha