هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق خێزانەکانی ئەنبار لە گەمارۆی داعش رزگاردەکەن

خالید تائی لە بەغدا

دانیشتوانی ناوچەی بەغدادی لە خۆرئاوای ئەنبار تەوقە لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانی عێراق دەکەن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دانیشتوانی ناوچەی بەغدادی لە خۆرئاوای ئەنبار تەوقە لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانی عێراق دەکەن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سوپای عێراق، بە پشتگیریی هێزە خێڵەکیەکانی ئەنبار، بەمدواییانە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ ئازادکردنی 45 خێزان کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە بەشی خۆرئاوای پارێزگاکە گەمارۆدرابوون، بەرپرسانی ناوخۆ وتیان.

سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی بەغدادی، مالەڵڵا بەرزان عوبەیدی، بە دیارونای وت کە رۆژی 13 ئاب هێزە ئەمنیەکان "هێرشێکی رزگارکردنی دەسپێشخەرانە"یان ئەنجامدا.

عوبەیدی وتی :"هێزە ئەمنیەکان راپۆرت و بانگەشەی بەهاناچوونیان لەلایەن دانیشتوانەوە پێگەیشتبوو دەربارەی گەمارۆدانی نزیکەی 45 خێزان لەلایەن داعشەوە لە جێگایەك نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی ناحیەی بەغدادی لە گوندی مەحبوبەدا لە دورگەی بەغدادی."

وتیشی: "لەدەرەنجامدا، یەکە سەربازیەکان و هێزە خێڵەکیەکان دەستبەجێ جوڵان بۆ گواستنەوەی خێزانەکان بۆ جێگای سه‌لامه‌تتر و دەستیانگرت بەسەر ناوچەکەدا بەبێ دانی هیچ قوربانییەك."

وتی داعش خۆی ئامادەکردبوو بۆ هێرشکردنە سەر مەحبوبە و به‌نیازبوو خەڵکی گوندەکە دەستبەسەر بکات بۆئەوەی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت.

هەروەها وتی گروپەکە دەیویست بەم هەنگاوە تەگەرە بخاتە به‌رده‌م هەوڵە سەربازیە بەردەوامەکان بۆ سه‌لامه‌تكردنی دورگەی بەغدادی و گوندەکانی تری ناوچەی هیت.

عوبەیدی وتیشی: "هەماهەنگیەك هه‌یه‌ لە ئاستی باڵادا لەنێوان سوپا و پۆلیس و هێزە خێڵەکیەکاندا بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی داعش بۆ هەڕەشەکردن لە ژیانی هاوڵاتیان یان بەکارهێنانیان وەك بارمتە بۆ کاریگەری خستنەسەر رەوتی ئەو شەڕانەی ئێستا لەئارادان."

جێگری قایمقامی هیت، موهەنەد زەبار، وتی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ دەربازکردنی خێزانەکانی مەحبوبە -- كه‌ نزیکەی 300 کەس ده‌بن، لەناویاندا زۆر ژن و منداڵ -- لەلایەن هێزێکی فیرقەی حەوتی سوپای عێراق و هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە ئەنجامدرا، بە پشتگیریی پیاوانی خێڵەکان.

زەبار بە دیارونای وت: "تێرۆریستەکان ئەو دانیشتوانەیان گەمارۆدابوو، لەوەدابوون هێرش بکەنە سەریان و وەك قەڵغانی مرۆیی دەستبەسەریان بکەن یان کۆمەڵکوژییەك لەدژیان ئەنجامبدەن. بەڵام پەلاماری هێزە ئەمنیەکان خێرابوو، توانییان لەکاتی خۆیدا دەربازیانبکەن."

رێگاگرتن لە دزەکردنی داعش

زەبار وتی: "پاش ئەو سەرکەوتنانەی هێزە ئەمنیەکان لە رزگارکردنی دورگەی خالیدیە بەدەستیانهێنا، ئێستا هەوڵدەدەن دورگەی بەغدادیش بەتەواوی بگرنەوەدەست و لە گوندەکانی باکور و خۆرهەڵاتی هیتەوە دەستیانپێکردووە بەرەوخوار بۆ شارۆچکەی بەروانە لە ناوچەی حەدیسە."

وتیشی پلانەکە ئەوەیە کە مەترسیی دزەکردنی داعش لە هەموو ناوچە رزگارکراوەکان دوربخرێتەوە و گروپەکە بەتەواوی لەناوببرێت.

هەروەها وتی کۆتاییهاتنی چەکدارانی داعش لە ئەنبار "شتێکی حەتمییە"، چونکە "لەهەموو لایەکەوە راودەکرێن و یەك لەدوای یەك گورزیان لێدەدرێت لەسەر دەستی هێزە ئەمنیەکان و پیاوانی خێڵەوە".

ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەحمەد حومەیید شەرقی، وتی ژمارەیەکی تریش ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراون بۆ رزگارکردنی مەدەنیەکان لە پارێزگاکەدا.

شەرقی بە دیارونای وت: "سەرەتای ئەم مانگە هێزە ئەمنیەکان لەکاتی پێشڕەوییاندا بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی دورگەی خالیدیە، ئەلبوبالی، ئەلبوعەلی، جاسم و تەرابیشە، توانییان زۆر خێزانی ئابڵوقەدراو لەدەست داعش دەربازبکەن لە ناوچەکانی شەڕدا."

وتی: "ژیان و سەلامەتیی دانیشتوان لەپێش هەموو شتێکەوەیە لەلای هێزە ئەمنیەکانمان کە ئەمڕۆ گورزی زۆر ئازاربەخش لە تێرۆریستەکان دەوەشێنن و ناوچەی زیاتر و جێگا ستراتیژیەکانی ئەنباریان لەدەست دەردەهێننەوە."

وتیشی بەمدواییانە هێزەکانی عێراق دەستیانگرتەوە بەسەر خاڵی پەڕینەوەی وەلید لەسەر سنوری سوریا کە وەك شاڕێگه‌یه‌كی ژیاریی وابوو بۆ داعش کە بۆ گواستنەوەی چەك و چەکدارەکانی بەکاریدەهێنا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500