هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دوای دەرکردنی داعش، ژیان دەگەڕێتەوە بۆ مەنبیجی سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ژیان گەڕاوەتەوە بۆ باری ئاسایی لە شاری مەنبیجی سوریادا لەوکاتەوەی دوایین چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە شارەکە دەرپەڕێنراون. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات].

ژیان گەڕاوەتەوە بۆ باری ئاسایی لە شاری مەنبیجی سوریادا لەوکاتەوەی دوایین چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە شارەکە دەرپەڕێنراون. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات].

ژیانی ئاسایی گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەنبیجی سوریا لەوکاتەوەی دوایین چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) دەرپەڕێنران لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنێکی ماوەدرێژکراوەدا کە بەشێوەیەکی فەرمی لە 12 ئابدا کۆتایی هات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) و ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج (MMC) بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، هەفتەی رابردوو سەرکەوتوبوون لە رزگارکردنی تەواوی شارێکی باکوری پارێزگای حەلەب، لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنێکدا کە زیاتر لە دوو مانگی خایاند.

بەرپرسان بە دیارونایان وت کە رزگارکردنی مەنبیج سەرکەوتنێکی گەورەیە چونکە هێڵی گەیشتنی پشتگیری بۆ شاری رەققە لە داعش دەبڕێت، کە هێشتا لە ژێردەستی گروپەکەدایە.

بەڵام دوا هەڵمەت بۆ ئازادکردنی شارەکە بۆ چەند رۆژێك دواخرابوو چونکە چەکدارانی داعش بە سەدان مەدەنییان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنا.

دواجار چەکدارانی داعش رێگایان پێدرا بکشێنەوە بەمەرجێك ژیانی مەدەنییەکان بپارێزن، کە بەگەیشتنیان بە جەرابلوس ئازادکران.

خەڵکی مەنبیج و چالاکوانی مافی مرۆڤ، مونیف تائی، بە دیارونای وت سەرەڕای شەڕی سەخت و وێرانکاری، نزیکەی 150,000 دانیشتووی مەنبیج توانییان خۆیان لە شارەکەدا رابگرن، کە سەرەڕای کەمیی شمەك مانەوەیان لە شارەکەدا پێ باشتر بوو.

تائی وتی: "بەدەیان هەزاری تریش بۆ ناوچەکانی تری هاوسێی شارەکە هەڵهاتن کە لەژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوون."

بەکارهێنانی مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی

تائی وتی لە سەرەتای ئابدا هێزە رزگارکەرەکان دەستیان بەسەر نزیکەی 80% ی شارەکەدا گرتبوو، شەڕەکانیش لە "چوارگۆشەی ئەمنی"دا دەکران لە گەڕەکی سارب، کە داعش رێگای لە هەزاران مەدەنی گرتبوو بڕۆن.

وتی بە رێگرتن لە هەڵهاتنیان، گروپەکە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاری دەهێنان بۆ پاراستنی خۆی لە هێرش و بۆردومانی ئاسمانی.

وتی لەهەمانکاتدا بەهەزاران دانیشتوو لە گەڕەکی سەبع بەحرات کە لە سەرەتای شەڕەکەوە ئازدکرابوو، ژیانێکی نیمچە ئاسایی دەژیان. خەڵکی ناوچەکانی تریش کە بڕیاریاندابوو لە شارەکەدا بمێننەوە هاتبوونە ئەوێ.

تائی وتی دواهەمین رۆژەکان بەتایبەتی سەختبوون بۆ مەدەنییەکانی چوارگۆشەی ئەمنی، چونکە بەناو ئۆتۆمبیلەکاندا دابەشکرابوون کە ئەندامانی داعشیان دەگواستەوە بۆ جەرابلوس لە کاروانێکی 500 ئۆتۆمبێلیدا.

وتی: "نزیکەی 3,000 دانیشتوو لەوکاتەدا دوورخرانەوە و دواتر ئازادکران کاتێك گروپەکە گەیشتە جەرابلوس، لەوێش گروپەکە شەش دانیشتوویان بە دەستبەسەریی هێشتەوە بەهۆکاری نادیار."

فەرماندەی مەفرەزەیەکی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج، غەسان ئیبراهیم، بە دیارونای وت شەڕی ئازادکردنەوەی مەنبیج و ناوچەکانی دەوروبەری رۆژی 31 ئایار دەستیپێکرد و رۆژی 12 ئاب کۆتایی هات.

وتی لەو ماوەیەدا هەموو جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامدرا، لەنێویاندا بۆردومانی ئاسمانیی بنکە و پێگەکانی داعش، هێرشی سەربازیی زەمینی و روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ.

ئیبراهیم وتی کێشەی بەکارهێنانی مەدەنییەکان لەلایەن داعشەوە وەك قەڵغانی مرۆیی لە رۆژانی دوایی شەڕەکەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆ ئازادکردنی شارەکە ئاڵۆزکرد، چونکە ژیانی هەزاران مەدەنیی دەخستە مەترسییەوە.

کۆتایی مۆتەکەیەك

ئیبراهیم وتی بە ئازادکردنی شارەکە، هێزەکانی SDF و MMC بەردەوامن لە پاکردنەوەی گەڕەکەکانی شارەکە لە مینی چێنراو و بۆمبی دەسکرد کە لەلایەن داعشەوە بەجێهێڵراون.

دانیشتوویەکی مەنبیج، ئەیهام عیسا، 35 ساڵ، بە دیارونای وت: "هەرگیز خەونم بەوەوە نەدەبینی مۆتەکەی داعش لابچێت یاخود رۆژێك لەڕۆژان کۆتایی بێت."

وتی: "هەستێکی خۆشە کاتێك هەستدەکەیت دووبارە زیندووبویتەوە."

وتی داعش شارەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ داگیرکرد و لەو ماوەیەشدا دانیشتوان بەدەست هەموو جۆرێك نادادوەری و ئەشکەنجە و کوشتنەوە دەیانناڵاند.

وتی: "دواهەمین رۆژەکان مۆتەکەیەکی راستەقینە بوون بۆ دانیشتوان."

عیسا وتی کە لەو ماوەیەدا لە شارەکەدا مایەوە و بەختیش یاوەری بوو کە هێزەکانی SDF چوونە بەشی خۆرئاوای شارەکەوە کە ئەو لەوێ دەژیا، بەمەش فشار لەسەر دانیشتوانی ناوخۆیی کەمبووەوە.

هەروەها وتی دوای ئەوە دانیشتوان تێگەیشتن درەنگ یان زوو تەواوی شارەکە ئازاد دەکرێتەوە، بەمەش رۆحی هاوکاری گەشەیکرد و خێزانەکان شمەکی خواردەمەنییان لەناو یەکدا بەشدەکرد، وەك ئارد، یاخود چێشتخانەی هاوبەشیان دادەنا.

وتی دانیشتوانی مەنبیج سورن لەسەر ئەوەی ژیانی ئاسایی خێرا بگەڕێتەوە و وتیشی ئاماژەکانی گەڕانەوەی ژیان دەستیکردووە بە دەرکەوتن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پێشتر ئازادکرابوون، کە کاری پاککردنەوەی داروپەردوو دەستیپێکردووە و دوکانەکان دەرگاکانیان کردۆتەوە.

تائی وتی لە ئێستادا دۆخی ژیان لە مەنبیج تەحەمول دەکرێت و پێداویستییە بنەڕەتییەکان بوونیان هەیە، هەرچەندە خەڵکەکە هێندە پارەی نیە خەرجی بکات بەهۆی وەستانی چالاکیی ئابوری و کارکردنەوە.

هەروەها بانگهێشتی رێکخراوە مرۆییەکانی کرد کە بەپەلە دەستبەکاربن بۆ یاریدەدانی ئەو خێزانانەی لە بارێکی دژواردا دەژین.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500