هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پرۆسەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە دەستپێدەکات

خالید تائی لە بەغدا

ئۆتۆمبیلی سوتاو لە شەقامەکانی فەلوجە لادەبرێن وەك بەشێك لە هەوڵەکانی حکومەتی ناوخۆ بۆ ئامادەکردنی شارەکە بۆ ئاوارە گەڕاوەکان. [خاوەنی وێنە: قایمقامیەتی فەلوجە]

ئۆتۆمبیلی سوتاو لە شەقامەکانی فەلوجە لادەبرێن وەك بەشێك لە هەوڵەکانی حکومەتی ناوخۆ بۆ ئامادەکردنی شارەکە بۆ ئاوارە گەڕاوەکان. [خاوەنی وێنە: قایمقامیەتی فەلوجە]

بەرپرسانی عێراقی داوا لەو خێزانە ئاوارانە دەکەن کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە فۆرمێکی ئاسایش پڕبکەنەوە بۆ بەخشینی زانیاری دەربارەی خۆیان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیان، بەوتەی بەرپرسانی ناوخۆ کە پلانێکیان دانەوە بۆ پێشوازیکردنی ئاوارە گەڕاوەکان لە مانگی داهاتوودا.

فۆرمی داخوازی بۆ گەڕانەوە دەتوانرێت لەڕێگای ئەم وێبسایتە فەرمیەوە دابگیرێت: www.alfalluja.net

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات عەیفان، وتی فۆرمەکە "زانیاری وردی تێدایە دەربارەی سەرۆکی خێزانەکە، کارەکەی، ناونیشانی پێشووی نیشتەجێبوونیان و جێگای مانەوەی ئێستایان لە ئاوارەییدا، هەروەها بەڵێننامەیەکیش دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ یەکێك لە ئەندامانی خێزانەکە لە دەرەوەی وڵاتە یان هیچ یەکێکیان پەیوەندیی بە رێکخراوە تێرۆریستیەکانەوە هەبووە".

عەیفان بە دیارونای وت کە ئەم فۆرمە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیران داڕێژراوە بۆ دابینکردنی پرۆسەی داخوازیی گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان.

وتی: "کۆمیتەیەکی هاوبەش، پێکهاتوو لە قایمقامی فەلوجە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان، ئەرکی ئەوەی لەخۆگرتووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو داخوازییانە بکات و لە زانیاریە ئەمنیەکانی ئەو خێزانانە دڵنیاببنەوە کە دەخوازن بگەڕێنەوە."

وتیشی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا خێزانەکان دەتوانن دەستبکەن بە گەڕانەوە بۆ شارەکە.

هەروەها وتی: "ئەم گەڕانەوەیەش لەسەرخۆ دەبێت، بە کۆمەڵ کۆمەڵ و لەکاتی دیاریکراودا بۆ هەر کۆمەڵێك." وتیشی هەر یەکێك لە کۆمەڵەکان لەنیکەم 1,000 خێزان لە خۆدەگرێت.

هەزاران فۆرمی داخوازی

جێگری قائمقامی فەلوجە، عیسا سایر، وتی: "ئەم هەفتەیە نزیکەی 10,000 فۆرمی داخوازیمان بەدەستگەیشتووە."

سایر وتی: "پێدەچێت ئەو فۆرمانەی لە ئاوارەکانی ناوچەکانی حەسی و نەساف لە باشوری خۆرئاوای فەلوجە بەدەستمانگەیشتووە، لەمانگی داهاتوودا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و پاشان هەوڵبدرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی پێشوویان."

وتی ئیدارەی ناوخۆ هەموو هەوڵێك دەدات خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان وەگەڕبخاتەوە پێشئەوەی دەستبکرێت بە گەڕانەوەی دانیشووانە ئاوارەکان. ئاماژەی بەوەش دا کە شارەوانی شەقامە سەرەکیەکانی شارەکەی لە داروپەردو و ئۆتۆمبیلە سوتاوەکان و کەرەسەکانی تەقەمەنی پاککردۆتەوە.

وتیشی: "پرۆژەی ئاوی گەڕەکی عەسکەری و پرۆژەی ئاوی کۆنی فەلوجە و دوو پرۆژەی تریش چاککراونەتەوە و کەوتونەتەوە گەڕ بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانە گەڕاوەکان."

هەروەها وتی بەڕێوەبەرێتی کارەباش دەستیکردووە بە خستنەوەگەڕی وێستگەی کارەبای ناوچەی سەقلاویە، دوای دانانی دوو محەویلەی 63 مێگاواتی.

وتی لەپاڵ ئەمانەشدا دەستکراوە بە کاروباری چاککردنەوە لە وێستگەکانی ئاوەڕۆ و هەندێك لەو ژێرخانەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وێرانکراوە، لەوانە "پردی نوێ"ی فەلوجە لە ناوەندی شاردا.

سایر وتیشی: "ئامارگیریی مەیدانییش ئامادەکراوە بۆ دامودەزگا زیانپێگەیشتووەکان تا بەزووترین کات دەستبکرێت بە چاکردەنەوەیان."

هەروەها وتی: "هێزە ئەمنیەکان توانیویانە هەزاران بۆمبی دەسکرد و مینی چێنراو لەلایەن داعشەوە پوچەڵبکەنەوە." وتیشی شارەکە بەڕادەیەکی زۆر ئەمینە و یەکەکانی ئەندازیاریی سەربازی خەریکی پاکردنەوەی رێگاکانی ترن لە تەقەمەنی.

هیوا بە گەڕانەوەیەکی خێرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەرحان عوبەیدی، بە دیارونای وت ئەنجومەنەکە هەوڵدەدات گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ فەلوجە خێراتربکات.

عوبەیدی جەختی لەسەر ئەوە کرد کە ئەو فۆرمی ئاسایشە "هەنگاوێکی گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی هیچ یەکێك لەوانەی پەیوەندییان بە باندەکانی داعشەوە هەبووە یان دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سورە، نەگەڕێنەوە."

وتی: "گرنگە کە داخوازیەکان بۆ گەڕانەوە بەشێوەیەکی پیشەیی و وردییەکی زۆرەوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت."

وتیشی لەهەمانکاتدا هەوڵەکان بۆ بیناکردنەوەی فەلوجە بەو پەڕی بێوچانییەوە بەردەوامن.

هەروەها وتی: "ژێرخانی بوارە خزمەتگوزاریە جیاوازەکان پێویستی بە کاتی زیاتر و کەرەسەی زۆرترە بۆ نۆژەنکردنەوەیان. بەڵام فەرمانگەکانی حکومەتی ناوخۆیی شارەکە کار لەسەر چاککردنەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دەکەن بۆ دابینکردنی زەمینەیەك بۆ سەقامگیری و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی بۆ دانیشتوانە گەڕاوەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500