هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شرۆڤەوانان: دەستێوەردانی ئێران ئاگری جەنگی سوریا خۆشدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی حیزبوڵا لە حەلەبی سوریا. پسپۆڕان دەڵێن دەستێوەردانی ئەو گروپە بەپاڵپشتیی ئێران لە ناکۆکیەکانی سوریادا ئاگری شەڕی تایەفەگەرایانەی خۆشکردووە. [خاوەنی وێنە: ساڵح عەفیسی]

چەکدارانی حیزبوڵا لە حەلەبی سوریا. پسپۆڕان دەڵێن دەستێوەردانی ئەو گروپە بەپاڵپشتیی ئێران لە ناکۆکیەکانی سوریادا ئاگری شەڕی تایەفەگەرایانەی خۆشکردووە. [خاوەنی وێنە: ساڵح عەفیسی]

دەستێوەردانی ئێران لە سوریا بەردەوامیی بە ململانێکان داوە، ئاگری پێکدادانی تایەفەگەرانەی خۆشکردووە و رێگای بە گروپە تیرۆرستییەکان داوە دزەبکەنە ناو خاکی سوریاوە، بەمەش باجی جەنگ لەسەر خەڵکی سوریا قورس بووە لەلایەن ژمارەی قوربانیان و زیانی ئابورییەوە، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

توێژەری تایبەتمەند لە کاروباری ئێران لە ناوەندی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە هەرێمی و ستراتیژییەکان، فەتحی سەیید، وتی: "دەستێوەردانی سەربازیی ئێران لە سوریا هەر لە دەستپێکی شەڕەکەوە لە 2011 ئاشکرابوو."

بە دیارونای وت:" کە باس لە دەستێوەردانی ئێرانیەکان دەکەین مەبەستمان لە بەشداریکردنی ئەندامە ئێرانیەکانە یان دەستێوەردانی ئەو میلیشیایانەی هەواداری سوپای پاسدارانی ئیسلامین،" کە دیارترینیان حیزبوڵای لوبنانە.

وتی ئێران کۆمەڵانی شەڕکەری نارد کە پێکهاتبوون لە ئێرانی و نەتەوەکانی دیکەش بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، تەنانەت پێش ئەوەی ململانێکە ببێتە جەنگێکی فرەلایەنە.

سەیید وتی: "بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەمە، سەرەڕای نکوڵیکردنی ئێران و میلیشیاکانی، راگەیاندنی ناوی ئەو ئەندامانەی حیزبوڵا بوو کە لە سوریا کوژرابوون."

نمونەی بەرچاو مەرگی حەسەن عەلی سەماحە بوو لە 2011، یەکێك لە یەکەمین چەکدارانی حیزبەکە کە لە سوریا مرد، پرسەکەشی لە شارۆچکەی کەرەك لە ناوچەی زەحلی خۆرهەڵاتی لوبنان بۆ گیرا؛ هەروەها مەرگی محەمەد حسێن حاجی ناسیف لە 2012، ناسراو بە ئەبو عەباس، یەکێك لە فەرماندە بەناوبانگەکانی حیزبەکە بوو لە سوریا.

حیزبوڵا تا ساڵی 2013 دانی بەوەدا نەنا کە چەکداری لە سوریا هەیە، ئەوەش لە وتارێکدا لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبەکە، حەسەن نەسروڵا، بوو.

سەیید وتی ئەم دەستێوەردانە بەشێوەیەکی بەرچاو بەشدارییکرد لە خراپتربوونی پێکدادانی سوریا.

وتیشی: "ئامانجی سەرەکیی دەستێوەردانی پێشوەختی ئێران روون بوو، کە بریتی بوو لە گۆڕینی بزوتنەوەی [ناڕەزایی] جەماوەریی سوریا بۆ پێکدادانێکی چەکداریی بەسروشت تایەفەگەرا، بە خۆشکردنی ئاگری پێکدادان لەنیوان تایەفەی سوننە لەلایەك و تایەفەی عەلەویی و شیعە لەلایەکی دیکەوە، بەمەش خەڵکی سوریای کردە زیندانیی ئەو جۆرە سیاسەتە."

ئەفسەرەکانی سوپای پاسداران سەرپرشتیاریی ئۆپەراسیۆنەکانی سوریا دەکەن

ئەفسەری سوپای سوریای ئازاد (FSA) ساڵح عەفیسی لە شاری حەلەب وتی: "شەڕی بەردەوام لە ناوچەکانی [سەرتاسەری] پارێزگای حەلەب بەتایبەت شاری حەلەب پشتگیریی بێسنوری ئێرانی دەرخستووە بۆ هێزەکانی سوپای سوریا."

عەفیسی وتی زۆرێك لە بەرەکانی ئێستای شەڕ، وەك بەرەکانی خالیدییە و بەنی زەید لە حەلەب، لەلایەن هێزی سوپای قودسەوە بەڕێوەدەبرێن، کە جموجوڵیان لە بەرەکاندا لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە ئاراستە دەکرێت بەسەرپەرشتیی ئەفسەرانی ئێرانی.

وتیشی ئەم گروپانە لەلایەن چەکدارانی سوپای سوریای ئازادەوە بینراون و زۆریشیان دەستگیرکراون.

عەفیسی وتی: "ئەگەر دەستێوەردانی ئێران و ئەو یەکە سەربازییە بیانییانە نەبوایە کە لەگەڵ خۆیدا هێنانی بۆ شەڕکردن دژی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، سوریا سێ ساڵ لەمەوپێش ئارامیی بەخۆوە دەبینی بەهۆی کۆتاییهاتنی شەڕەکانەوە."

هەروەها وتی لەژێر چاودێری و بەپشتگیریی سوپای پاسداراندا چەندین میلیشیا دروستکران و ئێستا لە چەندین ناوچەی سوریادا جێگیر کراون، لە سنوری لوبنانەوە بۆ ناوچە کەناریەکانی دیمەشق، تا دەگاتە حەمما و حەلەب.

بەگوێرەی عەفیسی ئەوەی جێی سەرنجە، بوونی نەتەوەی دیکەیە، لەنێویاندا لوبنانی، عێراقی، ئەفغانی و پاکستانی.

وتی وەك زانرواوە چەندین گروپی تری سەربە سوپای پاسدارانیش بوونیان لەوێ هەیە، لەوانە گروپە عێراقیەکانی وەك سوپای بەدر، کەتیبەی ئەبو فەزل عەباس و عەسائیب ئەهل ئەلحەق و تەنانەت گروپی یەمەنییش لە نزیک دیمەشقەوە بینراون کە ناویان لەخۆیان ناوە ئەنساروڵا.

پەیوەندیی ئێران بە گروپە تیرۆرستیەکانەوە

توێژەر لە ناوەندی شەرق بۆ توێژینەوە هەرێمی و ستراتیژییەکان، سامی غەیت، وتی: "دەستێوەردانی راستەوخۆی ئێران لە سوریا بوونی گروپە تەکفیری و تیرۆرستییەکانی زیاترکردووە، ئەمەش پاساوێکی داوە بە بوونی ئێران لە سوریا بۆ شەڕکردن دژی ئەو گروپانەی لە چەندین وڵاتەوە هێناونی."

غەیت وتی: "هەرکەسێك بەوردی چاودێری و تێبینیی دۆخی روداوەکانی سوریا بکات، بڵاوبوونەوەی خێرای گروپە تیرۆستییە جیهانییەکان دەبینێت، بەتایبەتی ئەلقاعیدە، کە هاوکاتن بە بوونی ئەو راپۆرتانەی ئاماژەیان بە دەستێوەردانی ئێران دەکرد."

لەئەنجامدا ئەمە بووە هۆی روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ لەنێوان ئەو گروپانەی لەسەر بنەمای تایەفەگەری دروستبوون.

غەیت وتیشی: "زۆر سەرەداو هەن ئاماژە بە دەستێوەردانی ئێران دەکەن لە سەرەتادا بە پاڵپشتیی چەند ئەمیرێکی ئەلقاعیدە کە لە ئەفغانستانەوە بەرەو ئێران هەڵاتبوون، دواتر چوبوونە عێراق و لەوێشەوە بۆ سوریا."

هەروەها وتی زۆرێك لەوانە لە بەرەی نوسرەدا (ANF) خۆیان بینییەوە، کە لقی سوریای ئەلقاعیدەیە، لەکاتێکدا گروپی دووەم "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دامەزراند.

وتیشی: "بەم کارانە کە پشتگیریی تەواویان بۆ گروپە تیرۆستییەکان دابینکرد و بە هێشتنەوەی دۆخی سوریا بە هەستیاری، ئێران ئەوەی مسۆگەرکرد ململانێکان بەردەوامبن تا دەست نەك تەنها بەسەر سوریادا، بەڵکو بەسەر تەواوی ناوچەکەشدا بگرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500