هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

ناوەندێك لە ئەنبار کۆمەکی منداڵانی ئاوارە دەکات بۆ چارەسەری دەرونی

خالید تائی لە بەغدا

جەبار حەمید، سەرۆکی ناوەندی چارەسەریی کیلۆ-18 بۆ منداڵان لەنێوان کۆمەڵێك منداڵی ئاوارەدا وەستاوە لە کەمپێکی نزیك رەمادی. [خاوەنی وێنە: جەبار حەمید]

جەبار حەمید، سەرۆکی ناوەندی چارەسەریی کیلۆ-18 بۆ منداڵان لەنێوان کۆمەڵێك منداڵی ئاوارەدا وەستاوە لە کەمپێکی نزیك رەمادی. [خاوەنی وێنە: جەبار حەمید]

کەمپی ئاوارەکانی کیلۆ-18 لە نزیکی رەمادی ناوەندێکی خوێندن و چارەسەری بۆ منداڵانی خێزانە ئاوارەکان کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە دەرونیانەی بەهۆی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوچاری بوون.

"ئەم ناوەندە پێکهاتووە لە سێ کەرەڤانەی گەورە لەتەنیشت کەمپەکەوە و پێداویستیەکانی فێربوون و یاری و خزمەتگوزاریی تەندروستی تێدایە و دەتوانێت 350 منداڵ لەخۆی بگرێت لەنێوان تەمەنی 3 بۆ 10 ساڵان،" بەڕێوەبەری ناوەندەکە، جەبار حەمید وتی.

حەمید بە دیارونای وت: " ناوەندەکە لەدەسپێك تەنها خێوەتێکی پچوك بوو."

وتی بەهاوکاریی ئیدارەی رەمادی و رێکخراوە مرۆییە جۆراوجۆرەکان، ناوەندەکە پەرەیپێدرا و خزمەتگوزاریەکانی فێربوون و چارەسەری دەرونی پێشکەش دەکات لەژێر چاودێریی مامۆستای کارامەدا."

هەروەها وتی: "لەڕێگای بیناکردنی ئەم ناوەندەوە دەمانەوێت ئاسەوار و کاریگەرییە دەرونیەکانی تێرۆریزم لەسەر رۆحیەتی منداڵان بسڕینەوە کە بریتین لە راگوێزانی زۆرەملێی و دیمەنەکانی کوشتن و هەڕەشەلێکردن و توندوتیژی کە ئەو کاتە ئەزمونیان کردووە کاتێك داعش دەستی گرت بەسەر ناوچەکانیاندا."

وتیشی ئەم ناوەندە نوێیە لە کەمپی کیلۆ-18 لە رەمادی هەوڵدەدات بناغەیەکی پتەو بۆ منداڵان دابین بکات.

حەمید وتی کارمەندانی ئەم ناوەندە هیوادارن "بتوانن بیرۆکە و هەڵسوکەوتە هەڵەکان راستبکەنەوە و جەخت بکەنەسەر بەها مرۆییە باڵاکانی وەك هاریکاریی دەستەجەمعی، خۆشەویستی بۆ کاری خێرخوازی و بەخشندەیی و راستگۆیی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو نیشانەیەکی دڵڕەقی."

وتیشی: "هەروەها هەوڵدەدەین دەستڕەنگینی منداڵەکان و بەهرە و تواناکانیان پەرەپێبدەین و ئاستی خوێندنیان بەرزبکەینەوە، چونکە ئەوان کرۆکی کۆمەڵگا و ژن و پیاوەکانی سبەینێن. دەبێت گرنگییان پێبدەین تا ببنە تاکەکەسانێك بتوانن خزمەت بە وڵاتەکەیان بکەن."

ژینگەیەکی باشتر بۆ منداڵان

پارێزگاری رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە دیارونای وت: "کردنەوەی ئەم ناوەندە هەنگاوێکە بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی دەرونی و کۆمەڵاتیەتی باشتر بۆ منداڵانی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپی کیلۆ-18 کە هەلێکیان بۆ دەڕەخسێنێت بەسەر ئەو بارودۆخە دژوارەدا زاڵبن کە بەهۆی تێرۆریزمەوە دوچاری بوون."

عەوسەج وتی ناوەندەکە کە بەهاوکاریی یونیسێف (NICEF) کراوەتەوە، تیمێك لە کادێری کۆمەڵایەتی و دەرونی لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی ئەو بەها ئەرێنیانەیان فێربکەن کە "هیچ جێگایەك بۆ توندڕەوی و رق و رەشبینی ناهێڵنەوە کە لە هزر و رۆحی تێرۆریستاندا چەقیبەستووە".

وتیشی کەمپی کیلۆ 18 لەئێستادا نزیکەی 1,350 خێزان لەخۆدەگرێت، زۆربەیان لە گوندەکانی خۆرئاوای رەمادی و هیتەوە ئاوارەبوون.

هەروەها وتی: "منداڵانی کەمپەکە [...] ماوەی دوو ساڵی تەواو لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا ژیاون کە هەوڵیانداوە هەرچی شتی ناشیرین و رەشە لە مێشکی منداڵەکانماندا بیچێنن."

وتیشی: "ئێستاش ئەرکی سەرشانمانە هەموو هەوڵێکمان بدەین بوار بەو منداڵانە بدەین لەگەڵ بیرۆکەی نوێ و عەقڵیەتێکی نوێ و ژیانێکی نوێدا بژین تا بتوانن وڵاتەکەیان بینابکەن و پەرەی پێبدەن."

چەندین قوتابخانە زیانیان پێگەیشتووە یان روخێنراون

عەوسەج وتی: "داعش بەڕادەیەکی زۆر زیانی بە ژێرخانی پەروەردە و خوێندن لە رەمادی گەیاندووە." ئاماژەی بەوەش دا کە 31 قوتابخانە وێرانکراون و 120 ی تریش زیانیان پێگەیشتووە.

وتیشی: "بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) کۆمەکی کردوین پێنج قوتابخانەی زیان پێگەیشتوو نۆژەندبکەینەوە و ئیدارەی ناوخۆییشمان پلانێکی داناوە بۆ دروستکردنی 10 قوتابخانەی کاتیی لە رەمادی پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن."

عەوسەج داوای لە کاربەدەستانی حکومی و رێکخراوە مرۆییەکان کرد تا یارمەتیی ئیدارەکەی بدەن کەرتی پەروەردە لە شارەکەدا بنیات بنێنەوە .

بەڕێوبەری نوسینگەی وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان لە ئەنبار، محەمەد رەشید، وتی: "ئەم ناوەندی فێربوونە لە کەمپی کیلۆ-18 یەکەمین ناوەندە لە ئەنبار بکرێتەوە بۆ چاککاری لە باری دەرونی منداڵانی خێزانە ئاوارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و تواناکانی فێربوونیان."

رەشید بە دیارونای وت: "وەزارەتەکەمان لەلای خۆیەوە کار لەسەر ئەوە دەکات کۆمەك و پشتگیریی هەموو ئەو خێزانانە بکات کە لە کەمپەکەدا دەژین لەڕێگای دابینکردنی پێداویستیەکانی خۆیان و منداڵانیان لە خۆراك و پێداویستیەکانی ژیان و کەلوپەلی کۆمەك و خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری خانوبەرە بۆیان."

وتیشی: "پلانمان هەیە بۆ بەرفراوانترکردنی کەمپەکە تا بتوانێت ژمارەیەکی زیاتر لە خێزانە ئاوارەکان داڵدەبدات، بەتایبەتی کە شەڕەکان بۆ دەرپەڕاندنی ئەندامانی داعش لە دواهەمین مۆڵگەکانیان بەردەوامن."

ئاوارەیەکی عێراقی، 19 ساڵ، بەناوی قاسم دولەیمی کە لە کەمپی کیلۆ 18 دەژی وتی: "دوو منداڵم هەیە دەمەوێت بیاننێرمە ناوەندەکە،" و بڕیاری کردنەوەی ئەم ناوەندەی پێناسەکرد بە "هەنگاوێکی باش".

دولەیمی بە دیارونای وت: "داوا لە حکومەت دەکەم زیاتر گرنگیمان پێبدات و بارودۆخمان باشتربکات و زوو بمانگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500