هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێرشە ئاسمانیەکان داعش دەخەنە گێژاوەوە

حەسەن عوبەیدی لە بەغدا

پۆلیسی عێراق چاودێریی هێڵی پێشەوەی شەڕ دەکات لە نزیك شارۆچکەی فەتحە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا مانگی کانونی دووەم بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی عەجیل و عەلاس. [خاوەنی وێنە: ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسی عێراق چاودێریی هێڵی پێشەوەی شەڕ دەکات لە نزیك شارۆچکەی فەتحە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا مانگی کانونی دووەم بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی عەجیل و عەلاس. [خاوەنی وێنە: ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان لە سەرچاوەکانی داهاتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەدەن، ئەم گروپە پەنادەباتە بەر رێوشوێنی نائومێدانە و ناجێگیر بۆ مانەوەی، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

وتیشیان هەندێك لەو رێوشوێنانە بریتین لە فرۆشتنی تەلی مس کە لە هێڵەکانی تەلەفۆن دەریدەهێنن یان بەزۆر لێسەندنی سەرانە لە دوکانداران.

لە مانگی کانونی یەکەمەوە بۆردومانەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەکانی پارەپەیداکردنی داعش دەکەنە ئامانج کە بریتین لەو کێڵگە نەوتییانەی عێراق و سوریا کە ئەم گروپە بەنایاسایی نەوتەکەیان دەردەهێنێت و دەیفرۆشێت، هەروەها ئەو تۆڕانەی قاچاخ کە لەڕێگەیانەوە شوێنەوارە دزراوەکان دەفرۆشێت.

بەهۆی ئەوەی پڕقازانجترین ئۆپەراسیۆنەکانی لەژێر بۆردوماندایە، داعش ناچاربووە رێگای تر بدۆزێته‌وه‌ بۆ پەیداکردنی پارە بۆ چالاکیە تێرۆریستیەکانی و موچەی چەکدارانی.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان رۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە وەستاندنی زیاتر لە 90% قاچاخچێتیی نەوتی داعش و فرۆشتنی بە باندەکانی سەر سنورەکان.

ناوبراو وتی داعش نەوتی لە کێڵگەی وەرد لە سوریا و کێڵگەکانی گەیارە و نەجمە لە نەینەوا و عەجیل لە سەڵاحەدین دەردەهێنا و لە بازاڕی رەشدا دەیفرۆشت و لەمەش مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت.

وتی عەجیل لەدەست ئەم گروپە رزگارکراوە و هیچ سودێکیش لە کێڵگەکانی تر نابینێت، چونکە فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان لە تەنکەرەکانیان دەدەن و ئەمەش داعشی ناچارکردووە واز لە قاچاخچێتیی نەوت بهێنێت.

وتیشی دزین و بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت بەو تۆڕانەی هاوکاری لەگەڵ داعش دەکەن لە کێڵگەکانی تری عێراق و سوریاشدا راوەستاوە.

هەروەها وتی نزیکەی 500 تەنکەری نەوت کە لەلایەن ئەم گروپەوە بەکاردەهێنران لە هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیدا تێکشکاون و زۆربەی ئەو رێگایانەش کە بەکاریاندەهێنا بۆ گواستنەوەی، تەقێنراونەتەوە و ئیتر ناتوانێت سودیان لێوەربگرێت.

گەڕانی نائومێدانە بەدوای پارەدا

عەمید یەحیا وتی لەگەڵ کەمبوونەوەی خێرای سەرەکیترین لێشاوی دەرامەتی، داعش ناچاربووە بە گەڕان بەدوای رێگای تردا بۆ پەیداکردنی پارە.

وتی لەو رێگایانەش سەندنی سەرانەیە لە جوتیار و بازرگانە بچوکەکان و خاوەنی ئەو دوکانانەی سەوزەومیوە یان کەلوپەلی ناوماڵ دەفرۆشن و تەنانەت لە دەستگێڕەکانی سەر جادەش. هەروەها لە دەرمانخانه‌ و عه‌یاده‌ و پزیشكەکانیش.

هەروەها وتی ئەم گروپە بە زۆر زەکاتیش لە دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەستی دەسەنێت و بەڵێنیان پێدەدات کە بیداتە هەژاران، بەڵام لەڕاستیدا نایدات.

هەروەها ماڵوموڵکی ئەو هاوڵاتیانە زەوتدەکات و دەیفرۆشێت کە بە "لەئایین هەڵگەڕاوە (مورتەد)" لەقەڵەمیان دەدات، لەناویاندا ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان و پارتە سیاسیەکان و دەزگا حکومیەکان و لەپاڵیشیاندا مەسیحی و یەزیدی و ئەندامانی ئایینزاکانی تر.

عەمید یەحیا وتی ئەم گروپە "بەئاشکرا دزی دەکات و مامەڵە لەسەر بەردانی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانفڕێنێت و داوای بڕێکی زۆر پارە دەکات کە دەگاتە 50,000 دۆلار بۆ هەر قوربانییەکی زیندوو، 1,000 دۆلاریش بۆ ئەو تەرمانەی دەیانداتەوە بە خێزانەکانیان تا بەشێوەیەکی گونجاو بنێژرێن نەوەك لەسەر شەقامەکان فڕێبدرێن".

وتی: "پەنابردنی داعش بۆ ئەم سەرچاوە قێزەونانە بەڵگەیەکی ترە بۆ خراپتربوونی بارودۆخی ناوخۆیان." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە گروپەکە "وەك کۆمەڵێك چەتە هەڵسوکەوت دەکەن و ساختەیی 'خەلافەت'ەکەیان دەردەخەن".

وەزیری کارەبای عێراق، قاسم فەهداوی، بە دیارونای وت: "راووڕوتەکانی داعش لە چەندین ناوچەی عێراقدا گەیشتۆتە ئەوەی کەرەسەی کارەبا بدزن وەك بورجەکان و عەمود و وایەر بۆ دەرهێنانی مس و قوڕقوشمەکەیان بۆ ئەوەی بیفرۆشن کە ئەوە پیشاندەدات بە چ حاڵەتێکی خراپ گەیشتوون."

داڕمانی دارایی داعش

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەریق روکن نەجمەدین جبوری، بە دیارونای وت بارودۆخی دارایی داعش بەخێراییەکی باوەڕپێنەکراو لە داڕماندایە.

جبوری وتی ئێستا هەندێك لە ئەندامانی گروپەکە موچەیەکی مانگانە وەردەگرن کە کەمترە لە 500 دۆلار، لەکاتێکدا ساڵی پار زیاتر لە 1,500 دۆلاریان وەردەگرت.

وتیشی ئەو کارگانەی گروپەکە تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی تیادا دروستدەکردن ژمارەیان کەمبۆتەوە هەم بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان و هەم بەهۆی بێتوانایی گروپەکە خۆی بۆ بەردەوامیپێدانیان.

وتی لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو پڕوپاگەندەیەی گروپەکە هەر رۆژ نا رۆژێك دەیکرد دەربارەی دابەشکردنی خواردن بەسەر هەژاراندا، لەوکاتەوەی سامانەکانی کەمبۆتەوە، ئەویش نەماوە، هەرچەندە ئەمە بەشێکی گرنگی هەوڵەکانی بوو بۆ راکێشانی خەڵك بۆناو ریزەکانی.

شیکه‌ره‌وه‌ی ئەمنی و شارەزای بواری گروپە توندڕەوەکان، فوئاد عەلی، وتی سەرچاوەکانی داهاتی داعش لە نەماندان و لە چەند مانگی داهاتوودا موسڵ و شارە عێراقیەکانی تری ژێردەستیان رزگاردەکرێن.

ناوبراو بە دیارونای وت کە بەمزوانە ئیتر سەرانە و دزینی پارەی خەڵك نامێنێت و سەرچاوە داراییەکانی تریشیان لەبەردەستدا نامێنێت.

وتی: "هەوڵدەدەن بەهەر رێگایەک بێت هێزی خۆیان بگێڕنەوە، پارە دەدەن و لەهەمانکاتیشدا ژێرخانەکەیان لەدەست دەدەن." ئاماژەی بەوەش دا کە "هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ وەستاندنی گروپەکە خەریکە بەرهەمی دەبێت.

وتیشی دەبێت بەغدا هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی گشتی دەستپێبکات بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەستی داعش بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کە پارە نەدەن بە گروپەکە و هیچیان لێ نەکڕن و هەروەها بە پارە پاداشتی "هەر دانیشتویەك بکەن کە زانیاری دەربارەی سەرچاوە شاراوەکانی تریان بدەن بەدەستەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بابەتەکەت دروستە؛ هەمووی راستە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌