هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش مەدەنیەکانی مەنبیج وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کچێکی سوری لە تەنیشت چەند مەنجەڵێکەوە وەستاوە لەکاتێکدا هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (‌HSD) پێشڕەویدەکەن بەرەو شارۆچکەی مەنبیجی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە 23 حوزەیرانی 2016 دا. [دەیلیل سولەیمان / ئاژانسی فڕانس پرێس]

کچێکی سوری لە تەنیشت چەند مەنجەڵێکەوە وەستاوە لەکاتێکدا هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (‌HSD) پێشڕەویدەکەن بەرەو شارۆچکەی مەنبیجی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە 23 حوزەیرانی 2016 دا. [دەیلیل سولەیمان / ئاژانسی فڕانس پرێس]

مەدەنیەکانی شاری مەنبیجی سوری بە دیارونایان وت کە زۆر به‌په‌رۆشن بۆ هەڵهاتن لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندێنێت، لەکاتێکدا هێزەکانی رزگاری لە شارەکە نزیکدەبنەوە.

ئۆپەراسیۆنی دەرپەڕاندنی داعش لەم شارەی رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب دوو مانگێکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج و یەکینە کوردەکانی پاراستنی گەل (YPG و YPJ) شەڕێکی گەرمیان دژی گروپەکە بەرپاکردووە بە پاڵپشتیی هێزە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان.

دانیشتوانەکە دەڵێن لەژێر فشارێکی گەورەی ئەو گەمارۆیەدان کە داعش بەرسەریاندا سەپاندوێتی و بە دیارونایان وت کە ئەم گروپە هەموو دەروازەکانی شارەکەی بۆمبڕێژکردووە و قه‌ناسی داناوە بۆ تەقەکردن لە هەر کەسێك هەوڵی هەڵهاتن بدات بەرەو ئەو ناوچانەی لەژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانەکانیاندان.

فەرماندەی مەفرەزەیەکی سەربە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج، غەسان ئیبراهیم، بە دیارونای وت: "داعش بەدڕندانەترین شێوە سەرکوتی خەڵکی مەنبیجی کردووە لەوکاتەوەی هەڵمەتە سەربازیەکە دەستیپێکردووە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوریای دیموکرات بۆ رزگارکردنی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری."

ئیبراهیم وتی لەوکاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە، داعش هەموو دەروازەکانی شارەکەی گرتووە بۆ رێگرتن لە دانیشتوانەکەی لە بەجێهێشتن و هەڵهاتن لەو مەترسیانەی لەناو شارەکەدا روبەڕوی دەبنەوە.

وتی: "ئەندامەکانیشی بە هەموو گەڕەکەکاندا بڵاوکردۆتەوە و ماڵ و نەخۆشخانەکانی گۆڕیوە بۆ بنکە و حەشارگەی ئەندامانی، دوای بەجێهێشتنی هەموو خاڵەکانی پێشووی خۆیان."

وتیشی دانیشتوانەکە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن و بۆمبارانی بنکەکانی داعش یان هەڵکوتانە سەریان مەحاڵ دەکات بێئەوەی مەدەنیەکان بخرێنە مەترسیەوە یان بریندارببن و ئەمەش رزگارکردنی شارەکەی دواخستووە و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی خاوکردۆتەوە.

هەروەها وتی ئەمە هێزەکانی سوریای دیموکراتیشی ناچارکردووە پێشڕەویەکانی خاوبکاتەوە بۆئەوەی زیان بە مەدەنیەکان نەگەیەنێت.

ئیبراهیم وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە یەك جار هەوڵیانداوە لەڕێگای سەرۆك خێڵەکانی شارەکەوە رێکەوتنیان لەگەڵ بکەن تا چەکدارانی داعش بکشێنەوە و بەرامبەر بەوە رێڕەوی سه‌لامه‌ت بۆ مەدەنیەکان بکرێتەوە تا لە شارەکە دەربازبن."

وتی: "بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە سەریاننەگرت، چونکە لەلایەن ئەم گروپەوە رەتکرانەوە کە وایان پێباشتربوو مەدەنیەکان گلبدەنەوە تا ماوەی شەڕەکان درێژبکەنەوە."

داعش هەڵهاتوان دەکاتە ئامانج

ئیبراهیم وتی بۆ ئەوەی رێگای دەربازبوون لە مەدەنیەکان بگرێت، داعش گەمارۆی شارەکەی دا و هەموو شەقامە سەرەکی و ناوەندیەکانی گرت تا باشتر کۆنترۆڵی جموجۆڵی دانیشتوانەکە بکات و هەرکەسێك بکوژێت کە هەوڵی دەربازبوون بدات .

وتی گروپەکە سەدان بۆمبی دەسکردیشی چاندووە لە دەشتەکانی دەوروبەری شارەکە و لەسەر رێگاکانی دەربازبوون کە چەندین خەڵکی شارەکەیان بریندارکردووە یان کوشتووە لەکاتی هەوڵداندا بۆ هەڵهاتن.

وتیشی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات هەموو شتێك دەکەن کە لەتوانایاندا بێت بۆ تێبینیکردنی ئەو مەدەنیانەی هەڵدێن تا سەلامەتییان مسۆگەربکەن و بیانگوێزنەوە بۆ ئەو ناوچە ئەمینانەی تیمەکانی تەندروستیی مانگی سوری کوردییان لێیە و لە ئامادەباشیدان بۆ پێشکەشکردنی سەرپەرشتیی تەندروستی پێیان."

هەروەها وتی چەندین خاڵی گردبوونەوە دامەزرێنراوە بۆ دابینکردنی گواستنەوەیان بۆ خاڵە گەورەترەکانی گردبوونەوە و کەمپەکان و پێشەنگی دەدرێت بە نەخۆش و پیر و منداڵ و ئەو کەسانەی بەهۆی بۆمبە دەسکردەکان یان نیشانگرەکانەوە برینداربوون.

وتی دەیان مەدەنیی بریندار بە گوللە و پارچەی بۆمب و موشەکەکان توانیویانە رزگاریان ببێت و خۆیان بگەیەننە ناوچە سه‌لامه‌ته‌كان بەکۆمەکی هەڵهاتووەکانی تر یان هێزەکانی سوریای دیموکرات و جەنگاوەرانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج، لەکاتێکدا هەندێکیش لە دەشتەکاندا ماونەتەوە و چوون بەهانایانەوە زۆر پڕمەترسییە.

وتیشی: "یەکێك لە وروژێنەرترین روداوەکان مردنی دایکێك و رزگاربوونی کچە ساواکەی بوو." هەروەها وتی ژنێکی تر کە لە تەنیشت دایکەکەوە بوو کاتێك کوژرا، منداڵەکەی رزگارکرد.

دانیشتویەکی مەنبیج، مستەفا حەسەن، بە دیارونای وت ئەوانەی هەوڵی دەربازبوون لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش لە مەنبیج دەدەن بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دەبێت لانیکەم 10 کیلۆمەتر ببڕن.

وتی هەڵهاتنەکان بەزۆری لەشەودا رودەدەن لەترسی تەقەی قه‌ناسه‌كانی داعش لە رۆژدا. هەروەها وتی: "ئەم گروپە قه‌ناسی لە سەرتاسەری شارەکە داناوە لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دەستیانپێکردووە تا رێگا لە دایشتوان بگرێت هەڵبێن."

وتیشی: "من سێ رۆژ لەگەڵ خێزانەکەم چاوەڕێی هەلێکی گونجاوم کرد بۆ هەڵهاتن و شەوی چوارەم فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆردومانی بنکەکانی گروپەکەیان کرد و هەلەکەم قۆستەوە و لە ناوچەکە دەرچووین."

وتی دەبوو خێزانەکە چەندین جار بەدرێژایی رێگاکە خۆیان بشارنەوە و لەنیوەی رێگا بە هێزەکانی سوریای دیموکرات گەیشتن و ئەوان لە بەشەکەی تری رێگاکە گواستیاننەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو.

مەدەنیەکان بەکاردەهێنرێن

جوتیارێکی خەڵکی مەنبیج، عوسمان مستەفا، کە بەرەو گوندێکی کۆبانی هەڵهاتبوو، بە دیارونای وت هەوادارانی داعش هەلەکەیان قۆستۆتەوە و مەدەنیەکان بە قاچاخ لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش دەربازدەکەن.

وتی بەرامبەر بەوە 150 دۆلار لە هەر کەسێك وەردەگرن و ئەمەش بەوتەی ئەو بڕێکی یەکجار زۆرە چونکە خەڵکی شارەکە هەژارن و بەزۆری پشتیان بە کشتوکاڵ و مەڕوماڵات بەستووە وەك سەرچاوەی سەرەکیی دەرامەتیان.

وتی چونکە هەموو کاروکاسبییەك وەستاوە، ئەوانەی دەیانەوێت بەهاوکاریی قاچاخچیەکان هەڵبێن، دەبێت ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و تراکتۆرەکانیان بفرۆشن تا ئەو بڕە پارەیە کۆبکەنەوە.

ئەم جوتیارە وتی بارودۆخی ناو شارەکە "زۆر ناهەموارە، چونکە خۆراك و دەرمان لە نەماندایە و نرخەکانیان بەشێوەیەکی بێمانا بەرزبۆتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە نرخی نان لە 15 لیرەی سوریەوە بەرزبۆتەوە بۆ 400 لیرە (0.06 دۆلار بۆ 1.86 دۆلار).

وتی لە زۆربەی حاڵەتدا سەرپەرشیی تەندروستی تەنها بۆ ئەندامانی داعشە کە زۆریان لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا برینداربوون و دابەشکراون بەسەر نەخۆشخانە و تیمارگەکانی شارەکەدا و لەوێ لەناو نەخۆشە مەدەنیەکاندا کەوتوون.

وتیشی: "بەمەبەستی تۆقاندنی مەدەنیەکان، داعش چەندین هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەنجامدا کە سەدان خەڵکی ناوچەکەی گرتەوە."

هەروەها وتی چەکدارانی داعش چەندین كه‌سیشیان کوشت کاتێك هه‌ندێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هەوڵیاندا رێپێوان و خۆپیشاندان رێکبخەن بۆئەوەی رێگایان پێبدرێت لە شارەکە دەربچن و "مەدەنیەکان لە ناوچە مەترسیدارەکان دووربخەنەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500