هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چەکدارانی داعش هەڵدێن لە موسڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئەندامانی سوپا و پۆلیسی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا کۆبوونەتەوە. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی نەینەوا]

ئەندامانی سوپا و پۆلیسی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا کۆبوونەتەوە. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی نەینەوا]

بەرپرسانی عێراق وتیان لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق لە موسڵ، سەرکردە و چەکدارەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستیانکردووە بە چوڵکردنی ماڵەکانیان و بەقاچاخ دەرکردنی خێزانەکانیان لە شارەکە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی یەکشەممە (31 تەمموز) وەزیری بەرگری عێراق، خالید عوبەیدی، وتی سەرکردەکانی داعش و خێزانەکانیان ماڵوموڵکەکانیان فرۆشتووە و لە موسڵ هەڵهاتوون بەرەو سوریا، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق نزیکتردەبنەوە.

عوبەیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەك تەلەفزیۆنی عێراقیە شەوی شەممە وتی هەندێكیشیان هەوڵیانداوە دزەبکەن بۆ هەرێمی کوردستانەوە.

هێزە هاوبەشەکانی عێراق دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە هەڵمەتی گرتنەوەی موسڵدا کە گرنگترینیان رزگارکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی گەیارە بوو لە باشوری شارەکە، کە پێگەیەکی سەربازیی ستراتیژیە و لەژێردەستی داعشدا بوو.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، نورەدین قەبلان، وتی دەستکەوتەکانی سوپای عێراق لە فەلوجە و ناوچەکانی باشوری موسڵ کاریگەرییەکی گەورەیان هەبوو لەسەر ورەی شەڕکەرانی داعش لە موسڵ و بووەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتیان بەسەر شارەکەدا.

قەبلان بە دیارونای وت دانیشتوان زیاتر دەوێرن بەرهەڵستی داعش بکەن و بەئاشکرا دەستیانکردووە بە دەربڕینی بێزارییان لە کردەوە سەرکوتکەرانەکانیان.

وتی ئەمەش دۆخێکی وای خوڵقاندووە کە ئەگەری سەرهەڵدانی راپەڕینێکی جەماوەریی زیاترکردووە لە موسڵ و تەلەعفەر و هەموو ناوچەکانی ژێردەستی داعش.

وتیشی ئاستی هاوکاری و پێدانی زانیاریی هەواڵگری لەنێوان دانیشتوان و سوپادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە لە چەند هەفتەی پێشووەوە و ئەمەش توانای هێزە ئەمنیەکانی بەهێزترکردووە بۆ کردنە ئامانجی پێگەکانی دوژمن.

قەبلان وتی: "ئێستا بیر لە قوتارکردنی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەنەوە، چونکە بەدڵنیایی دەزانن دواکاتژمێریان نزیکبۆتەوە." هەروەها ئاماژەی بەو راپۆرتانە کرد کە دەڵێن ئەندامانی داعش ماڵەکانیان لە موسڵ چۆڵدەکەن.

بەوتەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، داعش دەستیکردووە بە داخستنی ناوەندەکانی حەسبە ("پۆلیسی ئایینی") لەسەرتاسەری شارەکەدا و خزمەتگوزاریەکانی ئینتەرنێتی بڕیوە لەترسی ئەوەی دانیشتوان پەیوەندیبکەن بە هێزەکانی عێراقەوە.

حاڵەتی تێکشکان

بەوتەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، تواناکانی داعش بۆ شەڕکردن و مانۆڕ لە بەرەکانی شەڕدا لە چەند رۆژی پێشووەوە زۆر دابەزیوە، بەبەراورد بە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە 25 ئایار.

بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی: "ئێستا بەرەنگارییان تەواو لاوازبووە."

وتی رزگارکردنی عەوسەج نمونەیەکی باشە کە هێزەکانی عێراق تەنها لە کاتژمێرونیوێکدا چوونەناو گوندەکەوە، بەبەراورد بەوەی چوار مانگ لەمەوبەر چوونەناو هەر گوندێکی باشوری موسڵ لەلایەن سوپاوە پێویستی بە هەشت کاتژمێرێك هەبوو.

ناوبراو وتی: "شەڕەکانی ئەم دواییانە ئەوە پیشاندەدەن کە توانای شەڕکردنی داعش زۆر لاوازبووە، لەکاتێکدا توانای سوپای عێراق زیادیکردووە و ورەی جەنگاوەرەکانیشی لە شەڕێکەوە بۆ شەڕێك لەبەرزبوونەوەدایە."

فەرماندەی جەنگاوەرەکانی خێڵی جبور دژی داعش لە نەینەوا، شێخ خالید جبوری، وتی هۆکاری تێکشکانی داعش ئەو توڕەبوونە جەماوەریەیە کە لەلای دانیشتوانی شارەکە لەدژیان سەریهەڵداوە.

جبوری بە دیارونای وت سەرکردەکانی داعش دەزانن خەڵك چەکیان لەدژ هەڵدەگرن کاتێك هێزەکانی عێراق لە موسڵ نزیکببنەوە. وتیشی ئەم گروپە هیچ بنچینەیەکی پشتگیریی جەماوەریی نیە.

هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە رەنگە گروپەکە تۆڵە لە دانیشتوانەکە بکاتەوە و بیانکاتە بارمتە لەکاتی دۆڕانی شەڕی موسڵدا و داوای لە سوپای عێراق کرد هەموو ئەم هەڕەشانە بە هەند وەربگرن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

درۆی بێتام

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌