هه‌واڵه‌كانی عێراق

لەپاڵ خەمدا، ژیان لە کەڕادە بەردەوامە

عەلاء حسێن / بەغدا

کارمەندانی شارەوانی شەقامەکانی گەڕەکی کەڕادە پاکدەکەنەوە پاش هێرشێك بۆسەر بازاڕێکی قەرەباڵغ لە کۆتایی مانگی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئەمانەی بەغدا]

کارمەندانی شارەوانی شەقامەکانی گەڕەکی کەڕادە پاکدەکەنەوە پاش هێرشێك بۆسەر بازاڕێکی قەرەباڵغ لە کۆتایی مانگی رەمەزاندا. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئەمانەی بەغدا]

هێدی هێدی ژیان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا کە لە رۆژی 3 تەمموزدا پاسێکی پچوکی بۆمبڕێژکراو چەند رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان بازاڕێکی قەرەباڵغی وێرانکرد و سەدان هاوڵاتی کوشت و بریندارکرد.

هێرشەکە کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەرپرسیارێتی راگەیەندرا، کاریگەرترینی ئەم جۆرە هێرشانە بوو لە عێراقدا لەماوەی دە ساڵی رابردوودا لەلایەنی ژمارەی قوربانیەکانەوە کە بەپێی راپۆرتەکان نزیکەی 300 کەس تێیدا کوژران.

ئێستا دوکانەکان دەرگاکانیان کردۆتەوە، دیسان دەنگەدەنگ و پێکەنین لە چاخانەکاندا دەبیسترێتەوە و بۆنوبەرامی خواردنە بەتامەکان لە چێشتخانەکانەوە بەشەقامەکەدا بڵاودەبێتەوە.

"ژمارەیەکی گەورە قوربانی لێکەوتەوە کە زۆربەیان گەنج بوون، بەڵام لەگەڵئەوەشدا دەبێت ژیان بەردەوامبێت،" خاوەنی دوکانێکی جلوبەرگی پیاوانە لە کەڕادە، ئەحمەد عوبەیدی، وتی.

عوبەیدی بە دیارونای وت: "ئەم شەقامە بەهۆی روداوێکی تێرۆریستیی بەسەرچووەوە نامرێت. بەپێچەوانەوە، تەقینەوەکە پەرچەکردارێکی بەهێزی هەبوو کە بووەهۆی هاریکاری و سۆزداری زیاتر بۆ کەڕادە و جێگای تەقینەوەکەی کردە شوێنێکی پیرۆز بۆ خەڵکی بەغدا و پارێزگاکانی تریش."

دوای تەقینەوەکە، شەقامەکە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لەلایەن بەرپرسانەوە داخرا لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەڵام خەڵك و بازرگانانی کەڕادە خۆپیشاندانیان سازدا و داوای کردنەوەی شەقامەکانیان کرد.

ئەحمەد سەلمان، پەرتوکفرۆش لە کەڕادە، وتی: "دەستمانکرد بە خۆپیشاندان لەنزیکی مەیدانی کەهرەمانە لە دەروازەی کەڕادەدا و داوامان لە بەرپرسانی ناوچەکە کرد تا پەلەبکەن لە کردنەوەی شەقامە سەرەکیەکە."

سەلمان بە دیارونای وت: "بەڕاستی خەمبارین بۆ هاوڕێ و خۆشەویستانمان کە لە تەقینەوەکەدا مردن، بەڵام خەم چارەسەر نیە و بەرەنگاریی تێرۆریزم بە چۆکدادان ناکرێت. بەپێچەوانەوە، دەبێت بە سوربوون لەسەر ژیان و خۆشی لەدژیان بوەستینەوە."

هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە

هەر زوو دوابەدوای تەقینەوەکە بەرپرسانی ناوخۆیی تواناکانیان خستەگەڕ بۆ پاکردنەوەی ناوچەکە و لابردنی پاشماوەو داروپەردوو و چاککردنەوەی شوێنەکان بۆئەوەی بەخێرایی دۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە.

بەڕێوبەری پەیوەندیەکان و راگەیاندنی ئەمانەی بەغدا، حەکیم عەبدولزەهرە، وتی: "کاتێك رێوشوێنە ئەمنیەکان و لێکۆڵینەوە کۆتایی پێهات، ئەمانەی بەغدا دەستیکرد بە پاکردنەوەی پاشماوەی تەقینەوە تێرۆریستیەکە."

عەبدولزەهرە بە دیارونای وت یەکێك لە تەحەدا سەرەکیەکان لە ناوچە پێکراوەکە چاکردنەوەی بۆریە زیانپێگەیشتووەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و شۆستە و دورگە تێکشکاوەکانی هاتوچۆیە.

وتیشی ئەمانەی بەغدا داوای لە چەند زانکۆیەك کرد قەوارەی ئەو زیانانە هەڵبسەنگێنن کە بە بیناکان گەیشتوون و ئەگەری ئەوەش کە ئایا باشترە چاکبکرێنەوە یان سەرلەنوێ بنیات بنێرنەوە.

هاریکاریی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی

یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی سەربە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، محەمەد روبەیعی، وتی شەقامە سەرەکیەکەی کەڕادە کراوەتەوە بۆ ئۆتۆمبیل و دیسان لێشاوی هاتوچۆ دەستیپێکرۆتەوە.

روبەیعی وتی هێزە ئەمنیەکان رێوشوێنەکانیان لە دەروازەکانی کەڕادەدا چڕترکردۆتەوە و تیمی سەگی پۆلیسیی راهێنراویان بڵاوکردۆتەوە و کامێرای چاودێریی نوێیان داناوە، جگە لە پشکنینی هەر ئۆتۆمبیلێك کەدەچێتەناو گەڕەکەکەوە.

وتیشی ژیان گەڕاوەتەوە بۆ کەڕادە لەسایەی هاریکاریی نێوان دەزگا حکومیەکان و خەڵکی مەدەنیەوە.

هەروەها وتی: "لەکاتێکدا حکومەت چەندین تیمی سەرپشککردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانپێگەیشتووەکان، سەدان خۆبەخشیش خەریکی کاروبارەکانی چاکردنەوە و بۆیاخکردنەوە و نۆژەنکردنەوەن لە شوێنی تەقینەوەکەدا.

وتی خۆبەخشەکان و بەرپرسانی حکومی تائێستا زیاتر لە 3 ملیار دیناریان بەخشیوە بە کەڕادە کە لە سندوقێکی تایبەتیدا هەڵگیراوە بۆئەوەی دواتر لە کاروباری نۆژەنکردنەوەدا خەرجبکرێت.

لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن

سەرباری هەوڵە ئەرێنیەکان، هاوڵاتیانی عێراقی هێشتا لەدڵەوە توڕەن لە روداوەکە.

روبەیعی وتی: "خەڵکی عێراق بەگشتی و دانیشتوانی کەڕادە بەتایبەتی بە دڵگرانی دەمێننەوە تا ئەوکاتەی تاوانکاران و هاندەران دەگیرێن و سزای دادپەروەرانە دەدرێن."

شیکاری سیاسی عێراقی، غالب شابەندەر، داوای لە حکومەتی عێراقی کرد لێکۆڵینەوەیەکی ئاشکرا و شەفاف و چڕی روداوەکە دەستپێبکات.

شابەندەر کە کوڕەکەی خۆی، رۆژنامەوان عەمار شابەندەر، لە روداوێکی پێشووتردا لە کەڕادە کوژرا، وتی: "ئەو خوێنەی لە کەڕادە رژا شایستەی هەوڵێکی گەورەتری حکومەتە."

ئەنجومەنی دادگای باڵا فەرمانی بە دادگای تاوانی ناوەندیی عێراقی داوە تا لە تەقینەوەکەی کەڕادە تێهەڵبچێتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ لە روداوەکە بکات و بەزووترین کات تاوانباران دەستگیربکات، ئەنجومەنەکە لە بەیانننامەیەکدا رایگەیاند.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500