هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پسپۆڕان: "دیناری ئاڵتون"ی داعش بێبەهایە

وەلید ئەبولخەیر / قاهیرە

پاڵاوگەی نەوتیی سەرەتایی (سوتێنەرەکان) لە حەسەکە بەکاردەهێنرێن بۆ پاڵاوتنی ئەو نەوتەی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" بە بازرگانەکانی ناوخۆی دەفرۆشێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

پاڵاوگەی نەوتیی سەرەتایی (سوتێنەرەکان) لە حەسەکە بەکاردەهێنرێن بۆ پاڵاوتنی ئەو نەوتەی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" بە بازرگانەکانی ناوخۆی دەفرۆشێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستیکردووە بە سەپاندنی دراوی خۆی بۆ هەندێك مامەڵە، وەك فرۆشتنی نەوت، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ئەو هەنگاوە تەنیا هەوڵێکە بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانە داراییە بەردەوامەکانی.

دراوەکە، "دیناری ئاڵتون" وەك گروپەکە ناویدەبات، لە ئێستادا لە هەندێ ناوچەی سوریا و عێراق بەکاردەهێنرێت، بەڵام هیچ بەهایەکی نیە جگە لە بەهای ئەو کانزایەی لێی دروستکراوە، وەك پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ (SOHR) لە 9ی تەمموزدا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت داعش بەکارهێنانی دیناری ئاڵتونی سەپاندووە بەسەر هەموو مامەڵەیەك کە لەگەڵ بازرگانانی نەوتدا دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، داعش هەر دینارێك، کە 4.5 گرامە، بە 190 دۆلار بە دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەفرۆشێت.

داعش لە تشرینی دووەمی 2014دا رایگەیاند کە دراوی خۆی دروستدەکات --بە بەهای جیاواز لە ئاڵتون، زیو و مس -- بۆ بەکارهێنانی لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆی لە سوریا و عێراق، بەڵام تەنیا بەمدواییانە دراوەکان لەڕاستییدا بەکارهێنراون.

ناسر ئەسیوتیی پرۆفیسۆری ئابوریی نێودەوڵەتیی لە زانکۆی قاهیرە وتی دراوەکە "بەهیچ جۆرێك بەهای راستەقینەی بازاڕی نیە لەبەرئەوەی دراوە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان دەرگیریی کۆمەڵێك ستاندەری دارایی و بانکیی تایبەت دەکرێنەوە لەلایەن سیستمی دارایی جیهانییەوە" و هەربۆیە هیچ بەهایەکی نیە جگە لەو کانزایەی لە دروستکردنیدا بەکارهێنراوە.

وتی هۆکاری سەرەکیی ئەوەی داعش ئەو دراوە دەسەپێنێت "تا لەڕێیەوە بتوانێت زۆرترین سیولەی دارای بگوشیت دوای ئەوەی زۆرێك لە سەرچاوە مادییە دەرەکیەکانی و بازرگانیە نایاساییەکانی بڕدران".

ئەسیوتیی بە دیارونای وت بەم کارە گروپەکە "هەوڵی هەژارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی خۆی دەدات لەبەرئەوەی ئاڵتون و ئەو کانزایانەی دیکە کە لە دروستکردنیدا بەکارهێنراون بە تاڵانکاریی بەدەستهێنراون لە [...] بانکە تایبەت و حکومییەکان کە بڕێکی زۆر رشتەی ئاڵتونیان تێدابوو، لەگەڵ ئەو کانزا بەنرخانەی گروپەکە بەڕێگەی جیاواز لە خەڵکی سەندوون".

داعش کۆنترۆڵ لەدەستدەدات

سامی غەیت، توێژەر لە سەنتەری شەرق بۆ توێژینەوە هەرێمیی و ستراتیژییەکان وتی بە سەپاندنی ئەو دراوە لە مامەڵەکاندا داعش دەیەوێت "ئەو وێنایە ببەخشێت کە کاریگەریی گورزە سەربازییەکانی لەسەرنیە کە لە سوریا و عێراق بەریکەوتووە و ئەو پەیامە بنێرێت بۆ پشتیوانانی [...] کە هێشتا بەشێوەیەکی کاریگەر کۆنترۆڵی لەدەستدایە و ئەوە جێبەجێدەکات کە بەڵێنی دابوو، کە جێگرتنەوەی دراوە جیهانییەکانە بە دیناری ئیسلامیی".

غەیت بە دیارونای وت هەرچەندە داعش ساڵێك لەمەوپێش رایگەیاند دراوی خۆی دروستدەکات، ئەو گروپە تا ئەمدواییانە هەنگاوی عەمەلیی نەنابوو بۆ ئەو کارە، دوای ئەوەی ناوچەیەکی فراوانی ژێردەستی خۆی لەدەستدا.

وتی هاندەرێکی تر بۆ سەپاندنی ئەم دراوە لە ئێستادا دەستەبەرکردنی پارەیە بۆ موچەدان، کە پێش نیو مانگ و لەبەر لاوازبوونی سەرچاوە داراییەکانی بڕیبووی.

وتی ناچارکردنی بازرگانانی نەوت بە مامەڵەکردن بە دیناری ئاڵتونەوە لە ئێستادا "تەنیا پێشینەیەکە بۆئەوەی کە بەنیازە بەم نزیکانە بیکات، ئەویش ناچارکردنی هەموو هاوڵاتیانە بۆ بەکارهێنانی دراوەکەی، کە بڕێکی زۆر پارە دەخاتە دەستی [داعشەوە] و جڵەوی توندتر دەکات لەسەر هەموو مامەڵە بازرگانیی و داراییەکان کە لە ناوچەکانی ژێردەستیدا دەکرێن".

قۆرخکردنی بازرگانیی نەوت

وائیل مستەفا، پرۆژەکاری خەڵکی رەققە کە پێی باش بوو ناوێکی خوازراو بەکاربهێنرێت لەبەر ئاسایشی خۆی، وتی گەنجینەی داعش "دیوان" لە رەققە "هەموو دوکانەکانی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی دراوی ئاگادارکردۆتەوە کە دەبێت دیناری ئاڵتونیی داعش بەدەستبهێنن بۆ دابەشکردنی بەسەر بازرگانانی نەوتدا، وەك لە شاری دێرەزور و دەروبەریی رویدا".

مستەفا بە دیارونای وت ئەم دوکانانە دینارێك بە 190 دۆلار دەکڕن و بە 191-197 دۆلار بە بارزگانەکانی نەوتی دەفرۆشنەوە، بە قۆستنەوەی پێویستیی بازرگانەکان بۆ ئەو دراوە و نەبوونیشی بەبڕێکی زۆر.

وتی داعش "بازرگانانی نەوتی ئاگادارکردۆتەوە کە پێویستە دینارەکە لە دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەدەستبێنن و رێی پێنەداون راستەوخۆ لە گروپەکەوە بەدەستبێنن، لە هەوڵێکدا بۆ راکێشانی هاوڵاتیان بۆ کڕینی وەك سەرچاوەیەکی تری قازانج".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500