هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دانیشتوانی موسڵ له‌گه‌ڵ داعش بەشەڕدێن لەگەڵ نزیکبوونەوەی سوپای عێراق

خالید ئەلتائی

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، لیوا نەجم جبوری (ناوەڕاست)، لەگەڵ ئەفسەرانی تری سوپا ئاماژەی سەرکەوتن دەکەن دوای کردنەوەی پردێکی سەرئاوکەوتوو لە گەیارە لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی جبوری]

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، لیوا نەجم جبوری (ناوەڕاست)، لەگەڵ ئەفسەرانی تری سوپا ئاماژەی سەرکەوتن دەکەن دوای کردنەوەی پردێکی سەرئاوکەوتوو لە گەیارە لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی جبوری]

لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق لە دەوروبەری موسڵ نزیکدەکەونەوە، راپەڕینێکی میللی دەستیپێکردووە دژبە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە بەشە جیاوازەکانی شارەکەدا.

بەرپرسانی ناوخۆ رۆژی دووشەممە (18 تەمموز) پشتڕاستیانکردەوە کە بەمدواییانە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژ سەریهەڵداوە لە باشوری موسڵ لەنێوان داعش و سەدان لاوی دژ بە گروپەکە.

بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولڕەحمان وەکاع، یەکەم روداو لە ناوچەی گەیارە بوو کە ژمارەیەك لاو ئاگریان بەردا لە ماڵەکانی ئەندامانی داعش و هەر زوو تەشەنەی سەند بەرەو ناوچەی حەمام عەلیل کە تێیدا روبەڕوبوونەوەی چەکدارانەش رویدا.

وەکاع وتی: "لاوە راپەڕیوەکان ژمارەیەکی زۆر لە تێرۆریستەکانیان ناچارکرد لە شەڕەکە بکشێنەوە."

وتیشی: "کۆنترۆڵی بارودۆخەکە لەدەست داعش دەرچووە کە لەئێستادا لە داڕمانێکی راستەقینەدایە. دەسەڵات و کاریگەریی داعش لەسەر خەڵکی گەیارە و حەمام عەلیل یەکجار زۆر کەمبۆتەوە."

هەروەها وتی خەڵك دەستیانکردووە بە پشتگوێخستنی یاسا و فەتواکانی داعش لە شارەکەدا و "پیاوان دەستیانکردووە بە جگەرەکێشان لە بواری گشتیدا و ئەو جلوبەرگانە لەبەرناکەن کە لەلایەن داعشەوە بەسەریاندا سەپێنراوە. ژنانیش نیقابەکانیان فڕێداوە."

وەکاع وتی پێشڕەویی هێزە ئەمنیەکان لە باشورەوە و گەیشتنیان بە ناوچەکانی دەوروبەری گەیارە خەڵکی هانداوە بۆ چەکهەڵگرتن و راپەڕین دژی داعش.

دانیشتوان تۆڵەدەکەنەوە

ئەندامی ئەمجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەلی خزەیر، وتی ئەم راپەڕینەی خەڵکی گەیارە و حەمام عەلیل "پەیامێکە بۆ پشتگیری و هاوکاری هێزە حکومیەکان کە لە پێشڕەویدان بەرەو رزگارکردنی موسڵ".

خزەیر وتی کاتێك سوپا گەیشتە دەوروبەری شار، دانیشتوان بنکەکانی داعشیان سوتاند و دەستیانکردە شەڕی چەکدارانە لەگەڵ شەڕکەرانی داعش و چەندانیان ناچارکرد بە هەڵهاتن.

وتی داعش "هەموو جۆرێك سەرکوتکردن و چەوسانەوەی دژی دانیشتوان بەکارهێناوە و نزیکەی 5,000 کەسی کوشتووە لە دوو ساڵی رابردوودا هەر بەتەنها لە ناوچەکانی باشوری موسڵ".

وتیشی: "ئەم گروپە تێرۆریستیە چەندین گرتنی بەکۆمەڵ و ئازاردانی دانیشتوانی ئەنجامداوە بۆ هەڕەشەلێکردن و ناچارکردنیان بە چۆکدادان بۆ دەسەڵاتەکەی. ئێستا خەڵکەکە دەیانەوێت تۆڵەبسەننەوە و هێزە رزگارکەرەکان دڵنیابکەنەوە کە بوونی داعش رەتدەکەنەوە و هەموو شتتێك دەکەن بۆ هاوکاریکردنیان بۆ دەرپەڕاندنی ئەندامەکانیان لە ناوچەکانیان."

وتی ئێستا هێزەکانی عێراق لە گوندی حاج عەلی-دان کە تەنها پێنج کیلۆمەتر لە گەیارەوە دوورە و 60 کیلۆمەتریش لە ناوەندی موسڵەوە.

خزەیر نیگەرانیی دەربڕی لەوەی کە رەنگە داعش کردەوەی دڕندانە بکات بۆ داپڵۆسینی راپەڕینەکە و داوای لە هێزەکانی حکومەت کرد خێرا دەستبەکاربن و گروپەکە دەرپەڕێنن.

ئاڵای عێراق لە موسڵ بینراوە

رۆژنامەنوسێکی خەڵکی پارێزگای نەینەوا، محەمەد بەیاتی، کە بەرهەمهێنەر و پێشکەشکەری بەرنامەیە لە رادیۆی غەد، ئاماژەی بەوە دا کە کاریگەریی داعش لە ناوچەی حەمام عەلیل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

بەیاتی وتی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بە من گەیشتوون، ئەندامانی عێراقی و بیانیی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و تەنها ژمارەیەکی کەم ماوەتەوە کە بەزۆری خەڵکی ناوچەکەن."

وتیشی: "ئێستا ئاڵای عێراق بەسەر بینا و ماڵەکانی دانیشتوانەوە دەشەکێتەوە لە بەرچاوی ئەو [چەکدارانەی] داعش کە ماونەتەوە و دەترسن بەگژ توڕەیی دانیشتوانەکەدا بچنەوە."

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعد مەموزینی، وتی تەوژمی توڕەیی و یاخیبوون زۆربەی ناوچەکانی موسڵی گرتۆتەوە و هەر لە گەیارە و حەمام عەلیل نیە.

وتی دانیشتوان دروشمی دژ بە داعشیان لەسەر دیوارەکان نوسیوە و بڵاوکراوە دابەشدەکەن، تیایدا داوا لە دانیشتوانی موسڵ دەکەن لەدژیان راپەڕن.

مەموزینی باسی لە روداوێك کرد کە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە بازاڕێکی گەڕەکی تەئمیمی موسڵدا رویدابوو کاتێك ژمارەیەك لە چەکدارانی داعش دابوویان بەسەر دوکانێکدا بۆ دەستبەسەراگرتنی سەحنێکی ساتەلایت.

وتی: "ژنانی توڕە لە کردەوە سەرکوتکەرەکانی ئەم تێرۆریستانە، لە هەموولایەکەوە ئەندامەکانی داعشیان بەردباران کرد."

مەموزینی بە دیارونای وت: "ئەم روداوە قەوارەی داڕمانی داعش پیشاندەدات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500